ئەمەریكا هۆشداری بە ئەنكەرە و بەغدا داوە
جووڵاندنی هێز دژی كوردستان بە توندی ڕەت دەكاتەوە

:: AM:10:24:23/09/2017 ‌
كاردانەوەكانی توركیا بەرامبەر ڕیفراندۆمی كوردستان بە بڕوای شارەزایان و پسپۆڕان، فشاری ستراتیجی و دوورمەودا نین، چونكە توركیا نایەوێ كوردستان لاواز بێ و نەوتی كەركووك بكەوێتە دەست ئێران، جگە لەوەیش داخستنی سنوور بۆ ماوەیەكی زۆر زیانی گەورە بە ئابووریی توركیا دەگەیەنێت. پێگەیەكی میدیایی ئەمەریكا دووپاتی دەكاتەوە، واشنتن، ئەنكەرە و بەغدای ئاگەدار كردووەتەوە كە هەنگاوەكانیان تەنیا فشار بێ بۆ سەر كوردستان و بیر لە جووڵاندنی هێز و توندوتیژی نەكەنەوە.

توركیا ناتوانێ دژی دەوڵەتی كوردستان بێ
لەسەر كۆبوونەوە چاوەڕوانكراوەكەی ئەنجوومەنی ئاسایشی توركیا و كاردانەوەكانی ئەنكەرە بەرامبەر بە ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان، د. عوسمان عەلی پسپۆڕ لە كاروباری توركیا و مامۆستا لە زانكۆی سەڵاحەدین، بە"وشە"ی روونی دەكاتەوە كە توركیا لەبەر چەند هۆیەك لە كوردستان ناڕازییە، ئەوان دەڵێن لە سنووری دوو ملیار دۆلار پارەمان بە كوردستان داوە و چی پێویست بووە بۆ كوردستان كردوومانە، ئەمەریكا گوتی نەوتی كوردستان وەرمەگرن بۆ بەندەری جەیهان، ورمانگرت، كەچی ئێستە حكوومەتی كوردستان هاوئاهەنگی لەگەڵ ئێمە وەك هاوپەیمانێكی خۆی ناكات لە پرسەكاندا، ئەمانە نیگەرانی توركیان. 
"بەڵام توركیا و ئەمەریكا هیچ شتێك ناكەن كوردستانی پێ لاواز ببێ، لاوازبوونی كوردستان بە بڕوای توركیا لە بەرژەوەندی پەكەكەیە و ئەمەش مەترسی لەسەر توركیا دروست دەكات، جگە لەوەیش توركیا و ئەمەریكا نایانەوێ كوردستان وەك قەوارە بوونی نەمێنێ و لاواز بێ، بە تایبەت نایانەوێ نەوتی كەركووك بكەوێتە دەستی ئێران، بۆیە واشنتن و ئەنكەرە كاری وا نا‌كەن لە بەرژەوەندیی ئێران و حەشدی شیعە بشكێتەوە" دكتۆر عوسمان وای گوت.
ئەو پسپۆڕە ئاماژە بەوە دەدات كە ئێستە توركیا ناچارە بۆچوون دژی ریفراندۆم دەربڕێت، چونكە دوای ئەوەی "هەدەپ" ئامادە نەبوو لەگەڵ ئەكەپە حكوومەت پێك بێنێ، ئەردۆغان لەگەڵ ڕەگەزپەرستەكان حكوومەتی پێك هێنراوە و هاوپەیمانە، ئەوانیش فشاری لەسەر ئەردۆغان دروست دەكەن، جگەلەوەیش توركیا هەست دەكات، ئەمەریكا و ڕۆژئاوا دەیانەوێ باشووری كوردستان بكەن بە دەوڵەت و دواتریش ڕۆژئاوا بخرێتە سەر ئەو دەوڵەتە و بە دەریای ناوەڕاست بگەیەنرێت.
دووپاتی كردەوە "لە هەموو بارێكدا نە توركیا و نە ئەمەریكا دوای ریفراندۆم هەڵوێستێكی لەو چەشنە وەرناگرن كە زۆر توند و دژ بە كوردستان بن، ڕەنگە تەنیا سوپا بنێرنە سنوور و چەند ڕۆژێك سنوور دابخەن، دواتر ئاسایی دەبێتەوە".

هەڕەشەكان قسەی بێ كردار دەبن
كۆبوونەوەكەی ئەنجوومەنی ئاسایشی توركیا رۆژی هەینی داهاتوو بەڕێوە دەچێت كە تەنیا سێ رۆژی دەمێنێ بۆ بەڕێوەچوونی ریفراندۆم. شارەزایەكی تری سیاسەتی توركیا باس لە هەڕەشەكان دەكات و ئەوە دەخاتە ڕوو كە "هەڕەشەكان توند دەبن، بەڵام ناچنە بواری جێبەجێكردنەوە، چونكە توركیا بە داخستنی سنوور زیانی گەورەی ئابووری بەردەكەوێت".
حەسەن ئەحمەد مستەفا ماستەر لە ئیسلامی سیاسی توركیا، بە"وشە"ی ڕاگەیاند، توركیا دژی قەوارەیەكی نەتەوەیییە لە ڕۆژئاوا یان باشووری كوردستان بێت، بەڵام هەڕەشەكانی وەك هەڕەشە دەمێننەوە، چونكە ئەو وڵاتە لە دۆخێكدا نییە بتوانێ دەستوەردان لە وڵاتانی دەوروبەر بكات، دۆخی ئابووری گەلێك دژوارە و ئەو واقیعە سیاسییەی لە ناوچەكەدا هەیە، ڕێ بەوە نادات توركیا دەستوەردان لە كوردستان بكات. 
"جگە لەوەیش ناڕازیبوونی ئەمەریكا لەسەر ڕیفراندۆم مانای تێكچوونی پێوەندییەكانی هەولێر و واشنتن نییە، بەڵكو لە ڕووی سەربازییەوە ئەمەریكییەكان ئامادەیی تەواویان هەیە و لە هەموو حاڵەتێك كوردستان دەپارێزن، بۆیە ئەمەریكا ڕێ بە دەستوەردانی سەربازیی توركیا و ئێران و حەشدی شەعبی بۆ كوردستان نادات" مستەفا وای گوت.
حەسەن ئەحمەد كە بەردەوام لەبارەی توركیاوە بۆچوونی خۆی هەیە، دەڵێ "لە 22ی مانگ ڕاگەیەنراوێك بڵاو دەكاتەوە و باس لەوە دەكەن كە دەستوەردانی سەربازی لە كوردستان ئەنجام دەدەن و سنوور دادەخەن، بەڵام ئەوانە هەر قسە دەبن و ناچنە بواری جێبەجێكردنەوە، ئەردۆغان ئاستی دەنگەكانی ڕوو لە پاشەكشەیە و ئەوەی گرنگی پێ دەدا پەرەپێدانی ئابووریی توركیایە، ئەمڕۆیش تاكە دەرگەی خێرای ئابووری توركیا، كوردستان و عێراقن كە بە كوردستاندا تێپەڕ دەبێ".
بەگوتەی ئەو "توركیا دەوڵەتێكی هەناردەكارە و پێویستی بە دەروازەی خێرایە بۆ گەیشتن بە عێراق، ئەگەر دەروازەیش بۆ ماوەی یەك مانگ دابخرێ، لیرەی توركی 50% نرخی دادەبەزێ بەرامبەر بە دۆلاری ئەمەریكی، ئەوكاتەیش مەترسییەكی ئابووریی گەورە بۆ سەر دەسەڵاتی توركیا دروست دەبێ".

ئەمەریكا بەغدا و ئەنكەرە ئاگەدار دەكاتەوە
لەگەڵ نزیكبوونەوە لە رۆژی دەنگدانی كوردستان, میدیاكانی ناوچەكە ئاماژە بە ئەگەری جووڵاندنی هێزی سەربازی بە گوێی خەڵكدا دەدەن، بەڵام ئەمەریكا بە هەموو شێوەیەك دژی ئەوە دەوەستێتەوە و بە تەواوی كوردستان دەپارێزێت.
پێگەی "The American Conservative" بڵاوی كردووەتەوە كە وەك زۆربەی وڵاتانی تر سیاسەتی ڕوونی ئەمەریكا لەگەڵ ئەنجامدانی ڕیفراندۆمی كوردستان بۆ ئێستە نییە و كات بە گونجاو نازانێت. بەڵام وەك پێگەكە دەریخستووە "ئەمەریكا ڕەچاوی ئەوەیشی كردووە كە بەهیچ شێوەیەك نایەوێ ئاڵۆزی و گرژی زیاتر لە ناوچەكە دروست ببێ، بۆیە توركیا و عێراقی ئاگەدار كردووەتەوە لە كاتی ئەنجامدانی ریفراندۆمیش، بیر لە هیچ بژاردەیەكی سەربازی نەكەنەوە و پێویستە ددان بەخۆیاندا بگرن و تەنیا فشار بگرنەبەر، نەك جووڵە بە هێز بكەن و توندوتیژییەكی تر لە ناوچەكە دروست بكەنەوە، چونكە ئەمەریكا دژی ئەوەیە شەڕێكی تر ناوچەكە بگرێتەوە.


وشە - باز ئه‌حمه‌د