نێدڤید لە وازهێنان پەشیمان دەبێتەوە و دەست بە یاریكردن دەكاتەوە

:: AM:10:50:24/09/2017 ‌

پاڤل نێدڤیدی ئەستێرەی چیكی كە ئێستا پۆستی جێگری سەرۆكی یانەی یۆڤانتۆسی ئیتاڵی هەیە، بڕیاریدا واز لە بڕیاری دووركەوتنەوەی یاریی تۆپی پێ بێنێ و دووبارە وەك یاریزان دەست بە یاریكردن بكاتەوە.

نێدڤید لەسەر تۆڕی كۆمەڵایەتی (فەیسبووك) وێنەیەكی بڵاو كردەوە كە تێیدا واژوو لەسەر گرێبەستكردن لەگەڵ یانەكەی پێشووی سكالنا ئیمزا دەكات.

یانەی سكالنا كە ئێستا لە خولی تیپە میللییەكانی وڵاتی چیك یاریی دەكات، ئاشكرای كرد كە وەك یاریزان گرێبەستیان لەگەڵ نێدڤید كردووە، بەڵام نازانن كەی بەفەرمی یارییان بۆ دەكات بەهۆی سەرقاڵبوونی بە كارە كارگێڕییەكانی یانەی یۆڤانتۆسەوە.

كوڕەكەی نێدڤید كە ناوی جۆنیۆرە و تەمەنی 18 ساڵە لە هەمان تێپدا یاریی دەكات، بەمەش كوڕ و باوك لە هەمان تێپدا یاریی دەكەن.

بەگوێرەی زانیارییەكان چاوەڕوان دەكرێ نێدڤید یەك یاریی لەگەڵ یانەی سكالنا ئەنجام بدات وەك وەفایەك بۆ یانەكەی پێشووی كە لەوێدا بوو بە یەكێك لە گەورەترین ئەستێرەكانی ئەوروپا و جیهان.

جێی باسە نێدڤید لە ساڵی 2009 لە ریزی یانەی یۆڤانتۆس بەیەكجاری وازی لە یاریكردنی تۆپی پێ هێنا و ئێستاش وەك جێگری سەرۆك هەر لە ریزی یانەكەدا كار دەكات.






وشە - ئامانج ئه‌كره‌م