یەكێتی: لە كەركووك ڕێگری لە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم دەكەین

:: PM:04:18:23/09/2017 ‌
كۆبوونەوەی حزب و لایەنە سیاسییەكانی كەركووك كۆتای هات و لە كۆبوونەوەكەدا یەكێتی بە ئامادەبووانی ڕاگەیاندووە كە ئەوان لەگەڵ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم نین و چەندیش پێیان بكرێت ڕێگری لێ‌ دەكەن.

ئەمڕۆ شەموو 23ی ئەیلوول، حزب و لایەنە سیاسییە كوردەكانی كەركووك لە بارەگای مەڵبەندی یەكێتی و لەسەر داوای یەكێتی كۆ بوونەوە، سەرچاوەیەكی كۆبوونەوەكە كە پێی باش نەبوو ناوی بڵاو بكرێتەوە بە "وشە"ی ڕاگەیاند، بەرپرسانی یەكێتی لە كەركووك ڕایان گەیاندووە ئەوان لەگەڵ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم نین و چەندیش پێیان بكرێت ڕێگری لە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە شارەكەدا دەكەن.

سەرچاوەكە زیاتر گوتی، چەند بەرپرسێكی باڵای یەكێتی و ژمارەیەك ئەندامی مەكتەبی سیاسیی لە بەیانی ئەمڕۆوە لە كۆبوونەوەدان و دواتر ئەو بڕیارەیان داوە.

لەمبارەیەوە شوان محەمەد بەرپرسی كۆمیتەی سەركردایەتی كەركووكی حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان زانیارییەكانی "وشە"ی پشتڕاست كردەوە و ڕای گەیاند، ئەوەی لە كۆبوونەوەی حزبە كوردستانییەكاندا گوتراوە، ئەوەیە كە یەكێتی لەگەڵ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم نییە لە كەركووك.

 



وشە - سه‌رخێڵ هاشم