یەكەم هێزی حەشدی شەعبی گەیشتە باشووری مووسڵ

:: PM:01:31:10/10/2016 ‌
سەرچاوەكانی هەواڵ بڵاویان كردەوە، شەوی ڕابردوو بۆ یەكەم جار هێزێكی حەشدی شەعبی گەیشتووەتە ناوچەكانی باشووری مووسڵ و لە دووریی 50 كیلۆمەتر لە سەنتەری شاری مووسڵەوە جێگیر كراون.

بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی لە میدیا عێراقییەكان بڵاو كراونەتەوە، شەوی ڕابردوو هێزێكی حەشدی شەعبی بە چەك و كەلوپەلی سەربازی تەواوەوە گەیشتوونەتە شارەدێی "تلول ئەلباج"ی باشووری مووسڵ.

شارەدێی تلول ئەلباج سەر بە شارۆكەی شەڕگاتی پارێزگای سەڵاحەدینە و دەكەوێتە باكوری شارەكەوە و لە 29 حوزەیران/یۆنیۆی ئەمساڵ لەلایەن میلیشیاكان و هێزەكانی عێراق لە تیرۆریستان پاك كرایەوە و 50 كیلۆمەتر لە سەنتەری شاری مووسڵەوە دوورە.

هاتنی ئەو هێزەی میلیشیاكان بۆ شارەدێی تلول ئەلباج، لە كاتێكدایە زۆرێك لە لایەنە سونەكان و خەڵكی مووسڵ و وڵاتانی ناوچەكەش دژی بەشداری حەشدی شەعبین لە شەڕی ڕزگاركردنەوەی مووسڵ.

سونەكان دەترسن میلیشیاكانی شیعە كە ئێستە ناویان بووەتە حەشدی شەعبی، كوشتوبڕی و تاڵانكارییەكان كە لە ناوچەكانی دیالە و تكریت و ئەنبار و فەلووجە ئەنجامیان دا، جارێكی تر بەسەر خەڵكی سونەی ئەو ناوچانەی بهێننەوە.

بەگوێرەی دوا ئامارەكان، تەنیا لە سنووری ناوچەكانی پارێزگای دیالە لە 2014ەوە تا ئێستە، لەلایەن میلیشیاكانەوە 250 مزگەوتی سونەكان تەقێنراونەتەوە و سووتێنراون.

وشە/قرتاس نیوز، و:باز ئەحمەد.


وشە - باز ئه‌حمه‌د