هێرشبەرەكەی تۆتنهام ناچێتە ریال مەدرید

:: PM:12:12:23/09/2017 ‌

ماوریسیۆ بوكیتینیو راهێنەری یانەی تۆتنهامی ئینگلیزی رەتی كردەوە هێرشبەری تیپەكەی هاری كین بفرۆشێ بە یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی.

یانەی ریال مەدرید ماوەیەكی زۆرە چاوی لە كینی هێرشبەری یانەی تۆتنهامە، تیم شیرۆدی راهێنەری پێشووی یانەی تۆتنهامیش رایگەیاندبوو كە ئەگەر یانەكە ناسناو نەباتەوە ئەوا كینی هێرشبەر بۆ یانەی ریال مەدرید لەدەست دەدات.

لەمبارەیەوە بوكیتینیو بۆ دەزگاكانی راگەیاندنی ئینگلیزی گوتی: هەندێ كەس مانەوەی كین بە بەدەستهێنانی ناسناوەكانی یانەی تۆتنهام دەبەستنەوە، بەڵام من پێیان دەڵێم كە كین یەكێكە لەیاریزانە هەرە سەرەكییەكانمان و بۆ ماوەیەكی درێژیش لەگەڵمان دەمێنێتەوە.

زیاتر گوتی: شیرود مافی هەیە بۆچوونی خۆی رابگەیەنێ، بەڵام دەبێت ئەوە باش بزانی كە كین خۆی بڕیاری كۆتایی لە چارەنووسی دەدات و دڵنیاشم ماوەیەكی زۆریش لە یانەی تۆتنهام دەمێنێتەوە.

جێی باسە كین ئێستا یەكێكە لە باشترین هێرشبەرانی خولی نایابی ئینگلیزی و ئەوروپا و تەنانەت جیهانیش و وەرزی رابردووش بە گۆڵكاری خولی ئینگلیزی دەستنیشان كرابوو.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م