مەلایەكی هەولێر پێنج جار ژنەكەی تەڵاق دەدات و مارە بەجاشی دەكاتەوە

:: AM:11:16:22/09/2017 ‌

ژنێك لە سلێمانی دوای ئەوەی لە هاوسەری یەكەمی جیا دەبێتەوە، هاوسەرگیری لەگەڵ مامۆستایەكی ئاینیدا دەكات لە هەولێر، مەلاكە خاوەنی ژن و پێنج منداڵە، ئەو مەلایە پێنج جار لەبەر هۆی جیاواز ژنی دووەمی تەڵاق داوە و بە شێوازی خۆیشی مارەی دەكاتەوە، بەڵام ئێستە بۆ جاری شەشەم دەیەوێ ژنەكە مارەی بكاتەوە، بۆیە داوای لێ كردووە مارە بەجاش بكات.

"هێرۆ" ئەو ژنەیە كە ماوەی چەند ساڵێكە لەگەڵ مەلایەكدا لە هەولێر ژیانی لە نێوان تەڵاقدان و مارەكردنەوەدا بەڕێ دەكات، ئێستە لە بەردەم بڕیارداندایە بۆ ئەوەی جاری شەشەم بگەڕێتەوە بۆ لای مەلای كۆنەمێردی، ئەو چیرۆكی ژیانی لەگەڵ ئەو مەلایەدا بۆ "وشە" دەخاتە ڕوو و بەگوتەی خۆی "پێش ئەوەی هاوسەرگیری لەگەڵ ئەو مەلایەدا بكات، هاوسەرگیرییەكی تری كردووە و جیا بوونەتەوە".

لەبارەی هۆی جیابوونەوەی دەڵێ "هاوسەری یەكەمم هەموو شەوێك بەسەرخۆشی دەگەڕایەوە و هەرچی جنێو و لێدان و سووكایەتییە بەرامبەرم بەكاری دەهێنا".

پاش جیابوونەوە لە هاوسەری یەكەمی، هێرۆ هاوسەرگیری لەگەڵ پیاوێكی ئاینیدا دەكات و دەڵێ، "لەڕێی هاوڕێی براكەمەوە ئەو مەلایەمان ناسی و هات بۆ داخوازیم و شووم پێ كرد".

ئەو پیاوە ئاینییە، ژنێكی تریشی هەیە و سەرەتا هەردوو ژنەكەی لە خانوویەكدا ژیاون و پاش ساڵێك هێرۆ ماڵی جیا كردووەتەوە.

ئەو دەڵێ، "ژیانم لەگەڵ مەلا زۆر ناخۆشتر بوو لە هاوسەری یەكەمم"، ئەوەش بەو هۆیەوە كە چەندان جار لەو ماوەیەدا تووشی جیابوونەوە و دووبارە مارەكردنەوە هاتووە.

هێرۆ گوتی، "رۆژێك لەناو دەستی مەلا بووم و رۆژێك تەڵاق، پاش هەر تەڵاقێك، مەلا دەستی خستووەتە سەر سەرم و گوتوویەتی، بە رەزامەندی هەردوولامان، تۆ ئێستە لەژێر سێبەری مندایت، بەوە دەیكردمەوە بە ژنی خۆی".

ئەو ژنە باس لەوە دەكات كە دووجار دووگیان بووە، لە جاری یەكەمیدا بەهۆی لێدان لەلایەن هاوسەرەكەیەوە، منداڵەكەی لەبار چووە و لە جاری دووەمدا كچێكیان بووە. زیاتر دەڵێ، "لە ماوەی دووگیانبوون و تا لەدایكبوونی منداڵەكەم، سێ جار لەلایەن هاوسەرەكەمەوە تەڵاق دراوم و هەر سێ جارەكەش مەلا دەستی خستووەتە سەر سەرم و دەیگوت، چونكە دووگیانە تەڵاقی ناكەوێ".

دوای لەدایكبوونی منداڵەكەی، هێرۆ بەتاوانی ناپاكیی هاوسەرگیری دەكەوێتە گرتووخانە، خۆی دەڵێ، "پیاوێك هات بۆ بۆیاخكردنی ماڵەكەمان و پەلاماری دام، ئەوكاتەی مەلا بۆ نوێژی نیوەڕۆ چووبووە بۆ مزگەوت".

"وشە" لە بەدواداچوونی دۆسیەی هێرۆدا، توانی قسە لەگەڵ هاوسەرەكەیدا بكات. ئەو كە ئامادە نییە بەهیچ شێوەیەك لەو راپۆرتەدا ئاماژە بە ناوەكەی بكرێت، دەڵێ، "هێرۆ دایكی دوو كچی منە، لەبارەی تەڵاقدان و مارەكردنەوەی، هیچ كات بە ناشەرعی نەمكردووە".

ئەو پیاوە ئاینییە، لەبارەی بە گرتندانی هێرۆ بە تاوانی ناپاكی هاوسەرگیری، ئاماژە بەوە دەكات، "من بەچاوەكانی خۆم ژنەكەمم لەگەڵ پیاوێكدا لە ژووری نوستنەكەی خۆمان بینی، بۆیە گرتن و تەڵاقدانی مافی خۆم بوو".

هێرۆ لەگەڵ ئەو پیاوەدا ماوەی ٤٠ ڕۆژ دەگیرێن، لەو ماوەیەدا مەلا هێرۆ تەڵاق دەدات، بەڵام هەر ئەو ڕۆژەی هێرۆ لە گرتووخانە دێتە دەرەوە، مەلا دەچێت بەدوایدا و ئەو شەوە لە یەكێك لە هۆتێلەكانی هەولێر دەمێننەوە. هێرۆ دووپاتی دەكاتەوە كە هاوشێوەی سێ جاری پێشوو بۆ جاری چوارەم مەلا دەستی خستووەتە سەر سەری و گوتوویەتی "لەم دەقەیەوە تۆ خێزانی منی و لەژێر سێبەری مندایت".

ئەو گەڕانەوەیە تەنیا ئەو شەوەی هوتێلەكە بووە. ئیتر  هێرۆ دەچێتەوە ماڵی باوكی و كچەكەی لە لای ژنی یەكەمی مەلا دەبێت، دوای دوو هەفتە مەلا هەواڵ دەنێرێت بۆ هێرۆ كە بۆ یەكجاری تەڵاقی داوە و كچەكەیشی ناداتەوە، بەڵام دوای ماوەیەكی كورت، مەلا دیسان دەگەڕێتەوە بۆ لای هێرۆ.

هێرۆ باسی گەڕانەوەی مەلا دەكات و ئاشكرای دەكات، "زۆر پێوەندی پێوە دەكردم و دەیگوت من بێ تۆ ناژیم، بە قسەی ئەو لەبەر من لە مەلاژن تۆراوە و دەیەوێت بەدزی هەموو خەڵكەوە لەگەڵ من بژی، بۆیە منیش بێ ئاگەداری ماڵەوە لەگەڵی ڕۆیشتم، هەفتەیەك لە ماڵی مەلایەكی هاوڕێی لە سلێمانی ماینەوە، بۆ جاری پێنجەم منی كردەوە بەژنی خۆی، دوای ئەوە بەجێی هێشتم و پێی گوتم من و تۆ لەبەر زۆر هۆ ناتوانین بەردەوام بین، بۆیە دەبێت جیا ببینەوە".

نزیكی دوو مانگ لەدوای ئەو پێكەوەیەی هێرۆ و مەلا، هێرۆ بۆ جاری دووەم دووگیان دەبێت، بەڵام ناتوانێت بگەڕێتەوە بۆ لای، چونكە ئەمجارە كێشەكەیان دەكەوێتە دادگا و لە دادگا بە ڕەسمی لە یەكتر جیا دەبنەوە، بۆیە ئێستە دوای لە دایكبوونی منداڵی دووەمی، مەلا داوا لە هێرۆ دەكات مارە بەجاش بكەن بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە لای یەكتر، بەڵام هێرۆ رەتی كردووەتەوە.

مەلا لە وەڵامی ئەو گوتانەی هێرۆدا دەڵێ، "مارە بەجاش ڕێیەكی شەرعییە و بۆ تێك نەچوونی ماڵە، منیش نامەوێ دوو منداڵەكەم ژیانیان لێ تێك بچێت، بۆیە دەمەوێ ئەو كارە بكەین".

 وشە/ئیڤان عەبدوڕەحمان




وشە - تایبه‌ت