گرووپێكی شاخەوانی سلێمانی سەردانی سرووشتی بارزان دەكەن

:: PM:10:20:23/09/2017 ‌

دەڤەری بارزان لە رووی سرووشت و بوونی ئاژەڵە كێوییەكانەوە ناوی دەركردووە، ئەوەش بووەتە هۆكاری ئەوە كە چەندان گرووپ و رێكخراو و ناوەندەكانی زانكۆ و پەیمانگە سەردانی دەڤەرەكە بكەن، ئەمڕۆ گرووپێكی شاخەوانی سلێمانی سەردانی دەڤەری بارزانیان كرد و سەرسامی خۆیان بۆ ژینگەی دەڤەری بارزان دەربری.

ئەمڕۆ شەموو 23 ئەیلوول/ سێپتێمبەر ئەنوەر دوڵەمەڕی سەرۆكی سەنتەری بارزان بۆ ژینگەپارێزی و شاخەوانی بە "وشە"ی راگەیاند، ئەمڕۆ ئەوان پێشوازی لە گرووپێكی شاخەوانی سلێمانیان كرد كە بە مەبەستی ئاشنابوون لە ژینگە و سرووشتی دەڤەری بارزان سەردانیان كردبوون.

زیاتر گوتی، گرووپەكە ناوی "رەشاقە و لەشجوانی سلێمانی" بوو و لە 52 كچ و كوڕ پێك هاتبوون و بە پێی قسەی ئەوان ژینگەی دەڤەری بارزان نموونەی كوردستانە و پێشتر چەندان شت بە هەڵە لەسەر دەڤەری بارزانیان زانیوە، لەوانە رێگە نەدان بە هیچ گرووپ و كەسێكی تر كە بێتە نێو ژینگەی دەڤەری بارزان و زانیاری لەسەر دارستان و ئاژەڵە كیوییەكان و ژینگەی سرووشتی وەربگرن، بەڵام بە پێی قسەی ئەوان بێ ئەوەی لە هیچ بازگەیەكی ناوچەكە بوەستن بە كومەڵەكە كچ و كورێكەوە لە نێزیكەوە سەردانی ژینگە دەڤەری بارزانیان كرد و سەرسامی خۆیان پێشان دا.

گرووپەكە لەگەڵ گرووپی سەنتەری بارزان بۆ ژینگەپارێزی و شاخەوانی، كە ئەوانیش پێك هاتبوون لە 20 كچ و كوڕ سەردانی گەلی زورەگڤان و دالاشیان كرد كە دوو لە سەرنجراكێشترین و خۆشترین سرووشت و ژینگەی دەڤەری بارزانن و ئاو و بەرد و دار و ژینگەی سەرنجراكێشی هەیە و لە نزیكەوە دیمەن و دیكومێنت و زانیاریان لەسەر وەرگرت، دۆڵەمەڕی وای گۆت.

بە پێی قسەكانی سەرۆكی سەنتەری بارزان بۆ ژینگەپارێزی و شاخەوانی سەردان و مێوانداریكردنی رێكخراو و گرووپە ژینگەیی و شاخەوانییەكان بۆ دەڤەری بارزان شتێكی زۆر گرنگە و دەبێتە هۆكاری زیاتر ناسینی ژینگەی دەڤەری بارزان و ئاشنابوونی ژینگەی دەڤەرەكە لەسەر بنەمایەكی راست و دروستی و رای گەیاند، وەك سەنتەری بارزان بۆ ژینگەپارێزی و شاخەوانی ئامادەین پێشوازی لە هەموو گرووپ و رێكخراوە ژینگەییەكان و ناوەندەكانی زانكۆ و پەیمانگەكان بكەین بۆ ئەوەی زانیاری و دیمەن و دیكۆمێنت و هەموو شتێك لەسەر ژینگە و سرووشتی دەڤەری بارزان بزانن و لە ناوچەكەدا بگەڕێن.

دەڤەری بارزان لە شارۆكەی مێرگەسوور و پێنج شارەدیێ و 270  گوند پێك دێت و زیاتر لە سەتەیەكە وەك نموونەی ژینگەی كوردستان دەناسرێت، بە تایبەتی لەڕووی دارستان و بوونی ئاژەڵە كێوییەكان، تەنانەت لە زۆر ناوچەی دەڤەری بارزان ئاژەڵە كێوییەكان بە كومەڵ كومەڵ و لەسەر شەقامەكان دەبینن و هەندێك ئاژەڵی دەگمەن بینڕاون وەك ئاسك و شێر و پڵنگ.

بارزان/ نەوزاد هلۆری



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل