هه‌رێمی كوردستان دوور له هۆی سیاسیی كه به‌ده‌وڵه‌تبوون خواستێكی ره‌وا و ئامانجێكی مێژوویییه، توانیویه‌تی له ماوه‌ی ساڵانی رابردوو تۆڕێك پێوه‌ندی ئابووری ناوچه‌یی و نێوده‌وڵه‌تی دروست بكات و ده‌یان گرێبه‌ستی درێژخایه‌نی بواری وزه واژوو بكات، ئه‌وانه هه‌موویان ده‌بنه فاكته‌ری پاڵپشتیی گه‌وره‌ی نێوده‌وڵه‌تی بۆ به‌ده‌وڵه‌تبوونی.
به‌شێك له شاره‌زایان ده‌ڵێن ئه‌و كۆمپانیایانه‌ى له كوردستان كار ده‌كه‌ن، كۆمپانیای گه‌وره‌ى وڵاتانی زلهێزن و كاریگه‌رى گه‌وره‌یان له‌سه‌ر وڵاته‌كانیان و ڕۆڵیان هه‌یه كه زۆر چاوپۆشى له هه‌نگاوه‌كانى كوردستان بكه‌ن.
د. زاهیر مه‌جید مامۆستا له كۆلیژی یاسا و زانسته سیاسییه‌كان و دكتۆرا له بواری نه‌وت و گرێبه‌سته‌كان، به"وشه"ى ڕاگه‌یاند، ئه‌و كۆمپانیایانه‌ى له كوردستان كار ده‌كه‌ن، كۆمپانیای گه‌وره‌ى وڵاتانی زلهێزن و له ڕووى موڵكییه‌ته‌وه كاریگه‌رى گه‌وره‌یان هه‌یه له‌سه‌ر وڵاتانى خۆیان و له‌به‌رچاوگرتنیان هه‌یه، بۆیه سوود و قازانج بۆ خۆیان و به كوردستانیش ده‌گه‌یه‌نن.
ڕوونى كرده‌وه كه سه‌ربارى كۆمپانیاكان چه‌ندان ده‌ستى كاریان هێناوه‌ته كوردستان و كرێكارى خۆیان به‌كار خستووه، بۆیه ته‌واوى ئه‌وانه ڕۆڵیان هه‌یه له‌وه‌ی وڵاتان تا ئاستێكی زۆر چاوپۆشى له هه‌نگاوه‌كانى كوردستان بكه‌ن.
د. زاهیر ئاماژه‌ى به‌وه كرد، وڵاتان و كۆمپانیاكان لێكدانه‌وه‌ى خۆیان هه‌یه بۆ ئێسته‌ى كوردستان و بۆ داهاتووی دروستبوونى ده‌وڵه‌تى كوردستان، ئه‌و گرێبه‌ستانه‌ى كراون له نێوان كۆمپانیاكان و هه‌رێم هیچیان بۆ ساڵێك و دووان نه‌كراون و گرێبه‌ستى درێژخایه‌نن كه ئه‌وه كاریگه‌ریى گه‌وره داده‌نێ له‌سه‌ر مانه‌وه‌ى كۆمپانیاكان له كوردستاندا.
"كۆمپانیاكانى بیانى له كوردستان تازه له سه‌ره‌تاى گرێبه‌سته‌كاندان و قازانجى ئه‌وتۆیان نه‌كردووه، بۆیه پێشبینى ده‌كه‌ین له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تى كوردستان زیاتر په‌ره به كاره‌كانیان بده‌ن، ته‌نانه‌ت ئه‌وانیش نایه‌نه‌وێ كوردستان له‌گه‌ڵ به‌غدادا بێت" پسپۆڕه‌كه‌ی بواری نه‌وت وای گوت.
شاره‌زایان دووپاتی ده‌كه‌نه‌وه كه هه‌رێمى كوردستان له ماوه‌ى ڕابردوودا وه‌ك ده‌وڵه‌ت مامه‌ڵه‌ى له‌گه‌ڵ كۆمپانیا بیانییه‌كاندا نه‌كردووه، بۆیه به ده‌وڵه‌ت بوونی ده‌توانێت زیاتر متمانه له‌سه‌ر گرێبه‌سته‌كانی كه تا ئێسته‌یش واژوو كراون دروست بكات.
ئیدریس ره‌مه‌زان مامۆستاى كۆلێژى كارگێڕى و ئابوورى له زانكۆى سه‌ڵاحه‌دین، به"وشه"ى ڕاگه‌یاند، كوردستان له ماوه‌ى ڕابردوودا وه‌ك ده‌وڵه‌ت مامه‌ڵه‌ى له‌گه‌ڵ كۆمپانیاكاندا نه‌كردووه، بۆیه به بوون به ده‌وڵه‌ت، ده‌توانێت زیاتر متمانه له‌سه‌ر گرێبه‌سته‌كان دروست بكات و ئه‌وه‌ش سوودى كۆمپانیاكانى تێدا ده‌بێت.
ڕوونى كرده‌وه "بوونى متمانه‌ى یاسایى بۆ كۆمپانیاكان له چوارچێوه‌ى ده‌وڵه‌تى كوردستان، وا ده‌كات ئه‌و كۆمپانیایانه‌ى ئێسته هه‌ن كۆمپانیای زیاتر بێنن و كارى وه‌به‌رهێنان بكه‌ن".
كوردستان ته‌نیا له بواری نه‌وتدا 47 گرێبه‌ستی له‌گه‌ڵ پێنج له گه‌وره‌ترین كۆمپانیاكانی كه‌رتی وزه‌ی دنیا كردووه, جیا له‌و ده‌یان كۆمپانیایه‌ی تر كه له وڵاته‌كانی خۆیاندا كاریگه‌رن.
دكتۆر بێوار خنسی راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان بۆ كاروباری وزه، بۆ "وشه" روونی كرده‌وه، باسی گرنگی چوونه بواری جێبه‌جێكردنی گرێبه‌سته‌ی هه‌رێمی كوردستان و "رۆسنه‌فت" ده‌كه‌م كه واژووكردنی گرێبه‌سته‌كه له مانگی ئاداری رابردوو هاته كایه‌وه و له‌و رێیه‌وه ئه‌و كۆمپانیایه كێشه‌یه‌كی گه‌وره‌ی كوردستان چاره‌سه‌ر ده‌كات، ئه‌ویش فرۆشتنی نه‌وته، هاوكات ئاستی به‌رهه‌مهێنانی نه‌وتی كوردستان و قه‌باره‌ی یه‌ده‌گه‌كه‌شی زیاد ده‌كات.
زیاتر گوتی، ئه‌و گرێبه‌سته‌ی له‌گه‌ڵ "رۆسنه‌فت" هاته واژووكردن زۆر گرنگه، چونكه ئه‌و كۆمپانیایه زۆر گه‌وره‌یه و فاكته‌رێكی سه‌ره‌كییه و رۆڵێكی زۆر مه‌زنی هه‌یه و كاریگه‌ری له‌سه‌ر سیاسه‌تی رووسیا و دۆسته‌كانی له ئێران و توركیا هه‌یه و ده‌توانێت پاڵپه‌ستۆیه دروست بكات، بۆیه ده‌كرێت ئه‌و گرێبه‌سته ببێت به فاكته‌رێك بۆ پشتیوانی كوردستان له پرۆسه‌ی ریفراندۆمدا كه به‌هێمنی ته‌ناهی ده‌ربچێت.
"وڵاتێكی وه‌ك توركیا ساڵانه 50 ملیار مه‌تر سێجا غاز به‌كار دێنێت كه له پێنج وڵاتی ده‌كڕێت له رووسیا و ئێران و ئازه‌ربایجان و قه‌ته‌ڕ و جه‌زائیر، هه‌ندێك له‌و وڵاتانه هه‌زاره‌ها كیلۆمه‌تر لێیه‌وه دوورن، له‌وكاته‌ی پڕۆژه‌كه‌ی كوردستان ده‌توانێت ساڵانه 30 ملیار مه‌تر سێجا غاز بگه‌یه‌نێته توركیا، بۆیه ئه‌گه‌ر هێمنی و ته‌ناهی له ناوچه‌كه دروست ببێت و سه‌ربه‌خۆیی ئیداره‌ی نه‌وتی هه‌بێت له دوای پڕۆسه‌ی ریفراندۆمی كوردستان دوور له به‌غدا، دۆخی به‌ڕێوه‌بردنی نه‌وت زۆر ده‌گۆڕێت و قه‌باره‌ی به‌هه‌مهێنان زیاتر ده‌بێت" خنسی وای گوت.
روونی كرده‌وه، ئه‌و 30 ملیار مه‌تر سێجا غازه‌ی هه‌رێمی كوردستان بۆ توركیا 60%ی پێویستییه‌كانی پڕ ده‌كاته‌وه، واته به‌رانبه‌ر چوار ده‌وڵه‌ت پێویستییه‌كانی پڕ ده‌كاته‌وه، هه‌روه‌ها له داهاتوودا پێویستییه‌كانی ساڵانه‌ی توركیا بۆ غاز ده‌گاته 81 ملیار مه‌تر سێجا، بۆیه به‌رژه‌وه‌ندی ئابووری دوولایه‌نه‌یه، ئه‌گه‌ر حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كه‌رتی نه‌وتی به‌شێوه‌یه‌كی رێك به‌كار بێنێت، ئه‌وه نه‌وت و غاز فاكته‌ری سه‌ره‌كین بۆ به‌ده‌وڵه‌تبوون.
وشه/ سه‌رخێڵ هاشم و مه‌حموود ئیسماعیل