راهێنەرێك: میسی شایستەی خەڵاتی تۆپی زێڕینە
راهێنەری یانەی سڤیلییەی ئیسپانی رایگەیاند كە هاونیشتمانەكەی لیۆنێل میسی ئەستێرەی یانەی بەرشەلۆنە شایستەی پێدانی خەڵاتی باشترین یاریزانی 2016ی جیهان (باڵۆن دۆڕ)ە.
خۆرخێ سامپاولی راهێنەری ئەرجەنتینی لە چاوپێكەوتنێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: بە بۆچوونی من دەبێت ئەمساڵ دوو تۆپی زێڕین دابەش بكرێت، یەكێكیان تایبەت بێت بە میسی و ئەوی تریشیان بە یاریزانەكانی تری جیهان بدرێت.
ئەمە لە كاتێكدایە كە ئەمڕۆ یەكشەم یانەی سڤیلییە لە گەڕی 11ی خولی پلە یەكی ئیسپانیا لەنێو یاریگە و جەماوەری خۆی مێوانداریی میسی و هاوڕێكانی لە یانەی بەرشەلۆنە دەكات.
لەبارەی یارییەكە، سامپاولی گوتی: بێگومان یارییەكەی ئەمڕۆمان بەرامبەر یانەی بەرشەلۆنە زەحمەت دەبێت، ئەگەر یاریزانەكانیشمان لە باشترین ئاستدا نەبن ئەوا رووبەڕووی كێشەی گەورە دەبینەوە.
زیاتر گوتی: بەرشەلۆنە یەكێكە لە باشترین یانەكانی جیهان ئەگەر باشترینیان نەبێت، لەم ساڵانەی دواییدا ئاستی یانەكە بەتەواوی بەرز بووەتەوە و وای لێهاتووە تەنیا پشت بە هێشتنەوەی تۆپ لای خۆیان نادەن بەڵكو ئێستا بەشێوەی راستەوخۆ یاریی دەكەن و هێرشەكانیان مەترسیدارە.
هەفتەی رابردوو كۆواری (فڕانس فوتباڵ)ی فڕەنسی 30 یاریزانی وەك پاڵێوراو بۆ خەڵاتی باشترین یاریزانی 2016ی جیهان هەڵبژارد كە لەنێویاندا ناوی میسی هەیە، ئەم هەفتەیەش یەكەتیی تۆپی پێی ناودەوڵەتی (فیفا) ناوی 23 یاریزانی وەك باشترینی 2016 بڵاو كردەوە كە لەویشدا ناوی میسی هاتووە.
وشە -
ئامانج ئهكرهم