هه‌رێمى كوردستان خاوه‌نى ژماره‌یه‌كى زۆر ئاشى پێشكه‌وتووه. ئاشه‌كان تواناى به‌رهه‌مهێنانیان له پێویستى ناوخۆ زۆر زیاتر بووه و ئێسته هه‌وڵى به‌رهه‌مهێنانى ئاردى پله یه‌ك ده‌ده‌ن تا چیتر ئاردى توركى نه‌یه‌ته كوردستانه‌وه.
حه‌سه‌ن شۆڕش خاوه‌نى ئاش له هه‌ولێر، باس له تواناى به‌رهه‌مهێنانى ئاشه‌كه‌ى ده‌كات و به"وشه" ده‌ڵێ، "به په‌ره‌پێدانى زیاتر له ئاشه‌كه‌مدا، ده‌توانین رۆژانه زیاتر له 250 هه‌زار تۆن ئارد به‌رهه‌م بێنین".
ئاشه‌كه‌ى حه‌سه‌ن له جۆرى ئه‌ڵمانییه و له توانایدایه هه‌رسێ جۆر گه‌نمى كوردستان بهاڕێت و رای ده‌گه‌یه‌نێت، "ئێمه ئاردى سفرى پله دوو به‌رهه‌م دێنین و ئێسته ئاردى پێویست له‌گه‌ڵ ئاشه‌كانى تر بۆ هه‌ولێر دابین ده‌كه‌ین و تواناى ئه‌وه‌مان هه‌یه ڕێژه‌ى ئارد بۆ سه‌رووى هه‌زار و 800 تۆن له ڕۆژێكدا به‌رز بكه‌ینه‌وه".
ئیسماعیل حه‌مه‌ده‌مین كه ئه‌نجوومه‌نێكى بۆ خاوه‌ن ئاشه‌كانى كوردستان دروست كردووه، ئاشكراى ده‌كات كه له ساڵێكدا تواناى به‌رهه‌مهێنانى دوو ملیۆن تۆن ئارد له ئاشه‌كانی كوردستانه‌وه هه‌یه. وه‌ك خۆی بۆ "وشه"ى گوتی "ئێسته هه‌رێم خاوه‌نى 33 ئاشى پێشكه‌وتووى به‌رهه‌مهێنانه كه هه‌ریه‌كه‌یان له ماوه‌ى 18 سه‌عات تواناى به‌رهه‌مهێنانى 150 تۆن ئاردیان هه‌یه".
دابه‌شبوونى ئاشه‌كان به‌شێوه‌یه‌كى زانستییه، له هه‌ولێر 12 ئاش، له سلێمانى 13 ئاش و له دهۆك هه‌شت ئاش هه‌ن.
ئاشه‌كانى كوردستان ئارد بۆ بریكاره‌كانى دابه‌شكردنى ئارد كه سه‌ر به وه‌زاره‌تى بازرگانین، به‌رهه‌م دێنن.
یه‌كێك له كێشه‌كانى به‌رده‌م ئاشه‌كان، نه‌بوونى كوره‌ى پێشكه‌وتووه كه یارمه‌تیده‌ر ده‌بێت له به‌رهه‌مهێنانى ئاردى پله یه‌ك.
حه‌مه‌ده‌مین له‌و باره‌یه‌وه ده‌ڵێ، "كێشه‌ى نه‌بوونى كوره‌ى پێشكه‌وتوو له ئاشه‌كان بۆ به‌هه‌مهێنانى ئاردى سفر به‌رده‌وامه و ناتوانین چاره‌سه‌رى بكه‌ین، ته‌نیا به ئاشى خاوه‌نى كوره‌ى به‌رز نه‌بێت".
غه‌ریب پێنجوێنى جێگرى سه‌رۆكى لیژنه‌ى كشتوكاڵ له په‌رله‌مانى كوردستان، بۆ "وشه" ده‌ڵێ، "تواناى به‌رهه‌مهێنانى ئارد له‌لایه‌ن ئاشه‌كان له‌ڕووى كوالێتییه‌وه باش نییه، ئه‌و ئارده‌ى زۆرجار به‌رهه‌م دێت له ئاشه‌كان بۆ خواردن و نان، شیاو نین، بۆیه له‌ڕێى وه‌زاره‌تى بازرگانییه‌وه داواى چاره‌سه‌رمان كرد و ئه‌وانیش به‌ڵێنیان پێ داوین به‌و نزیكانه مۆڵه‌ت به‌چه‌ند ئاشێكى پێشكه‌وتوو بده‌ن كه ئاردى كوالێت به‌رز به‌رهه‌م دێنن".
"ئه‌و گه‌نمه‌ى ئه‌مساڵ كوردستان به‌رهه‌مى هێنا بۆ ئارد بوو، به‌ڵام به‌هۆى بێ بارانى له چاندندا سه‌ركه‌وتوو نه‌بوو، زۆر له جووتیاران زیانمه‌ند بوون، بۆیه پێشبینى ده‌كرێت چاندنى گه‌نمى ئارد له كوردستان سه‌ركه‌وتوو نه‌بێت" پێنجوێنی وای گوت.
له دوایین ئامارى وه‌زاره‌تى كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌كانى ئاوى كوردستان ده‌ركه‌وتووه كه ڕێژه‌ى گه‌نمى هه‌رێم له سه‌رووى ملیۆنێك و 500 هه‌زار تۆن بووه، به‌ڵام به‌هۆى بڕیارێكى به‌غداوه ئه‌و گه‌نمه وه‌ك پێویست سوودى لێ نه‌بینرا و به‌شێكى زۆرى بۆ خواروو و ناوه‌ڕاستى عێراق گوازرایه‌وه.
له به‌رامبه‌ردا نه‌وزاد ئه‌دهه‌م به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی بازرگانی هه‌رێمی كوردستان، بۆ "وشه"ى دووپات كرده‌وه، بڕى 69 هه‌زار تۆن گه‌نم و به‌هه‌زاران تۆن ئارد هاورده‌ی كوردستان كراون، ئه‌وه‌ش بۆ ئه‌وه‌ی نرخیان به‌رز نه‌بێته‌وه، له سه‌ره‌تای ئه‌م مانگه‌یشه‌وه نرخى تۆنێك گه‌نم نزیكه‌ی 250 بۆ 300 هه‌زار دینار دابه‌زیوه، ئه‌وه‌ش نرخه‌كانی له‌گه‌ڵ پێشوو یه‌كسان كردووه‌ته‌وه.
هاوكات فه‌یرووز عه‌لی بریكاری سه‌ره‌كیى ئاردی پادشای توركی له كوردستان، بۆ "وشه" ده‌ڵێ، "ئاردمان هێنده هێناوه كڕیار نه‌ماوه و نازانین چی لێ بكه‌ین، به‌شێكی زۆری ئه‌و ئارده‌ی هاورده‌مان كردووه ئێسته به‌نرخی توركیا ده‌یفرۆشینه‌وه كه 23 هه‌زار و 500 دیناره، هه‌روه‌ك ئه‌و ئارده‌ى له كوردستان هه‌یه ده‌یكه‌ین به جۆرى (تافته) كه له‌گه‌ڵ ئاردى كه‌ركووك ده‌یبێژینه‌وه و به نانه‌واخانه و سه‌موونخانه‌كانى ده‌فرۆشین".
زیاتر ده‌ڵێ، "ئاردی پادشا له گه‌نمى پله دوو دروست ده‌كرێت، به‌ڵام به ئاشى پێشكه‌وتووى كوره 300 هه‌زار تۆن به‌رهه‌م ده‌هێنرێت كه بازرگانانى هه‌رێمى كوردستان ده‌توانن ئه‌و جۆره ئاشه بۆ هه‌رێمى كوردستان بێنن".
وه‌ك بریكاره‌كه ئاشكراى ده‌كات، ساڵانه دوو هه‌زار و 100 تۆن ته‌نیا له‌و جۆره ئارده له توركیاوه بۆ هه‌رێمى كوردستان هاورده ده‌كرێت.