هه‌ندێك شیعر و شاعیر هه‌ن، ساده‌ن و ساده‌ش ده‌نووسن، به‌ڵام به‌هۆى جوانى په‌یامه‌كانیانه‌وه توانیویانه خۆیان وه‌ك شاعیرێكى پڕ خوێنه‌ر بناسێنن. هاوڕێ ره‌ش یه‌كێك له‌و شاعیرانه‌یه. ئه‌و له ئه‌ڵمانیا ده‌ژیی، ئه‌وه‌یش واى كردووه كولتوورى ئه‌ڵمانى و كوردى تێكه‌ڵ بكات و شیعرى كوردى پێ ده‌وڵه‌مه‌ند بكات.
هاوڕێ لاى وایه شیعر هه‌ڵگرى هیچ ناسنامه‌یه‌ك نییه و ده‌بێت بۆ جوانى و مرۆڤایه‌تى بێت، دواتریش پێویسته شیعر ساده و ره‌وان بێت، ئه‌وه‌ش یه‌كێكه له سیماكانى ئێسته‌ى شیعرى ئه‌وروپى. له‌م دیمانه‌یه‌ی "وشه"دا وه‌ڵامی چه‌ندان پرسیار ده‌داته‌وه.
*ده‌مه‌وێ له چۆنیه‌تى خوێندنه‌وه و نووسینت بپرسم، ئایا رێسایه‌ك هه‌یه بۆ ئه‌وه؟
-له‌م ژینگه جه‌نجاڵه‌ی ئه‌مڕۆدا پڕژانه سه‌ر خوێندنه‌وه هه‌ندێك جار كارێكی سه‌خته، به‌ڵام بۆ پڕكردنه‌وه‌ی زه‌خیره‌ی فیكری و ڕۆحی و ژیاری و ئه‌ده‌بی دابڕان له خوێندن و نووسین دابڕانه له هه‌موو جوانییه‌كانی ژیان، دابڕانه له‌و هه‌موو چه‌مكانه‌ی كه به پێنه‌گه‌یشتووی گه‌یشتوونه‌ته ناو ئه‌قڵ، بۆیه خوێندنه‌وه خۆراكی ڕۆحه و بۆشایی ناومان پڕ ده‌كاته‌وه. مه‌یسن كۆڵی ده‌ڵێ: سی ڕێسای جیاواز هه‌ن بۆ خوێندنه‌وه و بیركردنه‌وه و قسه‌كردن، به‌ڵام نووسین هه‌موویان ده‌كاته یه‌ك.
* ئایا دووركه‌وتنه‌وه‌ى تۆ قه‌ده‌ر بوو، یان خولیا؟
- گه‌مه‌كردن له‌گه‌ڵ زه‌مه‌ن و نووسینه‌وه‌ی گرفته‌كانی مێژوو له ساتێك‌دا نه‌بوون و نابن هه‌موو ئهمڕۆییهكانی من پڕن له خه‌مه‌كانی عه‌ده‌م، له‌گه‌ڵ له‌دایكبوونی عه‌شق له جه‌سته‌ی من سه‌فه‌ری شیعر ده‌ستی پێ كرد، تا شیعر له‌ناو جه‌سته‌ی مندا بژی شیعریش ده‌ژیی، بۆیه ژیانی شیعریم سیبهرێكی زستانه نییه كه به‌فر باری نه‌مێنێ و كه هه‌ور بوو ڕه‌دوو بكه‌وێت، وه‌ك چۆن ده‌زانم ئولفه‌تم گرتووه به‌وه‌ی هه‌موو سبهییهكانم پڕ بن له خه‌مه‌كانی ڕۆژگار ئاواش ده‌زانم كه شیعری بوونی ناخم به‌رده‌وام ده‌بێ، له كوێدا وچانێ ده‌ده‌م، ئه‌مه‌یان گره‌وكردنه له‌سه‌ر مردنی وشه، چونكه ته‌نیا شتێك بتوانێت مه‌رجی بردنه‌وه‌ی وه‌ستانی شیعر له من بباته‌وه مردنه، ده‌مه‌وێ له به‌رامبه‌ر هه‌موو بڤه ئیلاهییه‌كان هه‌موو یاسا ئاسمانییه‌كان یاخیبوونێك بخوڵقێنم تژی بێت له‌وه‌ی گه‌ره‌كمه، ده‌مه‌وێ عه‌بدی هه‌موو ئه‌و وشانه بم كه خۆم ده‌یاننووسم نه‌ك هی هیچیتر، بۆیه هه‌رگیز له نووسینی شیعردا خاڵ دانانێم وه‌ك كۆتای ڕسته.
* زۆربه‌ى شیعره‌كانت بۆ عه‌شقه. ئایا چۆن له عه‌شق گه‌یشتووى؟ دواتریش گه‌نجى كورد و شاعیرى كورد له كوێی ئه‌مه‌دایه؟
- دیدی من بۆ عه‌شق له‌و سۆنگه‌یه‌وه نییه كه ئاخۆ ئه‌و چ ڕوانینێكی هه‌یه بۆ من، عه‌شق په‌رستنێكی بێ به‌رامبه‌ر بۆ ژن و ژنیش بۆ پیاو، له‌ناو هه‌موو وشه‌كانی مندا عه‌شق ده‌ژی ئه‌گه‌ر عه‌شق نه‌بێ شیعر له دایك نابێ، هه‌ر شیعرێك بێ عه‌شق له دایك بووبێت به كوێری خوڵقاوه، به‌ڵام خاڵێك كه ده‌بێت تیشكی بخه‌مه سه‌ر ڕوانینی ئێمه‌ی مرۆڤه بۆ عه‌شق. له زۆرمان عه‌شق پێوه‌ندییه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی نێوان دوو ڕۆح و دوو دڵ و دواجار له‌گه‌ڵ تێكه‌ڵبوونی غه‌ریزه‌كان عه‌شقیش به‌ره‌و كاڵبوونه‌وه ده‌چێ، لای هه‌ندێكی تریش عه‌شق ئیمانێكی مرۆڤانه‌یه و له نێوان ڕه‌گه‌زه‌كاندا بۆ به‌تاڵكردنه‌وه‌ی ژیان له سه‌ختییه‌كانی، له هه‌موو باره‌كاندا عه‌شق سه‌ره‌تای مه‌عریفه‌یه له مرۆڤدا، بۆیه كاتێك عه‌شق ده‌بێته هه‌وێنی شیعر مه‌عریفه‌یه شیعر ده‌كاته مه‌لێك و فێری ئازادی ده‌كات.
نابێت بیرمان بچێت ڕوانینی هه‌ر یه‌كێك له ئێمه له‌و سۆنگه‌یه‌وه‌یه كه ژینگه‌ی ژیانمانی پیادا گوزه‌ر كردووه، ئاین وه‌ك ڕه‌هه‌ندێكی سه‌ره‌كی له ژیانی ئێمه‌دا ئێمه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی به شێوازێك له شێوازه‌كان كردووه به كۆیله، كۆیلهبوونێك كه زۆر له شاعیران و بژارده‌ی ڕۆشنبیرانیش نه‌یانتوانیوه خۆی لێ ده‌رباز بكه‌ن، بۆیه زۆربه‌ی كات ئاوڕ ده‌ده‌ینه‌وه له‌و ڕه‌نگانه‌ی كه له دواوه به جێیان دێڵین به‌و هیوایه‌ی بتوانین له‌و ڕه‌نگانه‌وه ئاینده‌یه‌كی تر دروست بكه‌ین، ئه‌مه جگه له‌وه‌ی مرۆڤی ڕۆژهه‌ڵاتی و كوردیش وه‌ك به‌شێك له ڕۆژهه‌ڵات نه‌یتوانیوه له بازنه‌ی پیرۆزكردن بێنه ده‌ره‌وه و دڕ بدا به هه‌موو ئه‌و بڤانهی بوون به مۆرك و مرۆڤبوونی كاڵ ده‌كه‌نه‌وه، له‌باره‌ی گرنگی نه‌دان ده‌كه‌وێته‌وه سه‌ر ئه‌و خاڵه‌ی وه‌ك گوتم كێشه‌یه‌ك هه‌یه به ناوی بڕوا نه‌بوون به نه‌وه‌ی تازه به پیرۆز ڕاگرتنی كۆنه‌كان، ئه‌مه‌ش تا ئاستێك كه هه‌موو شاعیره كۆنه‌كان به چاك و خراپه‌وه پیرۆز كراون و نه‌وه‌ی تازه‌ش خاڵی كراوه‌ته‌وه له خۆی.
شاعیرێكی كۆن پهیكهریكی بۆ دروست ده‌كرێ و خه‌ڵكی بۆ كۆ ده‌كرێته‌وه، چه‌ندان ملیار دیناری بۆ خه‌رج ده‌كرێ، به‌ڵام ئاماده نین كتێبێك بۆ گه‌نجێكی نووسه‌ر چاپ بكه‌ن، له كاتێكدا به‌و پاره‌یه چه‌ندان كتێبی تازه ده‌خرێنه بازاڕه‌وه.
* ڕه‌خنه‌ى تۆ وه‌ك شاعیر له ره‌خنه‌گره‌كان چییه؟
-ڕه‌خنه یه‌كێكه له‌و گرفتانه‌ی له‌ناو ئه‌ده‌بیاتی كوردیدا تا ئاستێك لاوازه، ده‌كرێت بڵێین له زۆر باردا ڕه‌خنه‌یه نییه، نه‌بوونی ڕه‌خنه‌یش له نه‌بوونی مه‌عریفه‌وه ده‌ست پێ ده‌كات. بوونی مه‌عریفه بوونی ئازادییه له كۆمه‌ڵگه‌یه‌كدا، بۆیه هه‌تا ڕه‌خنه به‌ره‌و كاڵبوونه‌وه بڕوات ئه‌ده‌بیاتی كورد به‌ره‌و هه‌ڵدێر ده‌چێ، ئه‌وكات قسه‌كردن له‌سه‌ر میتۆد و ئاراسته‌كان له‌سه‌ر لاپه‌ڕه‌كانه‌وه به مردووی ده‌نووسرێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی میتۆدێكی پوختی ڕه‌خنه‌یی به‌رهه‌م بێنین ده‌بێت ڕۆحی ڕه‌خنه زیندوو بكه‌ینه‌وه.
* ئه‌ى كه‌وایه ره‌خنه‌ت بۆ شاعیران چییه؟
-پێم وایه كورد شاعیری نه‌بووه به‌ناوی شاعیر له دوای ساڵی نه‌وه‌ته‌كانه‌وه، ده‌كرێت ئه‌مه به‌شێوازیك ڕوون بكه‌مه‌وه كه شاعیر شاعیر نییه له كۆمه‌ڵگه‌ی كوردییدا له یه‌ك كاتدا بسكیتفرۆش و له‌یه‌ك كاتدا حزبییه‌كی چه‌قاوه‌سو، له‌یه‌ك كاتدا پیاوێكی شه‌رمنی له ماڵه‌وه خه‌وتوو، له یه‌ك كاتدا پیاوێكی یاخی نه‌خوێنراوه‌یه، بۆیه زۆربه‌ی زۆری ئه‌و ده‌قانه‌ی له دوای نه‌وه‌ته‌كانه‌وه ده‌رچوون سنووریان له حه‌مرین تێپه‌ڕی نه‌كردووه و نه‌چوونه‌ته ناو قاڵبی ده‌قه‌وه، ئه‌گه‌رچی هه‌وڵێكی زۆر هه‌یه، به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ی شاعیر شاعیر نییه له كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی ئیتر هه‌وڵه‌كان نه‌زۆك بوون، هه‌ندێك له‌و شاعیرانه‌ی كه ئێسته ناوی گه‌وره‌یان هه‌یه، ڕۆژانه ده‌بینم به لاندكرۆزه‌رێكی مۆدیل تازه و به چه‌ند پاسهوانێكهوه له بازاڕه‌كان ده‌سووڕێنه‌وه، ئاخر شاعیر ئه‌و ئۆتۆمبێله‌ی له ژێردا بێت و پاسه‌وانی هه‌بێت، چ شاعیرێكه و چ شیعرێك ده‌نووسێ؟
لایه‌نێكى تریش حه‌ز ده‌كه‌م باسى بكه‌م ئه‌وه‌یه: له ته‌مه‌نی شیعردا شتێك نییه به‌ناوی پیر و گه‌نج و منداڵ ئه‌وه‌ی قسه‌ی خۆی ده‌كات ده‌قی شیعرییه، بۆیه ده‌كرێت خوێندنه‌وه بۆ ده‌قه‌كان بكرێت نه‌ك بۆ ته‌مه‌ن، چونكه ده‌كرێ گه‌نجێك ده‌قێك بنووسێت كه شاعیر هه‌یه له حه‌فتاكانه‌وه ده‌نووسێت ده‌قی وای نه‌نووسیبێت، بۆیه دانانی پێوه‌ر به‌ناوی شاعیری گه‌نج و شاعیری به ئه‌زموون و شاعیری پیر، كه‌مێك نالۆجیكییه، به‌ڵام ده‌كرێت نه‌وه‌ی تازه ئه‌وه‌ی ده‌یه‌وێ له‌گه‌ڵ شیعردا بژی و خۆی پڕچه‌ك بكات به شیعر ده‌بێت بخوێنێته‌وه و ژێرخانێكی گه‌وره‌ی هه‌بێ له خوێندنه‌وه، خۆی به شێوازێك فێر بكات عاشق به شیعر، نه‌ك خۆی به شیعره‌وه هه‌ڵبواسێ، له‌مانه به فه‌رده هه‌ن له تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی ئینته‌رنێت .
وشه/ هه‌ورین نه‌جات