هاووڵاتییانی عەرەب و توركمانی كەركووك پاڵپشتی ریفراندۆمن

:: PM:02:55:22/09/2017 ‌

لە كۆی هەشت حزبی توركمان لە كەركووك پێنجیان بە فەرمی پاڵپشتییان بۆ ریفراندۆم راگەیاندووە مەسیحییەكان بڕیاری بەشداری لە ریفراندۆمیان داوە و بە بەڵێ‌ دەنگ دەدەن.

هاووڵاتییانی عەرەب و توركمان لە كەركووك لە ترسی هەڕەشەی بەشێك لە حزبە سیاسییەكانیان، ناتوانن بە ئاشكرا پاڵپشتی لە ریفراندۆم بكەن و بۆچوونی خۆیان دەرببڕن، لە كاتێكدا چەند كەسایەتییەكی عەرەب و توركمان رای دەگەیەنن، زۆرینەی عەرەب و توركمان بە "بەڵێ‌" دەنگ دەدەن و لەوە دڵنیا بوونەتەوە داهاتوویان لەگەڵ عێراق باش نابێت.

(س. ك) كارگێڕی سەركردایەتی حزبێكی دیاری توركمانییە لە كەركووك، بە"وشە" دەڵێ‌، "لە كۆی هەشت حزبی توركمانی لە كەركووك، تەنیا سێ‌ لایەن دژی وەستاونەتەوە، بەڵام زۆرینەی هاووڵاتییانی توركمان لەگەڵ ریفراندۆم و سەربەخۆیین".

ئەو كە بەهۆی "فشار و هەڕەشەوە" نایەوێت لەم راپۆرتەدا ئاماژە بە ناوەكەی بدرێت، زیاتر گوتی، "پرسەكە لە بەرژەوەندی ئێمەیە و چەندان جاریش لەلایەن بەرپرسانی كورد و پارێزگاری كەركووكەوە دڵنیاییمان پێ دراوە كە مافەكانمان پارێزراو دەبێت دوای ڕیفراندۆم".

دڵسۆز رەزا جێگری بەڕێوەبەری فەرمانگەی كەركووكی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و ڕاپرسی هەرێمی كوردستان بۆ "وشە" باس لەوە دەكات كە بەپێی داتاكانی فۆڕمی خۆراك 927 هەزار دەنگدەر لە كەركووك هەن، لەگەڵ 150 هەزار دەنگدەری ئاوارەی حەویجە، پارێزگای مووسڵ و ئەنبار كە لە حەوت كەمپدا لە كەركووك نیشتەجێ كراون و مافی دەنگدانیان هەیە و بەشداری پرۆسەكە دەكەن.

بەڕێوەبەری نووسینگەی كەركووكی كۆمسیۆن روونی كردەوە، كەركووك 43 بنكەی دەنگدانی فراوانی لەخۆ گرتووە كە ئەو بنكانە تازەن و پێوەندییان بە كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراقەوە نییە.

"وشە" چەندان جار پێوەندی بە یەكێتیی هۆزە عەرەبەكانی كەركووك كرد، بەڵام بەهۆی "بوونی فشارێكی زۆر لە سەریان" ئامادە نەبوون لێدوان بكەن.

محەمەد خورشید بەرپرسی لقی 3ی پارتی دیموكراتی كوردستان، بۆ "وشە"ی روون كردەوە، "هەڵمەتی بانگەشەی ریفراندۆم لە كەركووك بە بەشداری هەموو پێكهاتەكانی شارەكەیە، لە كورد، عەرەب، توركمان و مەسیحی و كۆی پۆستەر و لافیتەكانمان بە چوار زمان ئامادە كردوون".

دووپاتی كردەوە، "هاووڵاتییانی توركمان و عەرەب فشاریان لەسەرە لەلایەن هۆزە گەورەكانیان و بەئاشكرا ناتوانن پاڵپشتی ڕیفراندۆم بكەن، هاوكات هەوڵەكان بەردەوامن لەگەڵ ئەو لایەنانەی لەگەڵ ریفراندۆم نین كە بەشی زۆریان بڕیاری خۆیان نییە و لە سەرووی خۆیانەوە ناچار كراون".

ئەڵماس جاف ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك، بۆ "وشە" ئاماژە بەوە دەكات، "هیچ ئومێدێكمان بە عێراق نەماوە و داهاتوومان لەگەڵ كوردستانێكی سەربەخۆیە، بە گەرەنتیكردنی مافی پێكهاتەكان لە دەستووری كوردستاندا، بەدڵنیایییەوە پاڵپشتی هاووڵاتییانی پێكهاتەكان بۆ ریفراندۆم زیاتر دەبێت".

جاف پێشنیازی ئەوە دەكات، "لە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی كوردستاندا، پارێزگای كەركووك بەشداری بكات".

سیاف كالانی ڕێنوێنیكاری ئاینی ئاشوورییەكانی كەركووك، ئاشكرای دەكات كە نزیكەی 100 هەزار ئاشووری لە سنووری كەركووك بوونیان هەیە و لە دوایین كۆبوونەوەی نێوان گەلی كلدان و ئاشووری بڕیاری بەشداری لە ریفراندۆمیان داوە.

كالانی بۆ "وشە" ئەوەی دركاند، "ئێمە چاوەڕوانین دوای ڕیفراندۆم مافمان نەفەوتێت، چونكە بەردەوام ئاشوورییەكانی عێراق بوونەتە قوربانی دەمارگیری ئاینی و چەندان جار شارۆكە و گوندەكانمان كاول كراون، بۆیە دەمانەوێت شێوازێكی تری دەسەڵات تاقی بكەینەوە".



وشە - رامیار جەواد