سبەی دەنگدانی هاووڵاتیانی دەرەوە دەست پێ‌ دەكات

:: PM:12:12:22/09/2017 ‌

بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن و پەیوەندییەكانی كۆمسیۆن ئاشكرای دەكات سبەی شەموو هاووڵاتیانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان كەلە وڵاتانی ئەوروپا دەژین دەتوانن دەنگ بدەن لە ڕێگەی ئەو لینكەی بڵاومان كردۆتەوە.

ئەمڕۆ هەینی 22ـی ئەیلوول/ سێپتێمبەر، شۆڕش حەسەن بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن و پەیوەندییەكانی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و ڕاپرسی لە هەرێمی كوردستان بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، ئەو كەسەی دەنگ دەدەن دەبێت پێشتر هاووڵاتیی هەرێمی كوردستان و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان بێت و تەمەنی لە 18 ساڵ بەسەرەوە بێت.

بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن و پەیوەندییەكانی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و ڕاپرسی دەڵێت، ڕۆژی شەموو ڕۆژانی دواتر 23 و 24 و25ی ئەیلوول ناو تۆماركردن لە رێگەی لینكی  e-voting.krd  لە وێبسایتی كۆمسیۆن دەكرێتەوە و كوردانی دەرەوە دەتوانن دەنگ بدەن.

حەوتی حوزەیران/یۆنیۆی 2017 لە كۆبوونەوەی مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان و حكوومەتی هەرێم و كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان، ڕۆژی 25ی ئەیلوول/سێپتەمبەری وەك ڕۆژی ڕیفراندۆمی كوردستان بۆ "مانەوە یان جیابوونەوە لە عێراق" دیاری كرد. خەڵكی كوردستان لە ناوخۆ و دەرەوە بە تاك و كۆمەڵ بە جۆری جیاواز خۆشحاڵی دەردەبڕن.



وشە - رامیار جەواد