هۆزە عەرەبەكان پشتگیریان بۆ ریفراندۆم ڕاگەیاند

:: AM:11:23:22/09/2017 ‌

لەگەڵ نزیك بوونەوەی وادەی ئەنجامدانی ریفراندۆم لە ڕۆژی دووشەم 25ـی ئەیلوول بۆسەربەخۆیی كوردستان، هۆزە عەرەبەكانی دوزخورماتوو پشتگیریان بۆ سەربەخۆیی كوردستان ڕادەگەیەنن.

ئەمڕۆ هەینی 22ـی ئەیلوول/ سێپتێمبەر، شێخ عادل عوسمان سەرۆكی ئەنجوومەنی هۆزەكانی دوزخورماتوو كەتەواوی هۆزەكانی كورد و توركمان و عەرەب لەخۆدەگرێت، بە"وشە"ـی راگەیاند، پرسی سەربەخۆیی كوردستان پرسێكی نیشتمانی و نەتەوەییە نەك حزبی، بۆیە سالانێكە لەو پێناوەدا كورد تێدەكۆشێ و خوێنی بۆدەرێژێت، بۆیە وەك ئەنجوومەنی هۆزەكانی دوزخورماتوو پشتگیری دەكەین.

ئەنجوومەنی هۆزەكانی دوزخورماتوو دەڵێت، هۆزەكانی نێو ئەنجوومەنەكە بەجیاوازی بیر و بۆ چوونی نەتەوایەتییەوە پشتگیری لەو پرسە دەكەن و ئەوانیش بۆداهاتوو خوازیارین وەك هاونیشتمانی لەگەڵ كوردا بژین.

شێخ حەسەن نعیمێمی یەكێك لە كەسایەتیەكانی هۆزەكان بە"وشە"ـی ڕاگەیاند، پێداگری لەسەر برایەتی كورد و عەرەب دەكەینەوە بەمافی خەڵكی كوردستانی دەزانین سەربەخۆبن و ئەوانیش وەك هاونیشتمانیەكی كوردستان لەگەڵ برا كوردەكانیاندا بژین.

حەوتی حوزەیران/یۆنیۆی 2017 لە كۆبوونەوەی مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان و حكوومەتی هەرێم و كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان، ڕۆژی 25ی ئەیلوول/سێپتەمبەری وەك ڕۆژی ڕیفراندۆمی كوردستان بۆ "مانەوە یان جیابوونەوە لە عێراق" دیاری كرد. خەڵكی كوردستان لە ناوخۆ و دەرەوە بە تاك و كۆمەڵ بە جۆری جیاواز خۆشحاڵی دەردەبڕن.
گەرمیان / سەبری هۆرینی



وشە - رامیار جەواد