هوشیار زێباری بۆ رۆژنامەی تێلیگرافی بەریتانی:
كوردستان چیتر نایەوێت سەر بە عێراقێك بێت كە خۆی لە ژێر دەستی ئێراندایە

:: PM:12:24:25/09/2017 ‌


هوشیار زێباری ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان و وەزیری پێشووی دارایی عێراق لە وتارێكدا كە لە رۆژنامەی تێلێگرافی بەریتانی بڵاو كراوەتەوە و ئاماژە بەوە دەكات كە كوردستان هیچ رێیەك جگە لە جیابوونەوە لە عێراقی نییە و نایەوێت لەگەڵ وڵاتێكدا بژیت كە مافەكانی تێدا پێشێل دەكرێت و خۆی لە لایەن ئێرانەوە كۆنترۆڵ كراوە.

ئەمڕۆ دووشەم لە هەرێمی كوردستان ریفراندۆمێكی مێژوویی بەڕێوە دەچێت و ئەمە لووتكەی پێشكەوتنی هەرێمی كوردستانە و نابێت هیچ وڵاتێكی دراوسێ یان بیانی لەم هەنگاوەی كورد بترسێت.

بەگوتەی زێباری لەوەتەی پەیماننامەی سایكس پیكۆ لە ١٠٠ ساڵ لەمەوبەر واژوو كراوە، هیچ كاتێك كورد خۆشی لە خۆی نەبینیوە و مافەكانی پێشێل كراوە.

ئەو باسی لەوەش كردووە كە رژێمە یەك لە دوای یەكەكانی عێراق هەر كامێكیان بە شێوازێك كوردیان چەوساندووەتەوە و مافەكانیان پێشێل كردووە. لە دەیەی ٨٠ ی زاینی كورد ئەنفال و كیمیاباران كرا.

دوای ئەوەی لە ساڵی ٢٠٠٣ رژێمی سەدام رووخا، كورد بەیەكەوە ژیانی ئارەزوومەندانەی قبووڵ كرد و ویستی لە عێراقێكی فیدراڵی سیكولاری دیموكراتیكدا مافەكانی بەدی بێت، بەڵام ئەمە بەدی نەهات.

هوشیار زێباری لە وتارەكەیدا باسی لەوە كردووە كە هەرێمی كوردستان سەر بە عێراقێك بووە كە لە راستیدا لە لایەن ئێرانەوە بەڕێوە دەچێت، بۆیە چیتر نایەوێت سەر بە عێراقێك بێت كە خۆی لە ژێر كۆنترۆڵی عێراقدایە.

پرۆسەی دەنگدان بۆ ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان، ئەمڕۆ دووشەم لە دوو هەزار و 13 بنكەی دەنگدان لە سەرتاسەری هەرێم و ناوچە كوردستانییەكان ئەنجام دەدرێ، 136 تیمی چاودێری نێودەوڵەتی و 142 ڕاگەیەندكاری بیانیش ڕووماڵی پرۆسەكە دەكەن، لە 35 چاودێری نێودەوڵەتی كە وەك تاك بەشداری پرۆسەكە دەكەن، بەگشتی 313 تیمی چاودێر و چاودێر و دەزگەی ڕاگەیاندنی ناوخۆیی و بیانی و 10 قەوارەی سیاسی و گرووپێك چاودێری و ڕووماڵی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان دەكەن.

لەم ریفراندۆمە بە گوتەی كۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردن، سەرووی سێ ملیۆن و 900 هەزار كەس بۆیان هەیە بەشداری لە دەنگدان بكەن. دەرگەی بنكەكانی دەنگدان سەعات هەشتی بەیانی كراونەتەوە و سەعات شەشی ئێوارەش دادەخرێن.






وشە - سلێمان تاشان