كورد گەیشتووەتە خاڵی نەگەڕانەوە

:: PM:11:34:23/09/2017 ‌

مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پرسی ریفراندۆمی هەرێمەكەی بۆ سەربەخۆیی لە عێراق گەیاندە خاڵی نەگەڕانەوە، بەوەش رێگەی لەبەردەم هەر وتوێژێك لەو بارەوە گرت، هەروەها ئەو رووبەڕووی بڕیارێكی ئەنجوومەنی ئاسایش بووەوە لەدژی ریفراندۆمەكە، جا ئەگەر رۆژانی داهاتوو بە بێ هیچ گۆڕانكاریەكی دراماتیكی لە هەڵوێستەكاندا تێپەڕ بێت، پرسیارەكانی دەكرێن ئەوانەن كە ئاخۆ ریفراندۆم لەكوێ دەكرێت و ناوچە كێشە لەسەرەكان دەگرێتەوە؟، لە دوای ریفراندمیش بەغدا قبووڵی وتوێژ دەكات؟.

بارزانی لە وتارێكی لەبەردەم جەماوەرێكی فرەوان لە هەولێر كە دوا گەڕی گەشتەكانی بوو وەك بانگەشەی ریفراندۆم لە كوردستان، بڕیارەكەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی رەت كردەوە كە شەوی پێنجشەم دەرچوو و داوای لە هەرێم كرد كە پڕۆسەكە ئەنجام نەدات و لەگەڵ بەغدا بكەوێتە گفتوگۆوە، بەڵام بارزانی بە زمانە پڕ لە حەماسەتەكەیەوە سووربوونی خۆی لەسەر دەست پێ كردنی وتوێژ لەگەڵ بەغدا لە دوای ریفراندۆم راگەیاند و دووپاتی كردەوە كە پێویستە ئەوانەی هەڕەشەی سزادانی هەرێمی كوردستان دەكەن كە سزای ئەو بدەن نەوەك گەلی كوردستان.

ئەو حەماستەی بارزانی رێگەی لەبەردەم وتوێژی دوا ساتەكانی شاندی كورد لە بەغدا داخست، ئەگەرچی چەند سەرچاوەیەكی كوردی باسیان لە بوونی چەند چارەسەرێك كرد لەوانە ئەنجام نەدانی ریفراندۆم لە ناوچە كێشەلەسەرەكان بەتایبەتی لە كەركووك. 

شەوی پێنجشەم ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی رای گەیاند كە ئەوان لەگەڵ ریفراندۆمی هەرێمی كوردستان بۆ سەربەخۆیی نین و ئاماژەی كرد كە ئەو هەنگاوە رەنگە ببێتە مایەی تێكچوونی سەقامگیری ناوچەكە و رێگر لەبەردەم گەڕانەوەی خۆویستانەی زیاتر لە سێ ملیۆن ئاوارە و راگوێزراو بۆ ناوچەكانی خۆیان.

لە بەرامبەردا بارزانی كە دووپاتی لە بەردەوامی جەنگ لەدژی داعش كردەوە، رەخنەی لە هەڵوێستە نێودەوڵەتییەكان كردەوە كە كاتی بەڕێوەچوونی ریفراندۆمی هەرێم رەت دەكەنەوە و كاتەكەی بە زۆر دواكەوتوو لەقەڵەم دا بۆ وتوێژكردن بۆ دواخستنی ریفراندۆمەكە.

بارزانی بە حەماستەوە رای گەیاند كە من ئەو كەسە نیم كە گەلەكەی شەرمەزار بكات و پاشگەزبوونەوەش لە ریفراندۆم نییە، ئاماژەی كرد بڕیاری ریفراندۆم لە دەستی من و پارتەكان دەرچووە و ئێستە لەدەستی گەلی كوردستاندایە.

بە پێی زانیارییەكانی نزیك لە حكوومەتی عێراقەوە دوو هۆكار هەن كە كار دەكەنە چۆنیەتی مامەڵەكردنی بەغدا لەگەڵ ریفراندۆمی هەرێمی كوردستان ئەگەر لەكاتی خۆی هاتە سازكردن، یەكەمیان بەشداریكردنی ناوچە كێشە لەسەرەكان لە پڕۆسەكە و دووەمیش سروشتی داواكانی كورد لەدوای راگەیاندنی ئەنجامەكان.

پێ دەچێت هەڵوێستی بەغدا لەو پرسەدا بەهێزتر بێت، بەتایبەتی كاتێك وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا رای گەیاند كە چاودێری وتوێژی هەولێر و بەغدا ناكەن لەدوای بەڕێوەچوونی ریفراندۆم، كە رەنگە ئەوەش وا بكات بەغدا وتوێژەكان لە دوای ریفراندۆم رەت بكاتەوە و دۆخەكە بە هەڵپەسێردراوی بهێڵێتەوە لە چاوەڕوانی گۆڕانكارییەكی سیاسی كە رەنگە لە هەڵبژاردنی داهاتووی هەرێمی كوردستان یان هەڵبژاردنی گشتیی داهاتووی عێراق بێتە كایەوە.

سەرەڕای ئەو هەڕەشانەشی كە هەریەك لە توركیا و ئێران لەدژی هەرێمی كوردستان باسی لێوە دەكەن ئەگەر ریفراندۆم ئەنجام بدات، بەڵام پێشبینی ناكرێت كە ئەو رێوشوێنەی ئەوان بەنیازن وەری بگرن راستەوخۆ لە رۆژی دوای ریفراندۆمەكە دیار بكەوێت، لەوانەش داخستنی دەروازە سنوورییەكان كە ئەگەر توركیا دایبخات مانای داخستنی تاكە دەروازەی نێوان توركیا و هەموو عێراقە، هەروەها زەحمەتی داخستنی دەروازەی هاوبەشی هەردوو حكوومەتی بەغدا و هەرێم لە مەندەلی.

بارزانی دووپاتی لەوەش كردەوە كە دەستووری عێراق باس لە یەكگرتن دەكات نەوەك یەكێتی و گوتی، لە دوای ساڵی 2003دا وامان زانی كە عێراقێكی نوێ بنیات دەنێین، بەڵام لەبری بنیاتنانی دەوڵەتێكی دیموكراتی مەدەنی، خۆمان لەناو دەوڵەتێمی مەزهەبی دۆزییەوە.

سەرۆكی هەرێمی كوردستان روونی كردەوە، دوای داڕشتنی دەستووری عێراق، ئێمە پێی رازی بووین، بەڵام بەغدا پێوەی پابەند نەبوو و مادەی 140ی دەستووریش جێبەجێ نەكرا و روونی كردەوە كە ریفراندۆم بۆ كێشانی سنوور نییە، بەڵكو بۆ دووپاتكردنەوەی مافەكانمكان بۆ سەرەبەخۆیی و جەختی لەوەش كردەوە كەو كوردستانی عێراق ماوەی سەت ساڵە چاوەڕوانی ئەورۆژە دەكات.

سەرۆكی هەرێمی كوردستان هەموو پاڵەپەستۆكانی ناوەخۆیی و ناوچەیی و نێودەوڵەتی بۆ دواخستنی ریفراندۆم رەت كردەوە و رای گەیاند كە شەو رۆژ پاڵەپەستۆمان دەخەنە سەر، بەڵام ئێمە ناگەڕێینەوە بۆ ئەزموونێكی فاشیل.

بارزانی دووپاتی كردەوە كە هەڵوێستێك وەرناگرین كە گەلەكەم پێی شەرمەزار بێت و ئەوانەشی ریفراندۆم رەت دەكەنەوە، با بچن بۆ سندووقەكانی دەنگدان بە نەخێر دەنگ بدەن، ئاماژەی كرد كە كوردستانی عێراق ئێستە لە نێوان ئازادی و ژێردەستەیی بڕیار دەدات.

سەرچاوە: حەیات





وشە - مه‌حموود ئیسماعیل