ئەمەریكا پێوەندی بە بارزانییەوە دەكات
ئه‌مه‌ریكا هه‌ڵوێستی خۆی له‌باره‌ی ریفراندۆم گۆڕی

:: PM:09:41:24/09/2017 ‌
هاوكات لەگەڵ نزیكبوونەوەی وادەی بەڕێوەچوونی ریفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان، وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا پێوەندی بە مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەكات و دوو پەیامی ئاراستە دەكات.

ئەمڕۆ یەكشەم 24ی ئەیلوول، رێكس تیلەرسن وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا پێوەندی تەلەفۆنی بە مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان كردووە و دوو پەیامی ئاراستە كردووە. محەمەد ئیلخانی ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای ڕیفراندۆم/ توركمان زانیارییەكانی دووپات كردەوە.

محەمەد ئیلخانی ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای ڕیفراندۆم/ توركمان بە"وشە"ی ڕاگەیاند، ئەمڕۆ یەكشەم رێكس تیلەرسن وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا لە پێوەندییەكی تەلەفۆنیدا لەگەڵ بارزانی ڕای گەیاندووە كە پێویستە لەكاتی بەڕێوەچوونی پڕۆسەی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان، ئارامی ناوچەكە بپارێزن و ڕیفراندۆم نەبێتە هۆی شێوانی سەقامگیری ناوچەكە.

ئیلخانی گوتی، پەیامێكی تری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا ئەوە بووە كە هەرێمی كوردستان تەواوی پێوەندییەكانی لەگەڵ بەغدا نەپچڕێنێت و درێژە بەگفتوگۆكانیان بدەن.

بە گوتەی ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی باڵای ڕیفراندۆم، بارزانی وەزیری دەرەوەی ئەمەریكای دڵنیا كردووەتەوە لەسەر هەردوو پەیامەكەی.

ئەوە لەكاتێكدایە كە پێشتر ئەمەریكا داوای دواخستنی پڕۆسەی ریفراندۆمی لە هەرێمی كوردستان دەكرد، بەڵام بەهۆی سووربوونی كورد و سەركردایەتییەكەی، ئەویش بڕیاری داوە مامەڵە لەكەڵ واقیعەكەدا بكات، بۆیە ئەو پەیامەی ئەمەریكا چەند ئاماژەیەك دەگەیەنێت، لەوانە داننان بە پڕۆسەكە و بەردەوامی لە پاڵپشتیكردنی دانوستانی هەرێم و بەغدا كە بۆ لەمەودا لەسەر بنەمایەكی نوێ و بۆ ئامانجی نوێ بەڕێوە دەچێت، كە ئەویش سەربەخۆیی كوردستانە.








وشە - سه‌رخێڵ هاشم