كەركووك.. یەكێتی خۆی یەكلا دەكاتەوە

:: AM:11:08:24/09/2017 ‌
بڕیارە ئەمڕۆ یەكشەم كۆبوونەوەی لایەنە ناكۆكەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەسەر ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە شاری كەركووك بەردەوام بێ و پرسی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە شارەكە بە تەواوی یەكلا بكەنەوە.

سەرچاوەیەك لە كەركووكەوە بە "وشە"ی ڕاگەیاند، شەوی ڕابردوو تا سەعات 12ی شەو هەریەك لە كۆسرەت ڕەسووڵ و نەجمەدین كەریم و ئاسۆ مامەند و لاهوور جەنگی لە كەركووك لە كۆبوونەوەدا بوون، بۆ ئەوەی لەسەر پرسی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە كەركووك بگەنە بڕیارێكی هاوبەش، بەڵام نەگەیشتن بەو بڕیارە و ئەمڕۆیش كۆبوونەوەی نێوانیان بەردەوامی هەیە و پێویستە بڕیاری خۆیان بدەن، ئایا ڕێ دەدەن كەركووك بەشداری ئەو پرسە نیشتمانییە بێ و بگەڕێتەوە سەر كوردستان و لەگەڵ شارەكانی كوردستان بەشداری ڕیفراندۆم بێ، یان ڕێ بەو كارە نادەن.

سەرچاوەكە ئاماژەی دا، تەواوی ئەندام و لایەنگرانی یەكێتی لە شارەكە بە تەواوی لەگەڵ ئەنجامدانی ڕیفراندۆمن و بە جۆش و خرۆشەوە ئامادەن سبەی دووشەم بچنە سەر سندووقەكانی دەنگدان، بەڵام هەندێ بەرپرسی یەكێتی دژی ئەنجامدانی ڕیفراندۆمن لە كەركووك و بۆ ئەو مەبەستەیش كۆسرەت ڕەسووڵ و نەجمەدین كەریم لەگەڵیان لە كۆبوونەوەدان، بەڵام تا ئێستە نەگەیشتوون بە بڕیارێكی هاوبەش.

بڵاوبوونەوەی لێدوان و ڕاگەیەنراوی بەرپرسانی یەكێتی لە كەركووك، ڕێگریی لە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە شاری كەركووك دەكەن، ئەمەیش بە تەواوی نیگەرانی خەڵكی كەركووك و تەواوی شارەكانی كوردستانی لێ كەوتووەتەوە.


وشە - باز ئه‌حمه‌د