"ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دانپێدانی بۆ سەربەخۆی كوردستان كرد"

:: PM:02:13:22/09/2017 ‌

دوای بڵاوكردنەوەی بەیانی فەرمی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بۆ هەرێمی كوردستان مامۆستایەكی زانكۆ دەڵێت، لەڕووی یاساییەوە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دانپێدانی بۆ سەربەخۆی كوردستان ڕاگەیاندووە، بەڵام عێراق تێناگات.

ئەمڕۆ هەینی 22تی ئەیلوول/ سێپتێمبەر، عەبدولا سەعید مامۆستای زانكۆی كەركووك بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، لەساڵی 1991 كاتێك ناوچەی ئارام بۆ كورد دیاری كرا بوونی ڕاستیەك بوو كە نەتەوەیەك هەیە كوشتاری لێدەكرێت و بڕیار دەرچوو بۆ پاراستنی.

ئەو مامۆستایە دەڵێت، دوای 26 ساڵ جارێكی تر بابەتی یەكەمی ئەنجوومەنەكە كوردە و بەیانی فەرمی لەسەر دەردەكات و دڵنیاش بن دوو كۆبوونەوەی داهاتووی ئەنجوومەن پرسی دەوڵەتی كوردی تەوەری یەكەمی گفتوگۆكان دەبێت و كورد دانپێدانی دەوڵەتانی ناو ئەنجوومەنەكەی بە دەست هێناوە ئەوەی ماوەتەوە كە كاتی ڕاگەیاندنییەتی بۆ سەربەخۆیی.

لە كۆبونەوەی شەوی ڕابردوو ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لە دۆكیۆمێنتەكەی ئەمڕۆیدا بڵاوی كردەوە لەبارەی كوردستان لەگەڵ ئەوە نین ریفراندۆم بكرێ و پشتیوانی بۆ گفتوگۆ دەربڕی.


حەوتی حوزەیران/یۆنیۆی 2017 لە كۆبوونەوەی مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان و حكوومەتی هەرێم و كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان، ڕۆژی 25ی ئەیلوول/سێپتەمبەری وەك ڕۆژی ڕیفراندۆمی كوردستان بۆ "مانەوە یان جیابوونەوە لە عێراق" دیاری كرد. خەڵكی كوردستان لە ناوخۆ و دەرەوە بە تاك و كۆمەڵ بە جۆری جیاواز خۆشحاڵی دەردەبڕن.



وشە - رامیار جەواد