لیوا ئەحمەد كۆیی: پێشمەرگە بۆ هەر ئەگەرێك ئامادەیە

:: PM:04:01:24/09/2017 ‌
كوردستان بەرەو ریفراندۆم هەنگاو دەنێ و ماوە ماوە دەنگی نەشازیش لە بەغداوە هەڕەشە لە كوردستان دەكەن، ئایا پێشمەرگەی كوردستان و هێزەكانی زێرەڤانی تا چەند ئامادەن بۆ هەر پێشهاتێك لە سنوورەكانی كوردستان، چۆن دەڕواننە پرۆسەی ریفراندۆم و هەڵوێستیان چییە، ئەم پرسانە و چەندانی تر, لەم دیمانەیەی "وشە" لەگەڵ لیوا ئەحمەد كۆیی سەرپەرشتیاری ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی فەرماندەیی پێشمەرگەیی زێرەڤانی, وەڵام دەدرێنەوە.

زێرەڤانی و پێشمەرگەی كوردستان ڕۆڵیان بینی لە تێكشكاندنی داعش، لە داهاتوودا ئەگەری هەڕەشە و توندوتیژی ڕووبەڕووی كوردستان ببێتەوە, تا چەند ئامادەن؟
-شەڕی داعش لە سنووری كوردستان نەماوە، دوای تەواوبوونی شەڕی داعش، دەستمان بە چەندان خولی مەشق و ڕاهێنان كرد و سەنگەرەكانی پێشمەرگە لە هەموو لایەكەوە تۆكمە و پتەوتر كران، بەشێوەیەكی ئەكادیمی دووبارە سەنگەرەكان ڕێك خرانەوە، بەهەموو شێوەیەك خۆمان ڕێك خستووەتەوە،‌ دڵنیایی تەواو دەدەین بە خەڵكی كوردستان بە سەرجەم پێكهاتەكانییەوە كە چۆن لە شەڕی دژ بە تیرۆریستانی داعش بە خوێنی خۆمان بەرگریمان لە كوردستان كرد، ئێستەش تا دوا دڵۆپی خوێن بەرگری لە كوردستان دەكەین بۆ هەموو ئەگەرێكی نەخوازراو ساز و ئامادەین.

تا چەند ئیرادەی پێشمەرگە بەهێزە كە بە بەهێزتر لە هەموو چەكێك هەژمار دەكرێ؟
-پێشمەرگە لە دێرزەمانەوە ئەوەندەی پشتی بە ئیرادەی خۆی بەستووە، چەكی ئەوەندە پێشكەوتووی لە بەردەست نەبووە، وەك لە شۆڕشی ئەیلوول و شۆڕشەكانی تریش بە هەمانشێوە بووە، ئێستە پێشمەرگە ئیرادەیەكی پۆڵایین و بەهێزی هەیە، ڕاستە چەك لە جەنگی ئەو سەردەمە ڕۆڵێكی كاریگەری هەیە، چەكی پێشكەوتووی دوو فیرقەی سوپای عێراق بە تەواوی كەوتە دەست تیرۆریستان لە 2014 و ئێمەیش بە چەكی شاخ و كلاشینكۆفی كۆنی ڕووسییەوە ڕووبەڕوویان بووینەوە، هاوكارییەكانی وڵاتانی هاوپەیمانانیش ئاستی چەكی پێشمەرگە و تیرۆریستانی نەگەیاند بە یەك ئاست، بەڵكو چەكی تیرۆریستان پێشكەوتووتر و بەهێزتر بوو، بەڵام ئەو ئیرادە پۆڵایینەی پێشمەرگە ئەفسانەی داعشی پووچەڵ كردەوە.

لە بەرامبەر ئەو دەنگانەی هەڕەشە لە كوردستان دەكەن، خوێندنەوەتان چییە؟
-ئەوانە وای كردووە نەك هەر پێشمەرگە ورەی بەرزتر و ئیرادەی بەهێزتر بێ بۆ پاراستنی خاكی كوردستان، بەڵكو جەماوەری كوردستانیش سوورتر بوون لەسەر ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی كوردستان و دەرچوون لە چوارچێوەی سنوورێك كە عەقڵیەتی باوەڕی بە توندوتیژیییە، ئەمەیش لە كاتێكدایە گەلی كوردستان و سەركردایەتیی سیاسی هەمیشە دووپات لە گفتوگۆ و دانوستاندن دەكەنەوە، لەبەرئەوە خەڵكی كوردستان پێویستە دڵنیابێ، زێرەڤانی و پێشمەرگەی كوردستان بە گشتی لە بەرامبەر هەر دەستدرێژییەك بەوپەڕی ئیرادەوە بەرگری لە خاكی كوردستان دەكەن.

دەگوترێ پێویستە كورد بگەڕێتەوە ئەو سنوورەی پێش ڕووخانی سەدام لێی بوو، چۆن ئەو بۆچوونە لێك دەدەنەوە كە بگەڕێتەوە سنووری پێش 2003؟
-پێویستە ئەوان سەرەتا بتوانن سنوورەكانی خۆیان و ناو بەغدا بپارێزن و ناوچەكانی تری عێراق لە تیرۆریستان پاك بكەنەوە و دەستی دەرەكی لە عێراق نەهێڵن، ئینجا سنووری خۆیان بەفراوان بكەن، ئەو سنوورەی ئێستە پێشمەرگەی لێیە بە خوێن ڕزگار كراوە، ئەمەیش جیایە لە خەڵكی ناوچەكان، لە ڕیفراندۆم خەڵكی ناوچەكان چ بڕیارێك هەڵبژێرن ئەوە پرسێكی سیاسییە و ئەوان دەتوانن بڕیار لە داهاتووی خۆیان بدەن، بەڵام هەموویان تەواو ئازادن دەنگ بە چی دەدەن، ژیانی سەرجەمیشیان لەلایەن پێشمەرگە لەوپەڕی ئاسایش و ئارامیدایە.

لە 25ی ئەم مانگە كوردستان ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی خۆی ئەنجام دەدا، وەك پێشمەرگە هەڵوێستتان چییە؟
-داوا لە پێشمەرگەكانی كوردستان بە گشتی و زێرەڤانی بە تایبەتی دەكەین لەو شوێنانەی بۆیان دیاری كراوە، بە ناسنامەی پێشمەرگایەتی خۆیان بچنە دەنگدان و بەڵێ بۆ سەربەخۆیی دووپات بكەنەوە، تا بگەین بە مافی ڕەوای خۆمان و دەوڵەتی سەربەخۆیی خۆمان هەبێ، هیچ ڕۆژێك لەو ڕۆژە پیرۆزتر نییە.

زێرەڤانی لە ڕووی پێكهاتەكانەوە تا چەند چەكداری پێكهاتەكانی تری تێدایە؟
-زۆرینەی ڕەهای پێكهاتەكان لە زێرەڤانی مەشقیان پێ كراوە و هاوشانی هەر پێشمەرگەیەكی تری زێرەڤانی ئەرك و مافیان هەیە، هەر لە عەرەب و ئاشووری و كلدان و سریان و شەبەك و توركمان و ئێزیدی و ئاینەكانی تر. هەمووان وەك خوشك و برا پێكەوەین و پێكەوە دەژین و پێكەوەیش دەمرین.

تەقینەوەی تەقەمەنی لە ڕابردوو لە كۆگەكانی زێرەڤانی ڕووی دا، ئەمە كەموكوڕییەكەی چی بوو  و ئەنجامەكەی چی بوو، بۆ كەس سزا نادرێ؟
-ئەوەی ڕووی داوە گرفتی تەناهی نەبووە، بەڵكو گرفتی تەكنیكی بووە و كەمتەرخەمیش هەبووە، لیژنەی لەسەر پێك هێنراوە، ئەوانەی كەمتەرخەم بوون سزا دراون.

زێرەڤانی تۆمەتبار كرا بەوەی پێشمەرگەیەكی لە مەلایەكی ئاینی داوە، ئەمە ڕاستە؟
-سكاڵامان لەسەر ئەو پرسە تۆمار كردووە و ئەو بابەتە هیچ بنەمایەكی نییە و بەشی یاسایی فەرماندەیی زێرەڤانی دۆسیەكەی گرتووەتە دەست، هۆی دروستكردنی دەنگۆ و ناسنامەی نامۆ بۆ زێرەڤانی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە هێزێكی 100% مەشق پێكراوە و تەواو پابەندی سیستەمی سەربازیی مۆدێرنە، بۆیە ناحەزان ناو و ناتۆرەی نامۆ لەسەر ئێمە دەڵێن و پێیان ناخۆشە كوردستان هێزێكی تۆكمە و مەشق پێكراو و بەهێزی هەبێ.



وشە - باز ئه‌حمه‌د