هەریەك لە تەلەڤزیۆنی ئەمەریكی
FOXSNEWS و تەلەڤزیۆنی بەریتانی
BBC بە بایەخەوە باسیان لە دەستپێكردنی ریفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان كرد.
تەلەڤزیۆنی FOXNEWS باسی لەوە كردووە كە دەنگدان بۆ سەربەخۆیی لە هەرێمی كوردستان و ناوچە كێشەلەسەرەكان، دەستی پێ كردووە و ئەم هەڵبژاردنەش بە هەڵبژاردنێكی مێژوویی هەژمار دەكرێت.
ئەمڕۆ دووشەم ملیۆنان كەس بڕیارە لە ریفراندۆمی سەربەخۆیی بەشداری بكەن. دەنگدانەكە لە كاتێكدا بەڕێوە دەچێت كە لە ئاستی ناوچەیی و دنیایش دژایەتی بەڕێوەچوونی ریفراندۆم كراوە و ئەمەریكاش هۆشداری لەوە دابوو كە بەڕێوەچوونی ئەو ریفراندۆمە لەوانەیە كاریگەریی خراپی بۆ سەر جەنگی دژی داعش هەبێت.
هاوكات تەلەڤزیۆنی "BBC" یش باسی لە بەڕێوەچوونی ریفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان كرد و وێڕای بیرهێنانەوەی ئەو هەڕەشانەی لە كورد كراوە، ئاماژەی بەوە كرد كە كورد گوێی بە هیچ كام لە هەڕەشەكان نەداوە و ریفراندۆمەكەی لە كاتی خۆیدا بەڕێوە دەبات.
پرۆسەی دەنگدان بۆ ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان، ئەمڕۆ دووشەم لە دوو هەزار و 13 بنكەی دەنگدان لە سەرتاسەری هەرێم و ناوچە كوردستانییەكان ئەنجام دەدرێ، 136 تیمی چاودێری نێودەوڵەتی و 142 ڕاگەیەندكاری بیانیش ڕووماڵی پرۆسەكە دەكەن، لە 35 چاودێری نێودەوڵەتی كە وەك تاك بەشداری پرۆسەكە دەكەن، بەگشتی 313 تیمی چاودێر و چاودێر و دەزگەی ڕاگەیاندنی ناوخۆیی و بیانی و 10 قەوارەی سیاسی و گرووپێك چاودێری و ڕووماڵی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان دەكەن.
لەم ریفراندۆمە بە گوتەی كۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردن، سەرووی سێ ملیۆن و 900 هەزار كەس بۆیان هەیە بەشداری لە دەنگدان بكەن. دەرگەی بنكەكانی دەنگدان سەعات هەشتی بەیانی كراونەتەوە و سەعات شەشی ئێوارەش دادەخرێن.