ئەندامێكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەبارەی هەڵوێستی هەندێك بەرپرسی یەكێتی لە كەركووك بۆ دژایەتی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە شارەكە، دیوە شاراوەكانی ئەو هەڵوێستەیان ئاشكرا دەكات و دەڵێ، واز لە بیانووی جۆراوجۆر بێنن، خەڵك زۆر باش دەزانێ ئێوە ڕۆژانە بەهۆی دزینی نەوتی كەركووك ڕۆژانە 700 هەزار تا ملیۆنێك دۆلارتان دەست دەكەوێ و ناتانەوێ ئەمەتان لە كیس بچێ، بۆیە دژی ڕیفراندۆمن.
شاخەوان عەبدوڵا ئەندامی كورد و نوێنەری شاری كەركووك لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە پەڕەی فەرمی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك نووسیویەتی، یەكێتی نا بەڵكو مافیاكان، لە دوا كۆبوونەوەی خۆی یەكێتی هەڵوێستی خۆیان لەسەر ڕیفراندۆم ڕاگەیاند كە بە بێ كەركووك بەشداری ڕیفراندۆم ناكەن، بەڵام لە كەركووك هەندێك لەو بەرپرسانەی ڕۆژانە 700 هەزار تا ملیۆنێك دۆلاریان لە دزینی نەوتی كەركووك دەست دەكەوێ، داوای ئەنجامنەدانی ڕیفراندۆم بە بیانووی جۆراوجۆر دەكەن.
هەروەها نووسیویەتی، خەڵك باش دەزانێ یەكێتی لە هەڵبژاردنی 2014 بە تەنیا نیوەی دەنگەكانی كەركووكی هێناوە، كەواتە باشترە بە خەڵك بڵێن لە دوای ڕیفراندۆم ئیتر ئێمە ناتوانین تانكەر ئاودیو بكەین، جەماوەری كەركووكیش لە وەڵامی ئەو هەوڵانەیان لە ڕۆژی دووشەم بە سەرجەم چین و توێژەكانەوە لەگەڵ سەربەخۆیی كوردستانن، ئەگەر كورد نەتوانێ دەنگی پێویست لە كەركووك بە دەست بهێنێ، ئەوانە دەرئەنجامەكەی دەكەوێتە ئەستۆی ئەوان.
جێی باسە لە دوێنێ شەمووەوە بەرپرسانی یەكێتی لە كەركووك لە كۆبوونەوەیان لەگەڵ حزبە كوردستانییەكان، دووپاتیان لەوە كردووەتەوە كە ئەوان ڕێ نادەن ڕیفراندۆم لە كەركووك ئەنجام بدرێت، بۆ ئەو مەبەستەیش لاهوور جەنگی هێزێكی گەیاندووەتە كەركووك، بەڵام كۆسرەت ڕەسووڵ جێگری یەكەمی سكرتێری گشتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ئێوارەی دوێنێ گەیشتە كەركووك و ناڕەزایییەكانی كپ كردووەتەوە.