لە سۆران بوتڵێكی گەورەی گازی كلۆر تەقییەوە

:: PM:01:30:10/10/2016 ‌
لە پڕۆژەی سەروچاوەی ئاوی دیانا لە سنووری شارۆكەی سۆران، بە هۆی تەقینەوەی بوتڵێكی یەك تۆنیی گازی كلۆر، ژمارەیەك لە كارمەندانی حكوومەت و هاووڵاتییان رەوانەی نەخۆشخانە كران.

لەوبارەیەوە عەمید عیماد رێكانی، بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی سۆران بە "وشە"ی گوت: "سەعات حەوتی ئێوارەی دوێنێ یەكشەم، رێكەوتی نۆی تشرینی یەكەم/ئۆكتۆبەری 2016، بەهۆی رووداوی تەقینەوەی بوتڵێكی یەك تۆنی و بڵاوبوونەوەی ئەو گازی كلۆرەی كە لە بوتڵەكەدا بوو، دوو كارمەندی ئێمە و دوو كارمەندی فەرمانگەی ئاو و شەش هاووڵاتی بەركەوتن و تووشی پشووسواری بوون و دەستبەجێ گەیەنرانە نەخوشخانەی فریاكەوتنی سۆران".

رێكانی ئاماژەی بەوەش دا: "ئێستە باری تەندروستیی هەر 10 كەسەكە جێگیرەوە و رەوانەی ماڵەوە كراون". 

"تیمەكانی بەرگریی شارستانی، توانییان لە ماوەی نزیكەی نیو سەعاتدا، كۆنترۆڵی ئەو رووداوەی بڵاوبوونەوەی گازی كلۆر بكەن، چونكە ئەگەر بە خێرایی كۆنتڕۆڵ نەكرابایە، ئەوا خەڵكێكی زۆری ناوچەكە تووشی نەخۆشی و پشووسواری دەبوون"، عەمید عیماد وای گوت. 

وشە/ سۆران – موڕشید برادۆستی
پێداچوونەوە: ئـ. ك.




















وشە - ئه‌ همه‌د كه‌یفی