خولی ئیسپانیا.. ئەتلەتیكۆ و ریال و بەرشە بردییانەوە
دوێنێ شەموو چەند یارییەك لە گەڕی شەشەمی خولی پلە یەكی ئیسپانیا بەڕێوە چوو و تێیدا هەریەك لە یانە گەورەكان ئەتلەتیكۆ مەدرید و ریال مەدرید و بەرشەلۆنە سەركەوتنیان بەدەستهێنا.
سەرەتا یانەی ئەتلەتیكۆ مەدرید لەنێو یاریگە و جەماوەری خۆی سەركەوتنێكی گەورەی بەسەر یانە ركابەرەكەی سڤیلییە بەدەستهێنا و بە 2 گۆڵی بێ وەڵام بەربەستی ئەو یانە بەهێزەی خولی ئیسپانیای بڕی، گۆڵەكانیش لەلایەن كاراكسۆی بەلجیكی و ئەنتوان گریزمانی فڕەنسی لە خولەكانی 46 و 70 هاتنە تۆماركردن.
بەم سەركەوتنە یانەی ئەتلەتیكۆ مەدرید بە كۆكردنەوەی 14 خاڵ هاتە ریزبەندی دووەمی یانەكان و یانەی سڤیلییەش بە 13 خاڵ بۆ ریزبەندی سێیەم دابەزی.
یانەی ریال مەدرید دوای ئەوەی لە گەڕی رابردوودا لەنێو یاریگەی سانتیاگۆ بە گۆڵێكی بێ وەڵام بەرامبەر یانەی ریال بیتیس دۆڕا بوو، لە یارییەكی تری گەڕی شەشەمدا لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بەزەحمەت توانی بە ئەنجامی 1-2 گۆڵ سەركەوتن بەسەر یانەی ئەلاڤێس بەدەستبێنێ، هەردوو گۆڵەكەی یانەی ریال مەدرید لەلایەن یاریزانی نوێ دانی سیبایۆس لە خولەكانی 10 و 43ی گێمی یەكەمدا تۆماركران، تاكە گۆڵەكەی یانەی ئەلاڤێسیش لەلایەن مانوێل گارسیا لە خولەكی 40 تۆمار كرا.
بەم سەركەوتنە یانەی ریال مەدرید تاڕادەیەك ئەنجامە خراپەكانی ئەم دواییەی راست كردەوە و خاڵەكانی كردە 11 و هاتە ریزبەندی چوارەمی یانەكان، یانەی ئەلاڤێسیش بەبێ خاڵ هەر لە ریزبەندی كۆتا مایەوە.
لە یارییەكی بەهێزی تری گەڕی شەشەمدا یانەی بەرشەلۆنە لە یاریی دێربی بچووكراوەی كەتەلۆنیا بە 3 گۆڵی بێ وەڵام لە یانەی گیرۆنای بردەوە، دوو گۆڵی یانەی بەرشەلۆنە بەهەڵە لەلایەن یاریزانانی یانەی گیرۆنا لە خولەكانی 18 و 48 تۆمار كران و گۆڵی سێیەمیش لەلایەن لویس سوارێزی هێرشبەری ئۆرگوایی هاتە تۆماركردن.
بەم سەركەوتنە یانەی بەرشەلۆنە كۆی خاڵەكانی كردە 18ی تەواو و بە شەش سەركەوتن هەر لە ریزبەندی یەكەمی یانەكان مایەوە، یانەی گیرۆناش بە 6 خاڵ هەر لە ریزبەندی 15ی یانەكان مایەوە.
هەر لە چوارچێوەی یارییەكانی گەڕی شەشەمی خولی ئیسپانیادا هەردوو یانەی مەلەگە و ئەتلەتیك بیلباو بە ئەنجامی 3-3 گۆڵ یەكسان بوون، بەمەش یانەی ئەتلەتیك تا ئێستا 8 خاڵی كۆ كردووەتەوە و لە ریزی نۆیەم دێت، یانەی مەلەگەش بە خاڵێك ریزبەندی 20ی یانەكانی بەردا و هاتە ریزبەندی 19.
ئەمڕۆ یەكشەم درێژە بە یارییەكانی گەڕی شەشەمی خولی پلە یەكی ئیسپانیا دێت و تێیدا ئەم یارییانە بەڕێوە دەچن: ئیسپانیۆڵ – دیپۆرتیڤۆ لاكڕۆنیا، خیتافی – ڤیاڕیال، ئیبار – سێلتا فیگۆ، لاس پاڵماس – لیگانیس و ریال سۆسیداد – ڤالێنسیا، سبەی دووشەمیش دوا یاریی گەڕەكە لەنێوان هەردوو یانەی ریال بیتیس – لیڤانتی بەڕێوە دەچێت.
وشە -
ئامانج ئهكرهم