لەسەرجەم مزگەوتەكانی كوردستان دەنگی سەربەخۆیی بەرز كرایەوە

:: PM:01:07:22/09/2017 ‌


لەسەرجەم مزگەوتەكانی هەرێمی كوردستان ئەمڕۆ دەنگی هاووڵاتیان بۆ سەربەخۆیی كوردستان بەرز كرایەوە و مامۆستایانی ئاینی داوایان لە هاووڵاتیان كرد وەكو ئەركێكی ئاینی و نیشتمانی ڕۆژی 25ـی ئەیلوول بچن دەنگ بە سەربەخۆیی كوردستان بدەن.

ئەمڕۆ هەینی 22ـی ئەیلوول/ سێپتێمبەر، مەلا محەمەد گرەچاڵی وتار خوێنی مزگەوتی پێشەوا بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، وەكو ئەركێكی ئاینی و نیشتمانی پێویستە هاووڵاتیان ڕۆژی دووشەم بچنە دەنگدان و دەنگ بە سەربەخۆیی كوردستان بدەن.

ئەو مامۆستایە ئاینیە دەڵێت، ڕاستە وەزارەتی ئەوقاف ئاگەداری كردینەوە كە وتاری ئەو هەینە بۆ پرسی ڕیفراندۆمە، بەڵام ئەگەر ئەوانیش ئاگەدارییان بۆ نە ناردباین ئێمە ئەو بابەتەمان باس دەكرد، چونكە كاری نیشتمانی لەپێش هەموو شتێكەوەیە.

بەگوێرەی ئەو ئامارەی دەست "وشە" كەوتووە، ئەمڕۆ لە سێ‌ هەزار و 14 مزگەوتی هەرێمی كوردستان وتار خوێنان داوایان هاووڵاتیان كرد كە بەشداری ڕیفراندۆم بكەن و ئاین ڕێگەی پێداون ئەو ئەركە جێبەجێبكەن.

حەوتی حوزەیران/یۆنیۆی 2017 لە كۆبوونەوەی مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان و حكوومەتی هەرێم و كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان، ڕۆژی 25ی ئەیلوول/سێپتەمبەری وەك ڕۆژی ڕیفراندۆمی كوردستان بۆ "مانەوە یان جیابوونەوە لە عێراق" دیاری كرد. خەڵكی كوردستان لە ناوخۆ و دەرەوە بە تاك و كۆمەڵ بە جۆری جیاواز خۆشحاڵی دەردەبڕن.




وشە - رامیار جەواد