كەركووك سەربەخۆیی هەڵدەبژێرێت
رێبوار تاڵەبانی: دەنگدانمان بە سەربەخۆیی شەرەفە

:: PM:03:04:25/09/2017 ‌
سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك رای دەگەیەنێت، دەنگدان بە سەربەخۆیی كوردستان شەرەفە و داواش لە هاووڵاتیانی كوردستان دەكات بە دەنگدان بە بەڵێ‌ برینی دڵی دایكی شەهیدان ساڕێژ بكەن. هاوكات حاجی كاروان پەرلەمانتاری كوردستان و خەڵكی شاری كەركووك، لە بنكەیەكی شارەكەدا دەنگی دا و داوای لە هاووڵاتییان كرد بە بەڵێ‌ دەنگ بدەن.

ڕێبوار تاڵەبانی سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزكای كەركووك لەقوتابخانەی گەرمیان لە گەڕەكی شۆرجەی شاری كەركووك لەكاتی دەنگدانی بۆ سەربەخۆی  كوردستان بە "وشە"ی راگەیاند، "بەشداری كردنمان لەم پڕۆسەیە و دەنگدان بە سەربەخۆیی كوردستان شەرەفێكی گەورەیە، خەونی لەمێژینەی باوباپیرانمانە كە ئەمڕۆ دێتە دی".

تاڵەبانی داوای لە دانیشتووان و پێكهاتەكانی كەركووك كرد، "بچنە بنكەكانی دەنگدان و دەنگی خۆیان بدەن بۆ سەربەخۆی كوردستان و سەركەوتنی پرۆسەكە، چونكە هەموو دەزانین كە ئێستە كەركووك سەقامگیر و ئارامە لەسایەی بەرخودانی هێزی پێشمەگە و خوێنی شەهیدان، بۆیە لەم ڕۆژەدا دەنگدان دەبێتە ساڕێژی برینی دڵی دایكی شەهیدان".

سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك، دووپاتی كردەوە، پرۆسەی ئەنجامدانی ریفراندۆم لە كەركووك لەوپەڕی ئارامیدا بەڕێوە دەچێت.

بەپێی بەدواداچوونەكانی "وشە"، توركمان و عەرەبەكانی كەركووك وردە وردە بەرەو سندووقەكانی دەنگدان دەچن و بەشێك لەوان ئاڵای كوردستانیان هەڵگرتووە و دووپاتی دەكەنەوە دەنگ بە بەڵێ‌ بۆ سەربەخۆیی كوردستان دەدەن.
هاوكات عیرفان كەركووكلی ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك لەسەر لیستی توركمان و سكرتێری پارتی برایەتی توركمان لە كەركووك لەكاتی دەنگدانی لەپرۆسەی ڕیفراندۆم لەشاری كەركووك داوای لەسەرجەم توركمانەكانی كەركووك كرد بەشداری بكەن و بێنە سەر سندوقەكانی دەنگدان و دەنگ بەبەڵێ بدەن.

ئەو گوتی، "هەموومان دەزانین سەرجەم پهێكهاتەكان دەتوانن بەوپەڕی ئارامی ژیان بەسەر ببەن لەژێر ساییەی دەوڵەتی كوردستاندا".

كەركووكلی زیاتر دەڵێ‌، "دەنگدانی ئەمڕۆ بۆ سەربەخۆیی كوردستان شەرەفێكی گەورەیە بۆ ئێمەی توركمان كە بەشداری بكەین و دەنگی خۆمان بدەین، ئێمە پێویستە لە هەموو كەس زیاتر بەدەنگ ئەم پرۆسەیەوە بچین. چونكە سەرجەم مافەكانمان دەستەبەر دەبێت، بۆیە پێویست ناكات دوودڵ بین لەم پرۆسەیە".

لای خۆیەوە، حاجی كاروان ئەندامی پەرلەمانی كوردستان و ئەندامی سەركردایەتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لە بنكەیەكی دەنگدان لە شاری كەركووك دەنگی دا.

ئەو بە "وشە"ی راگەیاند، "خۆم بەخۆشحاڵ دەزانم لەشاری كەركووكەوە دەنگ دەدەم و بەشداری لەپرۆسەی ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆی كوردستان و گەڕانەوەی كەركووك بۆ باوەشی كوردستان دەكەم".

حاجی كاروان داوای لەسەرجەم دانیشتوانی كەركووك كرد، بەشداری بكەن لە پرۆسەكە بۆ ڕاگەیاندنی دەوڵەتی كوردستان.

زیاتر دەڵێ‌، "وەكو كەركووكییەك ئەمە بەخەونێكی گەورەی مێژوویی دەزانم كە من ئەمڕۆ بەشداریم لەم پرۆسەیە كردووە لەشارە خۆشەویستەكەی خۆم، هیوادارم هەموو كەركووكییەك بەهەستی كەركووكییانە بەوپەڕی شانازییەوە بەشداری لەم پرۆسەیە بكات".

هاوكات دكتۆر محەمەد خورشید بەرپرسی لقی سێی پارتی دیموكراتی كوردستان لە كەركووك بۆ "وشە"ی دووپات كردەوە، تا ئێستە هیچ كێشەك لە بەڕێوەچوونی پرۆسەكە لە شاری كەركووك نییە و زۆر بەئارامی بەڕێوە دەچێت، هاووڵاتییانیش دەچنە سەر سندوقەكانی دەنگدان و دەنگی خۆیان ئازادانە دەدەن.

زیاتر دەڵێ‌، "بەشێك لە عەرەب و توركمانەكانیش بەشدارن لە پرۆسەكەدا و ئازادانە دەنگ دەدەن، لەگەڵ ئەوەی هەندێك لە سیاسییەكانی عەرەب و توركمان بایكۆتی پڕۆسەكەیان كردووە، بەڵام ئەوان نوێنەرایەتی تەواوی پێكهاتەی عەرەب و توركمان ناكەن و بەشداری كردنی عەرەب و توركمانیش لەو پرۆسەیەدا بەڵگەیەكی ئاشكرایە".

كەركووك/ئارام شێركۆ  



وشە - ڕێبین فه‌تاح