كۆنگرەی نەتەوەكانی ئێرانی فیدراڵ پشتیوانی لە سەربەخۆیی كوردستان دەكات

:: PM:04:48:23/09/2017 ‌

كۆنگرەی نەتەوەكانی ئێرانی فیدراڵ كە ساڵی ٢٠٠٥ دامەزراوە و لە ١٦ لایەنی سیاسی پێك دێت، پشتیوانی خۆی بۆ ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان راگەیاند و ڕیفراندۆمی وەك ڕێگەچارەیەكی لۆجیكی بۆ چارسەری كێشە بنەڕەتییەكان ناساندووە و پێی وایە پێكهاتەی فیدراڵیزم لە وڵاتانی نادیموكراتیك و ناسیكۆلار، پێكهاتەیەكی دەستەبەریی و بەردەوام نییە و لەم بواردا بە ڕەچاوكردنی "بنەماكانی دیموكراتیك" و دابینكردنی مافی سەرجەم كەمینەكانی ناوخۆیی هەر جیۆگرافیایەك؛ لە فورمی گەڕانەوە بۆ دەنگی خەڵك، ریفراندۆم لە كوردستانی عێراق بۆ بەدیهاتنی مافە بنەڕەتییەكانی نەتەوەی كورد پشتیوانیی و داكۆكی دەكات.

كۆنگرەكە لە هاوپەیمانیەتی ١٦ حزب و لایەنی سیاسی ئێران پێك دێت كە بریتین لە ئەنجوومەنی فەرهەنگی و مەدەنی كوردەكانی خوراسان، پارتی ئازادی كوردستان، بەرەی خەڵكی بەلووچستان، بزووتنەوەی نەتەوەیی بەلووچستانی ئێران، حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران، كۆمەڵەی كوردستانی ئێران، حزبی یەكێتی بەختیاری و لوڕستان، حزبی خەڵكی بەلووچستان، حزبی هاوبەندی دیموكراتیكی ئەهواز، رێخراوی بەرگری لە مافە نەتەوەیییەكانی گەلی توركمان، بزووتنەوەی نەتەوەیی توركمانستانی باشوور، بزووتنەوەی رابوونی نەتەوەیی ئازەربایجان، بزووتنەوەی نیشتیمانی دیموكراتیكی توركمان، ناوەندی كولتووری ئازەربایجان، كۆمسیۆنی دیپلۆماتیكی ئازەربایجانی باشوور.

دەقی ڕاگەیەندراوەكە:
ڕاگەیەندراوی "شوورای ناوەندیی كۆنگرەی نەتەوەكانی ئێرانی فیدراڵ" لەبارەی بەڕێوەچوونی ریفراندۆم لە هەرێمی كوردستانی عێراق:

حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕای گەیاندووە، كە لە ٢٥ی مانگی ئەیلوول/ سێپتێمبەری ٢٠١٧ی زاینی رێفراندۆمێك بەڕێوە دەبات كە ئەم پرسە دژكردەوەی جۆراوجۆری لە ئاستی ناوچە و كۆڕە نێونەتەوەیییەكانی بە دوای خۆیدا هێناوە.

عێراقی پاش دەوڵەتی بەعسی سەدام حوسێن، وەك حكوومەتێكی فیدراڵی هاوبەش كارەكانی خۆی دەست پێ كرد و لە یاسای بنەڕەتی خۆیدا ئاماژە بەوە كرا، كە نەتەوەكان و بەتایبەت نەتەوەی كورد بە دڵخواز لەم حكوومەت بەشدارییان كردووە و یەكەیەكی هاوبەشی سیاسییان پێك هێناوە كە بە شێوەی فیدراڵی، دیموكراتیك و سیكۆلار بەڕێوە دەچێت و هەموو خەڵكی عێراق لەم مافە بەرامبەر و یەكسانە بەری دەبن.

بەڵام بەداخەوە دەستێوەردانەكانی ڕاستەوخۆی دەسەڵاتدارانی كۆتلەبازی كۆماری ئیسلامیی ئێران لە ناوچەكە و پەرەپێدان بە شەڕی مەزەوی و سووكایەتیكردنی لە ڕادەبەدەر بە عەرەبە سوننەكانی عێراق و ئاكامی سەرهەڵدانی داعش، ملكەچبوونی حكوومەتی ناوەندیی عێراق و ناسەقامگیرتربوونی ناوچەكە، بەتایبەت پێكهێنانی تەنگژە لە عێراق و گۆڕینی ئەو حكوومەتە بە حكوومەتێكی كۆتلەبازی مەزەوی، سەرەڕۆ و ناوەندگەرای لێ كەوتەوە.

بوونی ئەم بارودۆخە لە وڵاتی عێراق بووەتە هۆی ئەوە كە بنەمای یاسا بنەڕەتییەكان وەك وڵاتی ئێرانی ژێر دەسەڵاتی ڕاستەوخۆی كۆماری ئیسلامیی، تەنیا لە سەر لاپەڕەكان بمێنێتەوە و بەم جۆرە ئاڵۆزی و هەڵاواردن و تەنگژە سیاسیی و كۆمەڵایەتییەكان لە ناو خەڵكی عێراق سەر هەڵبدات.

بە هۆی دووربینی و ڕوانگەیەكی تیژ لە مەڕ ئەم دۆخە، حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە بەڕێوەبردنی "ریفراندۆم" و گەڕانەوە بۆ دەنگی خەڵكی كوردستان، خۆ دەربازكردنی لەم باردۆخە نالەبارەی لە دەستووری كار خۆی داناوە و بۆ دەربازبوون لەم كێشە و گرفتانەی كە بەرهەمی سیاسەتەكانی حكوومەتی ناوەندییە و بۆ پێكەوە ژیانێكی ئاشتیخوازانە نەتەوەكانی جیۆگرافیای عێراق؛ ریفراندۆم بە ڕێگەچارەیەكی گونجاو دەزانێت.

كۆنگرەی نەتەوەكانی ئێرانی فیدراڵ وەك یەكیەتییەكی سەرتاسەری ئێرانیی كە بە مەبەستی پێكهێنانی ئێرانێكی فیدراڵ، دیموكراتیك و سیكۆلار لە ئێرانی فرەنەتەوەدا پێك هاتووە، وێڕای ڕێزگرتن لە مافی ڕەوای سەروەریی وڵاتانی تر و خۆپاراستن لە دەستێوەردانی ناوخۆیی ڕادەگەیەنێت:

پێكهاتەی فیدراڵیزم لە وڵاتانی نادیموكراتیك و ناسیكۆلار، پێكهاتەیەكی دەستەبەریی و بەردەوام نییە و لەم بواردا بە ڕەچاوكردنی "بنەماكانی دیموكراتیك" و دابینكردنی مافی سەرجەم كەمینەكانی ناوخۆیی هەر جیۆگرافیایەك؛ لە فورمی گەڕانەوە بۆ دەنگی خەڵك، ریفراندۆم لە كوردستانی عێراق بۆ بەدیهاتنی مافە بنەڕەتییەكانی نەتەوەی كورد پشتیوانیی و داكۆكی دەكات.

رۆژی حەوتی حوزەیران/یۆنیۆی 2017 لە كۆبوونەوەی مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان و حكوومەتی هەرێم و كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان، رۆژی 25ی ئەیلوول/سێپتەمبەری داهاتوویان وەك رۆژی ریفراندۆمی كوردستان بۆ "مانەوە یان جیابوونەوە لە عێراق" دیاری كرد. خەڵكی كوردستان لە ناوخۆ و دەرەوە بە تاك و كۆمەڵ بەجۆری جیاواز خۆشحاڵی دەردەبڕن.

پێویستە بگوترێت لە شەوی رابردووەوە پرۆسەی دەنگدانی كورستانییەكانی دەرەوەی عێراق دەستی پێ كردووە و یەكەم دەنگیش كە بەشداری لە ریفراندۆمی سەربەخۆیی كردبێت، كوردێكی دانیشتووی چین بووە. سەرەڕای ئەوەی كە گوشاری نێودەوڵەتی بۆ دواخستنی ریفراندۆم لە ئارادایە، بەڵام تا ئامادەكردنی ئە راپۆرتە ریفراندۆمی سەربەخۆیی بەڕێوە دەچێت.





وشە - سلێمان تاشان