رۆناڵدۆ هاوسەرگیری دەكات

:: PM:12:34:23/09/2017 ‌

رۆژنامەیەكی نزیك لە یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی ئاشكرای كرد كە كریستیانۆ رۆناڵدۆی ئەستێرەی پورتوگالی بەنیازە بچێتە نێو قەفەسی هاوسەرگیرییەوە.

رۆژنامەی (ماركا)ی ئیسپانی بڵاوی كردەوە: رۆناڵدۆ دەیەوێ دواجار واز لە ژیانی سەڵتی بێنێ و لەگەڵ خۆشەویستە ئیسپانییەكەی جۆرجینا رۆدریگیز هاوسەرگیری بكات.

ئەمە لە كاتێكدایە كە جۆرجینا ئێستا منداڵێكی رۆناڵدۆی لەسكدایە و بڕیاریشە لە مانگی داهاتوودا لەدایك بێت و ببێتە چوارەم منداڵی ئەو ئەستێرەیەی یانەی ریال مەدرید.

رۆناڵدۆ پارساڵ لە كاتی بینینی جۆرجینا لە فرۆشگەیەكی شاری مەدرید عاشقی دەبێت و دواتریش لە كاتی دابەشكردنی خەڵاتەكانی باشترین یاریزانی جیهان بەیەكەوە بینران و ئێستاش بەیەكەوە لە ماڵێكدا لە شاری مەدرید ژیان بەسەر دەبەن.

جێی باسە رۆناڵدۆ ئێستا خاوەن سێ منداڵە كە جۆنیۆریان گەورەترینیانە و تەمەن 7 ساڵانە، بەم دواییەش دوو منداڵی تری جمكی لە دایكێكی نادیار لە ئەمەریكا هێنایە سەر دنیاوە كە یەكێكیان كوڕە بەناوی ماتیۆ و ئەوی تریش كچ بەناوی ئیڤا.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م