رۆناڵدۆی ئەفسانە بۆ ریال مەدرید: ئامادەم بگەڕێمەوە و كێشەی هێرشبەرتان بۆ چارەسەر بكەم
رۆناڵدۆ نازاریۆی ئەفسانەی پێشووی بەڕازیلی ئامادەیی بۆ یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی پێشانداوە كێشەی هێڵی هێرشبەرییان بۆ چارەسەر بكات و دووبارە بگەڕێتەوە و یارییان بۆ بكاتەوە.
یانەی ریال مەدرید لەم وەرزەدا كێشەی لە هێڵی هێرشبەردا هەیە بەهۆی پێكانی كەریم بەنزیما و فرۆشتنی ئەلڤارۆ مۆراتا بۆ یانەی چێڵسیی ئینگلیزی.
لەمبارەیەوە رۆناڵدۆی ئەفسانە بۆ دەزگاكانی راگەیاندن گوتی: ئەگەر یانەكەی پێشووم كێشەی كەمی یاریزانانی هێرشبەریان هەبێت ئەوا ئامادەم بگەڕێمەوە و مەشق و راهێنان ئەنجام بدەم تا بەتەواوی تواناكانم بگەڕێنمەوە و یاریی ئەنجام بدەمەوە، بەڵام پێموایە یانەی شاهانە ئێستا هیچ كێشەیەكی لەو هێڵەدا نییە.
رۆناڵدۆ كە لەنێوان ساڵانی 2002 تا 2006 یاریی بۆ یانەی ریال مەدرید كردبوو، زیاتر گوتی: ریال مەدرید لە رابردوودا بەكێشەی لەوجۆرە تێپەڕبووە و ئێستاش وەرز لەسەرتایەتی و هەر پاڵەوانی ئیسپانیا و ئەوروپایە، هەرچەندە بەم دواییە لەنێو یاریگەی سانتیاگۆ چەندان خاڵی لە خولی ئیسپانیا لەدەستداوە، بەڵام نابێت گومان لە تواناكانی یانە و یاریزانەكانی بكەین.
رۆناڵدۆ جەختیشی كردەوە كە ئەگەر یانەكەی كێشەی لە هێڵی هێرشبەردا هەبێت و داواشی لێ بكەن ئەوا بەبێ دوودڵی دەست بە مەشق و راهێنان دەكاتەوە و بۆ ئەوەی هاوكاری یانەكەی پێشووی بكات.
ئەمە لە كاتێكدایە كە یانەی ریال مەدرید چوارشەمی رابردوو لەنێو یاریگەی سانتیاگۆ لە گەڕی پێنجەمی خولی ئیسپانیا بە گۆڵێكی بێ وەڵام بەرامبەر یانەی ریال بیتیس دۆڕا، پێشتریش هەر لەنێو یاریگەی خۆی بەرامبەر یانەكانی ڤالێنسیا و لیڤانتی یەكسان ببوو، یانەكە ئێستا بە 8 خاڵ لە ریزی 7ی یانەكان دێت.
وشە -
ئامانج ئهكرهم