كاردانه‌وه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان به‌رامبه‌ر ئه‌نجامدانى ڕیفراندۆمى سه‌ربه‌خۆى كوردستان به‌رده‌وامه و له به‌رانبه‌ردا لێكدانه‌وه و هه‌ڵوێسته ناوخۆیییه‌كانى كوردستان جۆرێكى تر وێنا ده‌كات، حزبه سیاسییه‌كان ڕاى ده‌گه‌یه‌نن كه پێویسته گه‌لى كورد نه‌كه‌وێته ژێر كاریگه‌ریى هیچ هه‌ڵوێستێكى هه‌رێمى و نێوده‌وڵه‌تى و دووپاتى ده‌كه‌نه‌وه، جێگره‌وه‌ى ریفراندۆم ته‌نیا سه‌ربه‌خۆیى كوردستانه.
كۆتاى هه‌فته‌ى ڕابردوو مه‌سعوود بارزانى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ برێت مه‌كگۆڕك نوێنه‌رى سه‌رۆكى ئه‌مه‌ریكا كۆ بووه‌وه و مه‌كگۆرك باسى جێگره‌وه‌ى ڕیفراندۆمى كرد، به‌ڵام بارزانى له دواى ئه‌وه و له چه‌ند گوتارێكى كه‌رنه‌ڤاڵى جه‌ماوه‌ریدا ره‌تى كرده‌وه "به‌دیلی به‌ده‌ست گه‌یشتبێ".
ئێسته، دواى ئه‌و ره‌تكردنه‌وه‌ى جێگره‌وه‌یه له‌لایه‌ن بارزانییه‌وه، حزبه سیاسییه‌كانى هه‌رێم هه‌ڵوێستى خۆیان ڕاده‌گه‌یه‌نن. ئه‌ندامێكى كۆمیته‌ى سه‌ركردایه‌تى حزبى زه‌حمه‌تكێشانى كوردستان پێى وایه كه چاره‌سه‌رى دوو ته‌نگژه‌ى ناوخۆى كوردستان گه‌ره‌نتی هه‌موو شتێك ده‌كات.
"جێگره‌وه‌ى ڕیفراندۆم ته‌نیا سه‌ربه‌خۆیى خه‌ڵكى كوردستانه"
هه‌ندرێن شێخ راغب ئه‌ندامى كۆمیته‌ى سه‌ركردایه‌تى حزبى زه‌حمه‌تكێشانى كوردستان، به"وشه"ى ڕاگه‌یاند، كاردانه‌وه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان له‌باره‌ى ڕیفراندۆم ده‌بێ له‌به‌رچاو بگیرێت و پێویسته سه‌ركردایه‌تى سیاسیی كورد به سێ شێواز ئه‌و كاردانه‌وانه ببینێ و وه‌ڵامى هه‌بێت كه یه‌كێكیان شێوازى ناوخۆى كوردستان و ئه‌ویتر شێوازى هه‌رێمایه‌تى و شێوازى نێوده‌وڵه‌تى بێت.
ئاماژه‌ى به‌وه كرد كه یه‌كڕیزى ناوماڵى كورد و چاره‌سه‌ركردنى دوو ته‌نگژه‌ى هه‌رێمى كوردستان كه ئه‌وانیش ته‌نگژه‌ى دارایى و ته‌نگژه‌ى سیاسین، گه‌ره‌نتی هه‌موو پرۆسه‌یه‌كى سیاسیی ده‌كات له ئاستى نێوده‌وڵه‌تى به ڕیفراندۆمیشه‌وه. ئه‌و به‌رپرسه‌ى زه‌حمه‌تكێشان ڕوونى كرده‌وه "پێویسته بڕیاره‌كان له‌سه‌ر پرۆسه‌ى ڕیفراندۆمى كوردستان به كۆده‌نگى و هه‌مه‌لایه‌نه بێت و یه‌كلایه‌نه نه‌بێت".
هه‌ندرێن شێخ راغب به پێویستى ده‌بینى كه پارچه‌كانى تر‌ى كوردستان به‌شدار بن له هه‌ر بڕیارێك كه له‌باره‌ى ڕیفراندۆم و سه‌ربه‌خۆى كوردستان ده‌درێت.
لای خۆیه‌وه د. عه‌بدوڵا وه‌رتى ئه‌ندامى مه‌كته‌بى سیاسیی بزووتنه‌وه‌ى ئیسلامى، له‌باره‌ى هه‌ڵوێستى نێوده‌وڵه‌تى بۆ ڕیفراندۆم به‌تایبه‌ت له چه‌ند ڕۆژى ڕابردوو، به"وشه"ى ڕاگه‌یاند، هه‌ڵوێستى ئه‌و وڵاتانه له‌باره‌ى ئه‌نجامنه‌دانى ڕیفراندۆم كاریگه‌رییه‌كى ئه‌وتۆی نییه و بزووتنه‌وه پێى وایه پێویسته گه‌لى كورد نه‌كه‌وێته ژێر كاریگه‌رى هیچ هه‌ڵوێستێكى هه‌رێمى و نێوده‌وڵه‌تى.
وه‌رتێ راى گه‌یاند، "كورد خاوه‌نى ئیراده‌یه و بڕیارى ئه‌نجامدانى ڕیفراندۆم بڕیارێكى مێژوویییه، سه‌ربارى ئه‌وه‌ى پێمان وایه به‌دیلى ڕیفراندۆم ته‌نیا سه‌ربه‌خۆیى كوردستانه و ئه‌و وڵاتانه‌ى لافى مافى مرۆڤ و دیموكراسى لێ ده‌ده‌ن، پێویسته پێشى هه‌مووان ڕێز له ئیراده‌ى كورد بگرن".
ئه‌ندامه‌كه‌ى مه‌كته‌بى سیاسیى بزووتنه‌وه ڕوونى كرده‌وه، "به‌درێژایى مێژوو كورد فێڵى لێ كراوه و خراوه‌ته ناو گێژاوى كێشه‌ى تره‌وه، بۆیه ئه‌مجاره زۆر به وریایى مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ دۆخه‌كه‌دا ده‌كات و یه‌كڕیزیش له هه‌موو شتێك به گرنگتر ده‌بینین".
جیا له حزبه سیاسییه‌كانى هه‌رێم، پێكهاته‌كانى تر ئه‌ندامن له ئه‌نجوومه‌نى باڵاى ڕیفراندۆم و پێیان وایه، هیچ بڕیارێك له‌سه‌ر ڕیفراندۆم و قسه‌كردن له‌سه‌ر جێگره‌وه له ده‌ره‌وه‌ى ئه‌نجوومه‌نه‌كه نابێت.
ماجید بازرگان ئه‌ندامى ئه‌نجوومه‌نى باڵاى ڕیفراندۆم له هه‌رێمى كوردستان/ توركمان، به"وشه"ى گوت كه هیچ بڕیارێك له‌باره‌ى ڕیفراندۆم وه‌ك جێگره‌وه نادرێت، به‌بێ ئه‌نجوومه‌نى باڵاى ڕیفراندۆم، دووپاتی كرده‌وه "جێگره‌وه گه‌ره‌نتی نییه و ئێمه داواى گه‌ره‌نتی ده‌كه‌ین، بارزانى داواى گه‌ره‌نتی ده‌كات نه‌ك جێگره‌وه، هه‌ر شتێك به بارته‌قای سه‌ربه‌خۆیى نه‌بێت، ئه‌وه پێى ڕ‌ازى ناب]ن، چونكه هیچ له سه‌ربه‌خۆیى گرنگتر نییه".
بازرگان كه هاوكات ئه‌ندامى شاندى كوردستان بوو بۆ به‌غدا ئاماژه‌ى به‌وه كرد كه هه‌رێم ده‌یتوانى زۆر شت له به‌غدا به‌ده‌ست بێنێت، به‌ڵام مه‌به‌ستمان سه‌ربه‌خۆیییه و هیچ شتێك شوێنى ئه‌وه ناگرێته‌وه.
" ته‌واوى حزبه‌كان له‌گه‌ڵ سه‌ربه‌خۆیى كوردستانن"
هه‌ندرێن شێخ راغب ئه‌ندامى كۆمیته‌ى سه‌ركردایه‌تى حزبى زه‌حمه‌تكێشانى كوردستان ئه‌وه ده‌خاته ڕوو كه كێشه ناوخۆیییه‌كانى هه‌رێم له ڕابردوو كاریگه‌رى زۆر راسته‌وخۆیان له‌سه‌ر هه‌ڵوێستى ئێسته‌ى نێوده‌وڵه‌تى هه‌یه و جموجۆڵه هه‌رێمییه‌كان به‌جۆرێكى تر مامه‌ڵه ده‌كه‌ن و حیساب بۆ كێشه‌كان ده‌كه‌ن.
ڕوونى كرده‌وه "ئه‌گه‌ر له سه‌ره‌تاوه كێشه ناوخۆیییه‌كان چاره‌سه‌ر بكرانایه، ئێسته هه‌ڵوێستى نێوده‌وڵه‌تى به‌رامبه‌ر ڕیفراندۆم جۆرێكى تر ده‌بوو به تایبه‌ت ئه‌گه‌ر كۆده‌نگى ته‌واو له‌ناو حزبه‌كان دروست بكرایه، هه‌رچه‌نده ئێمه له‌و باوه‌ڕه‌دا نین حزب هه‌بێ له كوردستان له ڕیفراندۆم ده‌نگ نه‌دات یان پێچه‌وانه‌ى پرۆسه‌كه بێت".
عه‌بدوڵا وه‌رتى ئه‌ندامى مه‌كته‌بى سیاسیی بزووتنه‌وه‌ى ئیسلامى ئه‌وه‌ی خسته ڕوو كه ئه‌و حزبانه‌ى تر‌ى وه‌ك بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان و كۆمه‌ڵى ئیسلامى به‌شێكن له كوردستان و ئه‌وانیش له‌گه‌ڵ سه‌ربه‌خۆیین، به‌ڵام تێبینییان له‌سه‌ر به‌ڕێوه‌بردن هه‌یه.
ڕوونى كرده‌وه، "پێویسته هه‌موو هه‌وڵه‌كان بخرێته گه‌ڕ بۆ ئه‌وه‌ى ته‌واوى حزبه سیاسییه‌كان پشتیوانى سه‌ربه‌خۆى كوردستان بكه‌ن و به كۆده‌نگى وه‌ڵامى هه‌ڵوێسته نێوده‌وڵه‌تییه‌كان بدرێته‌وه".