ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لەسەر پرسی هەرێمی كوردستان لە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان و رایگەیاندووە كە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لەوانەیە ببێتە هۆی ناسەقامگیری ناوچەكە بۆیە داوای گفتوگۆی نێوان هەولێر و بەغدا دەكات.
ئەمڕۆ هەینی 22ـی ئەیلوول/ سێپتێمبەر، لە راگەیەندراوێكی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی كە هەموو ئەندامانی ئەنجوومەنەكە رەزامەندیان لەسەر دەربڕیووە، نیگەرانی خۆی دەربڕیووە لە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە 25ـی ئەیلوولی ئەو مانگە لە هەرێمی كوردستان ئەنجام بدرێت.
لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، ئەندامانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی نیگەرانی ئەوەن ئەو ڕیفراندۆمەی هەرێمی كوردستان ببێتە هۆی ناسەقامگیری ناوچەكە كە لە قۆناغێكدا كە بەرەنگاربوونەوەی داعش بەردەوامە بڕیارێكی لەم شێوەیە كاریگەری نەرێنی دەكاتە گەڕانەوەی زیاتر لە سێ ملیۆن ئاوارە كە لە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان دەربەدەر بوونە.
لەبەشێكی ڕاگەیەندراوەكە هاتووە، ئەندامانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی داوا دەكەن حكوومەتی ناوەندی و حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە رێگای دانوستان كێشەكانی نێوانیان چارەسەر بكەن.
ئێستە پرسی كورد لەسەر ئاستی جیهان بۆتە بابەتێكی گرنگ و بەشێكی گرنگی كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەكگرتووەكانی جیهان تایبەت بوو بە پرسی ئەنجامدانی ڕیفراندۆمی هەرێمی كوردستان.
حەوتی حوزەیران/یۆنیۆی 2017 لە كۆبوونەوەی مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان و حكوومەتی هەرێم و كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان، ڕۆژی 25ی ئەیلوول/سێپتەمبەری وەك ڕۆژی ڕیفراندۆمی كوردستان بۆ "مانەوە یان جیابوونەوە لە عێراق" دیاری كرد. خەڵكی كوردستان لە ناوخۆ و دەرەوە بە تاك و كۆمەڵ بە جۆری جیاواز خۆشحاڵی دەردەبڕن.