بژار حه‌كیم سه‌رده‌مێك وه‌ك چیرۆكنووس و رۆژنامه‌نووس هه‌نگاوى ناوه، دواى ئه‌مانه رووى كردووه‌ته دنیاى شیعر و له شیعردا گیرسایه‌وه و دوو كتێبى شیعرى به چاپ گه‌یاند. له دیدارێكى "وشه"دا ده‌ڵێت، سه‌ره‌تا ده‌بێ بگه‌ڕێینه‌وه بۆ ناوه‌وه‌ى خۆمان، بۆ ئه‌وه‌ى جاویدانى بیت ده‌بێ جاویدانى بنووسى، گرنگ نییه زۆر بنووسى، به‌ڵكو گرنگى شاعیرى جاویدانى له‌وه‌دایه دوور ببینیت و ئه‌و زه‌مه‌نه‌ى تێیدا ده‌نووسێت گرنگه له‌گه‌ڵ ئه‌و رووداوانه مامه‌ڵه بكه‌یت كه خوێنه‌ر بتوانێ بۆ ئاینده‌یش چێژى لێوه‌ربگرێت.
وه‌ك شاعیرێكى گه‌نج له‌كام رێى ئه‌م سه‌فه‌ره‌ى كه شیعر ده‌ینووسێته‌وه؟ ده‌ته‌وێ چی بكه‌یت و به كوێ بگه‌یت؟
- سه‌ره‌تا ده‌بێ بگه‌ڕێینه‌وه بۆ ناوه‌وه‌ى خۆمان، بۆ ئه‌وه‌ى جاویدانى بیت ده‌بێ جاویدانى بنووسى، گرنگ نییه زۆر بنووسى، به‌ڵكو گرنگى شاعیرى جاویدانى له‌وه‌دایه دوور ببینیت و ئه‌و زه‌مه‌نه‌ى تێیدا ده‌نووسیت گرنگه له‌گه‌ڵ ئه‌و رووداوانه مامه‌ڵه بكه‌یت كه خوێنه‌ر بتوانێ بۆ ئاینده‌ش چێژى لێ وه‌ربگرێت.
ده‌ستپێكى ئه‌و سه‌فه‌ره‌یش بۆ من، ده‌ستپێكێكى لۆجیكانایه بۆ مامه‌ڵكردن له‌گه‌ڵ رووداو و مامه‌ڵه‌یه‌كى نیمچه فه‌نتازى و به‌رنامه داڕێژه بۆ داهاتوو، بۆ هه‌ر گه‌نجێكى شاعیریش پێویسته ده‌ستپێكێكى جاویدانى بێت بۆ ئه‌وه‌ى وه‌هایش بمێنێته‌وه، من له‌و سه‌فه‌ره له سه‌ره‌تام، جارێ جانتاكه‌م ئاماده ده‌كه‌م و ئه‌و كه‌لوپه‌لانه كۆ ده‌كه‌مه‌وه كه پێویسته هه‌مبێت، ئه‌وه‌ى ده‌مه‌وێ بیكه‌م له‌م سه‌فه‌ره جاویدانییه ئه‌وه‌یه خۆم بم، نووسه‌رى ناودارى عه‌ره‌ب هاشم ساڵح ده‌ڵێ: به‌ته‌نیا قه‌سیده‌یه‌كى نایاب به‌سه بۆ ئه‌وه‌ى شاعیرێك به نه‌مرى بهێڵێته‌وه.
بۆچوونت چییه له‌سه‌ر ده‌نگی نوێ و نه‌وه‌ى نوێی ئه‌ده‌ب؟
-ده‌نگى نوێ و نه‌وه‌ى نوێ، ده‌بێ خۆى گرنگى به خۆى بدات و خۆى دروست بكات، ئه‌گه‌ر ئێمه‌ى گه‌نج و نه‌وه‌ى نوێ چاوه‌ڕوانى ئه‌وه بكه‌ین نه‌وه‌ى پێش خۆمان گرنگیمان پێ بده‌ن، ئه‌وه به مایه‌پووچى لێی ده‌رده‌چین، هه‌میشه ده‌نگى تازه و قه‌ڵه‌مى تازه ده‌بێ به نووسینه‌كانى خۆى بسه‌لمێنێت، ئه‌وسا نه‌وه‌ى پێش خۆی ناچاره گرنگى پێ بدات و هه‌ست به هه‌بوونى بكات، له‌باره‌ی ئه‌وه‌یش ئاخۆ ده‌نگه نوێیه‌كان كامه‌ن ده‌بێ گرنگییان پێ بدرێت، ده‌نگى نوێ و نووسینى نوێ و فۆرمى هاوچه‌رخ، پێوه‌ندى نییه به ته‌مه‌نه‌وه، گه‌نج یان پیر كێشه نییه، به‌ڵكو گرنگ ئه‌وه‌یه چۆن شتى تازه و نوێ له ته‌كنیكى نووسینى شیعر و زمان به‌رهه‌م دێنیت، ئه‌و ده‌نگه نوێیانه ئه‌و كه‌سانه‌ن ده‌توانن فكر له ده‌قه‌كانیان به‌رهه‌م بێنن و ته‌كنیكى نوێ به‌كار بێنن و وشه‌ى نوێ داتاشن.
شاعیره گه‌نجه‌كان چی بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ى زیاتر له‌وه‌ى هه‌ن هه‌بوونى خۆیان بسه‌لمێنن؟
- سه‌لماندنى گه‌نجان به نووسین و به‌رهه‌مه‌كانیان ده‌ر ده‌كه‌وێت نه‌ك به قسه، كۆمه‌ڵێك گه‌نجى به‌سه‌لیقه و به‌توانا هاتوونه‌ته پێش، بۆ ئه‌وه‌ى په‌ره به‌و توانایه بدرێت، ده‌بێ په‌له بكرێت بۆ زۆرترین خوێندنه‌وه و كه‌مترین نووسین، دڵنیام شاعیرى براوه ئه‌و شاعیره‌یه بتوانێت له‌گه‌ڵ هه‌موو زه‌مه‌نه‌كان خۆى بگونجێنێت و بنووسێت.
ئایا گرفتى ره‌خنه‌ى ئه‌ده‌بى كوردى ئه‌مڕۆمان چییه. ته‌نیا نه‌بوونى میتۆدى ره‌خنه‌یییه؟
- كێشه‌ى سه‌ره‌كى ره‌خنه‌ى ئه‌ده‌بى كوردى ئه‌وه‌یه ره‌خنه‌یه‌كى رژد نییه، ڕه‌خنه‌ى ئێمه سه‌رچاوه‌كه‌ى ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ كارى رۆژنامه‌گه‌رى و له‌وێوه سه‌رچاوه‌ى گرتووه، بۆیه ئه‌و ڕه‌خنانه‌ى دێنه نووسین به‌شێكى زۆرى به زمانى رۆژنامه‌وانین، به‌ئێسته‌یشه‌وه كه‌مترین گفتۆگۆ و نووسین له ڕۆژنامه و گۆڤاره‌كان قسه له‌سه‌ر كتێب ده‌كرێت و كه‌متر گرنگى پێ ده‌درێت، ئه‌وه‌ى ئێسته ده‌بینرێت، ره‌خنه‌یه‌كى میزاجییه و هیچیتر، ئه‌وانه‌ى له بوارى ره‌خنه كار ده‌كه‌ن، زۆر نین كه زانستییانه ده‌نووسن، ئه‌وه‌یتر له لێكۆڵینه‌وه و ره‌خنه‌كانیان فۆڕمێكى ئیرتیجالییان وه‌رگرتووه، ئه‌و ره‌خنه ئیرتیجالییه زۆرى له‌سه‌ر بنه‌ماى هاوڕێیه‌تى ده‌نووسرێ، بۆیه ئه‌م ره‌خنانه‌یش به‌هایه‌كى مه‌عریفى هه‌ڵناگرن، به‌داخه‌وه ره‌خنه‌ى ئه‌ده‌بى كوردى بووه‌ته پێداهه‌ڵدان و به‌شێك له‌وانه‌ى ره‌خنه ده‌نووسن نه‌خۆشن، بۆیه ره‌خنه‌ى ئه‌ده‌بى كوردى ئێسته نه‌خۆشه و پێویستى به چاره‌سه‌ر هه‌یه.
ئایا ئامرازه‌كانى گه‌یشتن به ده‌قی باش چین و سه‌ره‌تا ده‌بێ له چییه‌وه ده‌ست پێ بكه‌ن؟
- من ئامۆژگارى ناده‌م، بۆم هه‌یه ته‌نیا به‌خۆم بڵێم: ده‌بێ كه‌ره‌سته‌كانى شیعریم هه‌ڵبژێرم و بزانم چی دروست ده‌كه‌م، من له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌م شیعر ده‌بێ كارى پێشوه‌خته‌ى بۆ بكرێت، نه‌ك به ئیرتیجالى بێت و وشه ریز بكه‌ین، بۆیه شیعرى سه‌ركه‌وتوو ئه‌و شیعره‌یه كه كارى پێشوه‌خته‌ى بۆ ده‌كرێت، ئه‌وه ئامرازێكه بۆ سه‌ركه‌وتن، راسته شیعر توخمێكى فه‌نتازى هه‌یه، به‌ڵام ئاماده‌سازى پێشوه‌خت بۆ شیعر، رۆشنبیریی و ده‌لاله‌تى قووڵى شاعیر ده‌رده‌خات، تێڕوانینى شاعیر بۆ دیدگه‌ى جیاواز له شیعر ڕه‌نگدانه‌وه‌ى ده‌بێت، ڕه‌نگدانه‌وه‌یه‌ك تا ئه‌و ئاسته‌ى شیعره‌كه‌ى پێ ده‌دره‌وشێته‌وه.
زۆر بۆچوون هه‌یه پێیان وایه، شیعر پێناسه ناكرێت، تۆ پێت چۆنه؟
- وه‌زیفه‌ى شاعیر ئه‌وه نییه چه‌مكى شیعر شی بكاته‌وه، به‌ڵكو شاعیر وه‌زیفه‌یه‌كى ئه‌خلاقى هه‌یه له‌ناو شیعردا، ئه‌ویش دۆزینه‌وه‌ى خۆیه‌تی، شیعر گه‌ڕان نییه به‌دواى ڕاستى، به‌ڵكو گه‌ڕانه به‌دواى جوانى، ده‌شێ شاعیر شیعر پێناسه نه‌كات له ڕسته‌یه‌كدا، ئه‌وه‌ى شیعر پێناسه بكات كه‌واته شیعر به‌ند ده‌كات، هه‌ر كه‌س و له گۆشه‌نیگایه‌كه‌وه ده‌ڕوانێته شیعر و وه‌زیفه‌ى شیعر، من ئه‌و بۆچوونه‌م هه‌یه له‌سه‌ر پێناسه‌ى شیعر، هه‌ر كه‌سێك پرسیارى ئه‌وه‌ی كرد شیعر چییه، ئه‌وه نازانێ شیعر بنووسێ، به بۆچوونى منیش، شیعر چه‌ترێكه بۆ ته‌ڕ نه‌بوونى باران، ئه‌وه‌یش پێناسه نییه، بۆچوونه.
ئایا ئه‌ده‌بێك هه‌یه به‌ناوى ئه‌ده‌بى ژنان وه‌ك ئه‌وه‌ى گوتووێژى زۆرى له‌سه‌ر كراوه و ده‌كرێت؟
من به گشتى یه‌ك ئه‌ده‌ب ده‌ناسم، ده‌بێ ئێمه ئه‌ده‌بى به‌راوردكارى بخوێنینه‌وه نه‌ك ئه‌ده‌بى جیاكارى، یه‌ك ئه‌ده‌ب هه‌موومان كۆ ده‌كاته‌وه، ژن و پیاو و گه‌نج و پیر، من دژى ئه‌و چه‌مكه‌م كه به‌كار دێت، ئه‌ویش ئه‌ده‌بى ژنانه یان ئه‌ده‌بى منداڵان، كه‌سانێك هه‌ن له ڕۆڵى ژن كه‌م ده‌كه‌نه‌وه و ده‌یانه‌وێ ژن داببڕن له ئه‌ده‌ب، ده‌شێ و زۆر ئاسایییه ژنێك كه شیعر یان چیرۆك و ڕۆمان ده‌نووسێ، ژنانه بینووسێ و هه‌ست بكه‌یت ئه‌وه‌ى نووسراوه ژن نووسیویه‌تى، به‌ڵام ئه‌وه ئه‌و مانایه ناگه‌یه‌نێت جیا بكرێته‌وه و ناوى بنێیت ئه‌ده‌بى ژنانه، پیاویش هه‌مان شێوه، كه‌سانێك هه‌ن ئه‌و چه‌مكانه له نائاگایییه‌وه به‌كار دێنن، یان ئه‌گه‌ر به ئه‌نقه‌ستیش بێت كارێكه بۆ ترازانى ئه‌ده‌ب، من دژى ئه‌وه‌م ئه‌ده‌ب دابه‌ش بكرێت به‌سه‌ر ڕه‌گه‌ز، من له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌م ڕه‌گه‌زه‌كان كارى جوانتر له‌ناو ئه‌ده‌بدا بكه‌ن.
وه‌ك شاعیرێك كه‌ره‌سته‌كانى تۆ چین بۆ دروستكردنى شیعر؟
- كه‌ره‌سته‌كانى شیعرى من كه‌ره‌سته‌ى سه‌ره‌تایى و ساده‌ن، من له هه‌وڵى خۆ ئه‌زموونكردندام، ئه‌و خۆ ئه‌زموونكردنه‌یش پێویستى به كه‌ره‌سته‌ى باشتر هه‌یه بۆ بونیادى ده‌قێكى شیعرى، له ده‌قه‌كانى من، خۆر و مانگ و ئه‌ستێره و عه‌شق و گیانله‌به‌ر هه‌ن، من مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ سروشت ده‌كه‌م، ده‌شێ هه‌موومان واته شاعیران له‌سه‌ر خۆر و ئاو بنووسین، ئاسایییه، گرنگ ئه‌وه‌یه ئێمه ته‌كنیكى نووسین و ده‌ربڕینمان له‌یه‌ك جیامان بكاته‌وه، ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌مان كرد به‌دڵنیایییه‌وه كارى باش ده‌كه‌ین، من شیعر بۆ ئه‌و ده‌نووسم، ئه‌وێك بریتییه له مرۆڤ، سروشت، گیانله‌به‌ر، هه‌موو توخمه‌كان، دواجار ئه‌وه‌ى ده‌مێنێته‌وه له دواى شیعر، ئاسووده‌یییه بۆ شاعیر، یان ڕه‌نگه به‌دبه‌ختى بێت.
وشه/ هه‌ورین و ئه‌ڤین