گۆڕان و كۆمەڵ: هەمیشە لەگەڵ سەربەخۆیين
تا ئێستە بزووتنەوەی گۆڕان و كۆمەڵی ئیسلامی هیچ هەڵوێستێكیان لەبارەی بەشداریكردنیان لە ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان نییە و بەرپرسێكی گۆڕانیش دەڵێت، گۆڕان هەمیشە لەگەڵ سەربەخۆیی كوردستان و ڕیفراندۆمدایە.
ئەمڕۆ شەموو 23ی ئەیلوول، چالاك موهەندیس ئەندامی جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان بە "وشە"ی ڕاگەیاند، گۆڕان تەنیا تێبینی لەسەر كاتی ئەنجامدانی ڕیفراندۆمی هەرێمی كوردستان هەیە و پێی وایە دەبوو جارێ تەنگژەكان چارەسەر بكرێن.
زیاتر گوتی، بۆ گەیشتن بە سەربەخۆیی كوردستان هەمیشە لەگەڵ ڕیفراندۆمداین، بەڵام لە كاتی گونجاودا و یەكڕیزی نیشتمانی هەبێت و پایەكانی دەوڵەتمان هەبێت.
ئەو ئەندامەی جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان ڕای گەیاند، ئاگەداركردنەوەی جەماوەری گۆڕان كە لەگەڵ ڕیفراندۆم چۆن مامەڵە بكەن و دەنگ بەچی بدەن، لە دەسەڵاتی خانەی ڕاپەڕاندندایە و ئەوان دەتوانن بڕیار بدەن.
هاوكات شوان رابەر ئەندامی مەكتەبی سیاسیی كۆمەڵی ئیسلامی، كە تا ئێستە حزبەكەی هیچ بڕیارێكی لەبارەی ڕیفراندۆم نەداوە بە "وشە"ی ڕاگەیاند، تا ئێستە ئەگەرەكان لە بەردەم ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان كراوەن و وڵاتان بە ڕژدی لەمبارەیەوە لەسەر هێڵن.
زیاتر گوتی، كۆمەڵی ئیسلامی بڕوای تەواوی بە سەربەخۆیی كوردستان و دەوڵەتی كوردستان هەیە، بەڵام لەبەر ئەوەی ئەگەرەكان كراوەن، تا ئێستە یەكلا نەبووەتەوە.
حەوتی حوزەیران/یۆنیۆی 2017 لە كۆبوونەوەی مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان و حكوومەتی هەرێم و كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان، ڕۆژی 25ی ئەیلوول/سێپتەمبەری وەك ڕۆژی ڕیفراندۆمی كوردستان بۆ "مانەوە یان جیابوونەوە لە عێراق" دیاری كرد.
وشە -
تایبهت