ئاژانسی هەواڵی رووسیا كە بە
TASS ناسراوە ئاشكرای كرد كە پرسی بەڕێوەچوونی ریفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان یەكێك لە گرنگترین ئەو هەواڵانەیە كە ئەمڕۆ رۆژنامە و تەلەڤزیۆن و رادیۆكانی رووسیا بە بایەخەوە بڵاویان كردووەتەوە.
بە گوتەی سەرچاوەكە لە كاتێكدا هەرێمی كوردستان ریفراندۆمی سەربەخۆیی بەڕێودەبات كە پسپۆڕان و چاودێرانی سیاسی لەوە نیگەرانن بە شكستی عێراق ناوچەكە تووشی ناسەقامگیری وئاڵۆزی ببێت.
پسپۆڕانی سیاسی لەوە نیگەرانن كە سەركوتكردنی جوداخوازان لە توركیا، ئێران و سوریا هۆكارێك بێت بۆ ئەوەی ئەو هیزەی بەرامبەر داعش دەجەنگێت، لاواز ببێت. كورد لە گرنگترین هیزەكانی ناوچەكە بووە كە توانیویانە بەرامبەر بە داعش بوەستن وگورزی كاریگەری لێ بدەن.
سەرچاوەكە لەگەڵ پسپۆڕان قسەی كردووە و نووسیویەتی لەوانەیە نموونەیەكی سەقامگیر لە رۆژهەڵاتی نیوەراست بێتە كایەوە.
گریگۆری كۆزاچ پرۆفیسۆر لە بەشی رۆژهەڵاتی مۆدێڕن لە كۆلێژی مێژوو و زانستە سیاسییەكانی زانكۆی مرۆیی رووسیا دەڵێت سەربەخۆیی لە باشووری كوردستان دەتوانێت نموونەیەك بێت بۆ كوردی توركیا و ئێران و سووریا و ئەوان هان بدات بۆ هەمان بژاردە.
ئەو هەروەها پێیوایە كوردستانی سەربەخۆ نموونەی دووەمە لە هەڵوەسانی رۆژهەڵاتی نیوەراست دوای تێپەڕینی ١٠٠ ساڵ لە پەیماننامەی سایكس پیكۆ.
بە گوتەی پسپۆڕانی سیاسی هەرێمی كوردستان كە بە نەوت و گاز دەوڵەمەندە بەرەو سەربەخۆیی هەنگاو دەنێت و سەرەڕای ئەوەی كە گەورەترین كۆمپانیای نەوت و گازی رووسیا گرێبەستی لەگەڵ هەرێمی كوردستان واژوو كردووە و بڕیارە لوولەیەكی گاز دروست بكات كە ساڵانە ٣٠ ملیار مەتر سێجا گازی سروشتی هەناردە بكات و سەرەڕای ئەمەش حكوومەتی رووسیا بە پارێزەوە بەرامبەر بەو هەنگاوە قسەی كردووە.
هەرێمی كوردستان ١٠ رۆژ بەر لە ریفراندۆم پەرلەمانەكەی پاڵپشتی لە ریفراندۆم كرد بەڵام حكوومەتی عێراق دژی وەستا و رایگەیاند كە ئەو ریفراندۆمە یاسایی نییە و دانی پێدانانێت.
پرۆسەی دەنگدان بۆ ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان، ئەمڕۆ دووشەم لە دوو هەزار و 13 بنكەی دەنگدان لە سەرتاسەری هەرێم و ناوچە كوردستانییەكان ئەنجام دەدرێ، 136 تیمی چاودێری نێودەوڵەتی و 142 ڕاگەیەندكاری بیانیش ڕووماڵی پرۆسەكە دەكەن، لە 35 چاودێری نێودەوڵەتی كە وەك تاك بەشداری پرۆسەكە دەكەن، بەگشتی 313 تیمی چاودێر و چاودێر و دەزگەی ڕاگەیاندنی ناوخۆیی و بیانی و 10 قەوارەی سیاسی و گرووپێك چاودێری و ڕووماڵی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان دەكەن.
لەم ریفراندۆمە بە گوتەی كۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردن، سەرووی سێ ملیۆن و 900 هەزار كەس بۆیان هەیە بەشداری لە دەنگدان بكەن. دەرگەی بنكەكانی دەنگدان سەعات هەشتی بەیانی كراونەتەوە و سەعات شەشی ئێوارەش دادەخرێن.