نامە نهێنییەكانی بەرشەلۆنە و لێڤەرپوول بۆ كۆتینیو ئاشكرا كران

:: AM:10:37:24/09/2017 ‌

ماڵپەڕێكی ئەڵمانی ئەو نامە و ئیمێلانەی یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی ئاشكرا كرد كە بۆ یانەی لێڤەرپوولی ئینگلیزی ناردووە بەمەبەستی گرێبەستكردن لەگەڵ فیلیپ كۆتینیوی ئەستێرەی بەڕازیلی.

رۆژنامەی (دێر شپیگێل) نامەكانی نێوان هەردوو یانەی بەرشەلۆنە و لێڤەرپوولی ئاشكرا كرد كە چەندان نهێنی گەورەی لەبارەی گرێبەستەكەی كۆتینیو تێدایە.

یەكێك لە ئێمەلەكان دەری دەخات كە یانەی بەرشەلۆنە یەكەم دەستەوارەی لە مانگی حەوت بۆ گرێبەستكردن لەگەڵ كۆتینیو بەبەهای 72 ملیۆن پاوەن ناردووە، بەڵام یانەی لێڤەرپوول راستەوخۆ بەنەخێر وەڵامی داوەتەوە.

دەستەوارەی دووەمی یانەی بەرشەلۆنە لە مانگی هەشت بووە و بەهاكەشی 90 ملیۆن پاوەن بووە، لای خۆشییەوە مایكل ئێدواردز بەڕێوەبەری یانەی لێڤەرپوول بەمشێوەیە وەڵامی داونەتەوە "بە ئاشكرا و نهێنی داواتان لێ دەكەم واز لە كۆتینیو بێنن، بەپارەی زیاتریش بۆچوونمان ناگۆڕین".

دوای ئەم وەڵامەش یانەی بەرشەلۆنە وازی نەهێناوە و دەستەوارەی سێیەمی بەبەهای 114 ملیۆن پاوەن بۆ یانەی لێڤەرپوول ناردووە، هەروەها مووچەی كۆتینیوشی دیاری كردبوو كە لە ماوەی 5 ساڵدا 101 ملیۆن پاوەنی پێ دەدات، تەنانەت ئەو پارەیەشی دیاری كردبوو كە دەیدات بە بەڕێوەبەری كارەكانی كە 9 ملیۆن پاوەن بووە، بەڵام یانەی لێڤەرپوول دیسان بە نەخێر وەڵامیان دابووەوە.

ئاشكرابوونی ئەو ئیمەیلانە دەری دەخەن كە یانەی بەرشەلۆنە 200 ملیۆن یۆرۆی بە كۆتینیو نەداوە وەك ئەوەی بەم دواییە دەزگاكانی راگەیاندن و تەنانەت بەرپرسانی یانەی بەرشەلۆنەش رایان گەیاندبوو.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م