شێخێكی ئیمارات: پیرۆزبایی لە سەربەخۆبوونی كوردستان دەكەین

:: AM:09:44:25/09/2017 ‌

شێخێكی ویلایەتی شاریقەی ئیماراتی عەرەبی، پیرۆزبایی سەربەخۆبوونی كوردستان لە گەلی كوردستان دەكات و دەڵێ، ڕۆژی دەوڵەتی كوردستان هەر پرشنگدار بێ.

د. خالید ئەلقاسمی شێخێكی ویلایەتی شاریقەی ئیمارات و پسپۆڕ لە زانستە سیاسییەكان و پێوەندییە نێودەوڵەتییەكان لە تویتەری خۆی تویتێكی كردووە و تێیدا نووسیویەتی، لە ئێستەوە و دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامی ڕێفراندۆمەكەیش پیرۆزبایی لە گەلی كوردستان دەكەم بۆ سەربەخۆبوون و گەیشتن بە دەوڵەتی خۆیان.

هەروەها دەڵێ، ڕۆژی دەوڵەتی كوردستان پرشنگدار بێ و برا عەرەبەكان پشتیوانیان بن بە پشتیوانی خوا، پێویستە گەلی كوردستان گوێ بە سەركردەكانی ئێران و توركیا نەدەن، تەواوی قسەكانیان وەك باڵۆنێكە و لە هەوا دەتەقێت و هیچ كردارێكی نابێ.

شێخ د. خالید القاسمی یەكێكە لە شێخەكانی ویلایەتی شاریقەی وڵاتی ئیمارات و مامۆستا و پڕۆفسیۆرە لە زانستی سیاسەت و مێژوو و پێوەندییە نێودەوڵەتییەكان، دەیان كتێبی نووسیوە و سەدان وانە و كۆڕ و سیمینیاری لە وڵاتانی عەرەبی و وڵاتانی دنیا بۆ ساز كراوە بۆ قسەكردن لەسەر داهاتووی ناوچەكە، لە ساڵی 1990 مێدالیای یەكێتی و یەكگرتووی ئیماراتی پێ دراوە.

ئەمڕۆ دووشەم خەڵكی كوردستان لە سەر سندووقەكانی دەنگدان لەمیانەی پرۆسەی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان دووپات لە سەربەخۆبوونی كوردستان و جیابوونەوە لە عێراق دەكەنەوە، بۆ ئەو مەبەستەش زیاتر لە دوو هەزار بنكەی دەنگدان كراوەتەوە و زیاتر لە سێ ملیۆن كەسیش بەشداری پرۆسەی ڕیفراندۆمی كوردستان دەكەن.




وشە - باز ئه‌حمه‌د