نەجمەدین كەریم بۆ مالیكی خەون دەبێتە ڕاستی

:: PM:12:55:22/09/2017 ‌

پارێزگاری كەركووك وەڵامی نوری مالیكی جێگری سەرۆك كۆماری عێراق دەداتەوە كە ڕای گەیاندبوو كورد خەون دەبینێت ئەگەر بیەوێت لە عێراق جیا ببێتەوە، لە وەڵامدا نەجمەدین كەریم دەڵێت، خەونەكان دەبنە ڕاستی.

ئەمڕۆ پێنجشەم 22ـی ئەیلوول/ سێپتێمبەر، نەجمەدین كەریم پارێزگاری كەركووك ڕای گەیاندووە، هەموویان مافی ئەوەیان هەیە خەونیان هەبێ و هەندێ جاریش خەونەكە دەبێ بە ڕاستی.

پارێزگاری كەركووك دەڵێت، لە دەستووردا ڕێ لە ئەنجامدانی راپرسی لە گەلی كوردستان ناگیرێ تا بڕیار لە چارەنووسی خۆیان نەدات بە تایبەت پاش ئەوەی ئەو گەلە دووچاری پاكتاو نەژادی، بەكارهێنانی چەكی كیمیایی و جیاكاریی بووەتەوە.

نەجمەدین زیاتر دەڵێت، ئێستە كاتەكە بۆ ڕیفراندۆم گونجاوە دوای ڕیفراندۆمیش گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا دەكەین كە پێوەست دەبێ بە جیابوونەوەیەكی ئاشتیانە و گەیشتن بە ڕێككەوتن لەبارەی زۆر پرسی هەڵواسراوەوە.

حەوتی حوزەیران/یۆنیۆی 2017 لە كۆبوونەوەی مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان و حكوومەتی هەرێم و كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان، ڕۆژی 25ی ئەیلوول/سێپتەمبەری وەك ڕۆژی ڕیفراندۆمی كوردستان بۆ "مانەوە یان جیابوونەوە لە عێراق" دیاری كرد. خەڵكی كوردستان لە ناوخۆ و دەرەوە بە تاك و كۆمەڵ بە جۆری جیاواز خۆشحاڵی دەردەبڕن.
سەرچاوە/ شەفەق نیووز



وشە - رامیار جەواد