لە دهۆك زەوی بەسەر كەسوكاری شەهیدان دابەش دەكرێ

:: PM:02:06:23/09/2017 ‌

ئەمڕۆ شەموو لە قۆناغی دووەمی دابەشكردنی زەوی بەسەر كەسوكاری شەهیدانی شەڕی دژ بە تیرۆریستانی داعش، بە ئامادەبوونی پارێزگار و بەرپرسانی حكوومی و كەسوكاری شەهیدان، 365 پارچە زەوی بەسەر كەسوكاری شەهیدان دابەش كرا.

فەرهاد ئەترووشی پارێزگاری دهۆك لە ڕێوڕەسمی دابەشكردنی پارچە زەوییەكان ئاشكرای كرد، ئەمڕۆ وەك قۆناغی دووەمی دابەشكردنی زەوی بەسەر كەسوكاری شەهیدان، 365 پارچە زەویی تر بەسەر كەسوكاری شەهیدانی شەڕی تیرۆریستانی داعش دابەش دەكرێ، كەسوكاری شەهیدانی سەرجەم شارۆكە و شارەدێكانی سنووری پارێزگای دهۆك لەمە سوودمەند دەبن.

هەروەها گوتی، هەرچی بە ئێمە بكرێ، بۆ كەسوكاری شەهیدان كەمە و ناتوانین قەرەبووی دڵۆپێك خوێنی شەهیدان بكەینەوە، بەڵام بەپێی توانا حكوومەت و پارێزگای دهۆك كار دەكەن تا بەردەوام خزمەتی كەسوكاری شەهیدان بكەین، داوا لە فەرمانگەكانی دهۆك دەكەم، بەزووترین كات خزمەتگوزارییەكانی ئاو و كارەبا و ڕێگەوبان و تەواوی خزمەتگوزارییەكان بۆ نێو ئەو پارچە زەوییانە دابین بكەن، تا كەسوكاری شەهیدان بتوانن خانووی لەسەر دروست بكەن و تێیدا بحەسێنەوە.

جێی باسە لە قۆناغی یەكەمیش لە سنووری پارێزگای دهۆك 113 پارچە زەوی بەسەر كەسوكاری شەهیدانی شەڕی داعش دابەش كرا و پرۆسەكەیش بەردەوامی هەیە، ئەمڕۆیش 365 پارچە زەویی تریان بەسەردا دابەش كرا و لە داهاتوویش دابەشكردنی زەوی بەسەر كەسوكاری شەهیدانی پێشمەرگە كە لە شەڕی دژ بە تیرۆریستان شەهید بوون، بەردەوامی دەبێ.

دهۆك/نەوزاد هلۆری.



وشە - باز ئه‌حمه‌د