یان سەربەخۆیی یان كۆمەڵكوژمان بكەن
بارزانی: ڕیفراندۆم بووەتە موڵكی خەڵك و دواخستنی مەحاڵە

:: AM:11:34:23/09/2017 ‌
سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە دیدارێكی لەگەڵ بەشی كوردی ڕادیۆی "دەنگی ئەمەریكا" دەڵێ، دوای ڕیفراندۆم گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا دەكەین بۆ سەربەخۆیی، ئەگەر بەغدا لە ئێستە و داهاتوو ریفراندۆمی قبووڵ نییە، ئێمەیش پاشكۆیەتی قبووڵ ناكەین، ئاماژە بەوەیش دەكات، ڕیفراندۆم ئێستە هی خەڵكی كوردستانە و هەر كەسێك بڕیارێكی دژی ئەوە بدات، جەماوەر لێی قبووڵ ناكات، دووپاتیش لەوە دەكاتەوە كە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم تاوان نییە و هەڕەشەیش لە هەر وڵات و هەر كەسێك قبووڵ ناكەین و ڕیفراندۆم ئەنجام دەدەین، با بێن كۆمەڵكوژمان بكەن.

مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە دیدارێكی لەگەڵ "دەنگی ئەمەریكا" دەڵێ، هەڵوێستی ئەمەریكا جێی سەرسوڕمانە و ئێمە تێی ناگەین، چ تاوانێكمان كردووە، تا ئەمەریكا هەڵوێستی بەو شێوە بێ، ئەمە هەڵوێستێكی نامۆیە، زۆر بیرۆكە و پێشنیازیش هاتووە، بەڵام هیچیان جێی ڕیفراندۆم ناگرێتەوە، ریفراندۆم كۆتای دنیا نییە و دوای ڕیفراندۆم گفتوگۆ دەست پێ دەكەین، ئەوان دەڵێن ڕیفراندۆم مەكەن دەست بە گفتوگۆ بكەن، ئەوان ڕیفراندۆم ڕەت بكەنەوە، باوەڕیان بە هیچ شتێكی تر نییە، دواتر كێشەكە لەگەڵ بەغدایە نەك لەگەڵ ئەمەریكا و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی نییە، ئێمە دەمانەوێ لەگەڵ بەغدا بگەین بە لێكگەیشتن و پێویستە ئەمەریكا و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی گرەنتی ئەوە بكەن، بەغدا دەڵێ، نە لە ئێستە و نە لە داهاتوویش ڕیفراندۆمی قبووڵ نییە، ئێمەیش نە لە ئێستە و نە لە داهاتوویش پاشكۆیەتی ئەوانمان قبووڵ نییە.

بارزانی دەڵێ، هەوڵمان داوە لەگەڵ ئەمەریكا گفتوگۆ بكەین لەسەر ئەو پرسە، ئەوان دەڵێن دوای بخەن و گفتوگۆ بكەن، باشە چ گرەنتییەك هەیە؟ ئێمە 14 ساڵە لەبەر ئەمەریكا ویستەكانمان دوا دەخەین، ئەمەریكا ماوەی 14 ساڵە ئەو بەزمە بە ئێمە دەكات. لەبارەی هەڵوێستی ڕووسیا سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەڵێ، هەڵوێستی ڕووسیا زۆر جێی ڕێزە و ناڵێم پشتیوانی كردووە، بەڵام دژایەتی دەرنەبڕیوە.

لەسەر دواخستنی ڕیفراندۆم، مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەڵێ، سوورین لەسەر ئەنجامدانی ڕیفراندۆم، ئەگەر دوو بژاردەیشم لە بەردەمدا بێ، ڕازیبوونی میلەتەكەم و ڕازیكردنی دەرەوە، بە دڵنیایییەوە بژاردەی یەكەم هەڵدەبژێرم، لە شارەكانی كوردستان جەماوەر هاتنە سەرشەقام، هەر كەسێك و حزبێك بچێت قسەیەكی جیاواز لەمەیان بۆ بكات، ئەوا دەسووتێ و جەماوەر لێی قبووڵ ناكات. دوای ڕیفراندۆم لەگەڵ بەغدا بە چاودێری كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئێمە دەتوانین لەسەر كاتی سەربەخۆیی و سنوور و ئاو و نەوت و هەموو پرسەكان بگەین بە ڕێككەوتنی تەواو و بۆ ئەوەی هیچ گرفتێك لە نێوانمان نەمێنێ، بۆ ئەمە ئەگەر ساڵێك تا دوو ساڵیش پێویست بێ، ئێمە دەتوانین.

سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەبارەی كاریگەری ریفراندۆم لەسەر شەڕی داعش دەڵێ، ئەمە بەهیچ شێوەیەك وا نییە و تەنیا بیانوو و بەهانەیە، پێشمەرگە چەند بە ورە بەرزییەوە شەڕی داعشی كرد، دوای ڕیفراندۆم بە ورەی بەرزترەوە شەڕی داعش دەكەین، لەبارەی گرژی لە نێوان كورد و هێزەكانی عێراقیش بارزانی دەڵێ، لەلایەن ئێمەوە ئەو دەسپێشخەرییە نابێ، ئەگەر ئەوانیش كردیان ئەوا تایبەتە بە خۆیان. كاتی ئەوە هاتووە ئیتر سایكس-پیكۆت و هاوپەیمانی سنتۆ و سەعد ئاباد و لۆزان كۆتای بێ، ڕاستە جیۆگرافیای ئێمە بە دەریا نییە، بەڵام ئێستە ساڵانی شەست و حەفتا نییە، جگەلەوەیش كاتی ئەوە هاتووە خۆمان چارەنووسی خۆمان دیاری بكەین و چیتر نابێ قبووڵی بكەین خەڵكی تر نەخشە بۆ ئێمە بكێشی، دەبێ چ بكەین و چۆن بین، لەسەر ئەوە بشمرین ئێمە حازرین.

تەمەننا دەكەین هیچ كاریگەری لەسەر پێوەندی ئێمە و توركیا نەبێ بەهۆی ڕیفراندۆمەوە، بەڵام بە ڕاشكاوی دەڵێم، ئێمە هەڕەشە قبووڵ ناكەین، بۆیە بە هەموو بەرپرسانی توركیا دەڵێین زمانی هەڕەشە بەرامبەر ئێمە بەكار مەهێنن، چونكە قبووڵی ناكەین، بۆ ئێرانیش بە هەمان شێوە زمانی هەڕەشە لە هەر دەوڵەت و هەر كەسێك قبووڵ ناكەین، ئێمە ریفراندۆم دەكەین، با دنیا بێ كۆمەڵكوژمان بكات، بۆیە ئێمە بە دڵنیایییەوە ڕیفراندۆم دەكەین و دوای ریفراندۆم گفتوگۆ دەكەین.




وشە - باز ئه‌حمه‌د