هێزەكانی پۆلیسی فیدراڵی لە بەشی راستی شەرگات لە چوارچێوەی كردەوە گەلی كۆنتڕۆڵكردنەوەی شارۆكەی حەویجە و باشووری رۆژئاوای كەركوك 15 گوندیان كونترۆلكردەوە و ژمارەیەكی زۆری چەكدارانی داعش دەكوژن.
ئەمڕۆ هەینی ٢٢ـی ئەیلوول/ سێپتێمبەر، فەریق رائید جەودەت شاكر فەرماندەی پۆلیسی فیدراڵی عێراق بە "وشە"ـی راگەیاند، لە چوار چێوەی هەڵمەتی یەكەمی ڕزگاركردنەوەی حەویجە، تا ئێستە هێزەكانی پۆلیسی فیدراڵی توانیویانە لە قۆڵی شەرگاتەوە 15 گوند لە تیرۆریستان پاك بكەنەوە.
فەرماندەی پۆلیسی فیدراڵی عێراق دەڵێت، زیانی زۆرمان بە تیرۆریستانی داعش گەیاندووە و 135 تەرمی چەكدارانی داعش ئێستە لە دەست هێزەكانی پۆلیسی فیدراڵیدان، ئەمە وێرای ئەوە 11 ئۆتۆمبێلی بۆمب ڕێژكراوی داعش لەناوبراون، هەروەها ئێستە چەكدارانی داعش بە تەواوی ورەیان شكاوە و لە ڕووی دەروونییەوە داڕووخاون، ئەمەش یارمەتیدەرێكی سەرەكی دەبێ بۆ تێكشكاندنیان بە خێرایی و كۆنتڕۆڵكردنەوەی تەواوی ناوچەكەی دەوروبەری حەویجە.
لەلایەكی ترەوە ئەمڕۆ هەینی ٢٢ـی ئەیلوول/ سێپتێمبەر، هێزەكانی حەشدی شەعبی بە فەرمی دەستپێكردنی بەشی دووەمی قۆناغی یەكەمی گرتنەوەی حەویجەیان لە رۆژئاوای شارەكە راگەیاند و بەپێی پلانی ئامادەكراو، لەو بەشە لە ئۆپراسیۆنەكەدا گوندەكانی سەر بە شارەدێی زابی حەویجە كۆنتڕۆڵ بكرێنەوە.
نەوزاد هلۆری