بەوێنە... پێنجوێن دەنگ بە سەربەخۆیی دەدات

:: PM:05:56:25/09/2017 ‌

هاووڵاتییان و دانیشتوانی سنووری شارۆكەی پێنجوێن و دەوروبەری، بەوپەڕی گەرموگوڕییەوە بەرەو سندووقەكانی دەنگدان دەڕۆن و بۆ بەڕێوەچوونی پرۆسەی ریفڕاندۆمیش بۆ سەربەخۆیی كوردستان، لە سنووری شارۆكەی پێنجوێن، زیاتر لە 31 هەزار هاووڵاتی مافی دەنگدانیان هەیە.

زانا رەحمان قایمقامی شارۆكەی پێنجوێن بە"وشە"ی راگەیاند: لەبەیانی ئەمڕۆوە هاووڵاتییانی پێنجوێن لە سەنتەری شارۆكەكە و هەردوو شارەدێی گەرمك و ناڵپارێز، وەك هەموو ناوچەكانی تری كوردستان بەشداری پرۆسەكەیان كرد.

ئاماژەی دا، "بۆ پرۆسەی ریفڕاندۆم بەپێی رێنوێنییەكانی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و راپرسی لە هەرێمی كوردستان، دەنگدانی تایبەت ئەنجام نەدرا، واتە پۆلیس و كارمەندان، توانییان لەو بنكانە دەنگ بدەن كە بەیانی دەوامی لێ دەكەن و پرۆسەكەش لە سنووری پێنجوێن لە سەعات هەشتی بەیانییەوە دەستی پێ كردووە و بڕیارە تا سەعات شەشی ئێوارەی ئەمڕۆ بەردەوام بێت".

روونی كردەوە، ژمارەی بنكەكانی دەنگدان لەناو پێنجوێن، حەوت بنكەیە و ژمارەی دەنگدەر 19 هەزار و 700 دەنگدەرە و ژمارەی بنكەكانی دەنگدان لە شارەدێی گەرمك، چوار بنكەیە و ژمارەی دەنگدەر حەوت هەزار و 500 دەنگدەرە و ژمارەی بنكەكانی دەنگدانیش لە ناڵپارێز، دوو بنكەیە و ژمارەی دەنگدەر چوار هەزار و 500 دەنگدەرە، واتە كۆی ژمارەی دەنگدەران لە سنووری پێنجوێن و هەردوو شارەدێ و گوندەكانی، بریتییە لە 31 هەزار و 700 كەس.

بۆ پرۆسەی ریفڕاندۆم هەر هاووڵاتییەك كە بەپێی یاسا مافی بەشداربوونی هەیە، دەبێت یەكێك لەم پێویستییانەی پێ بێت، (ناسنامە، رەگەزنامە، پاسپۆرتی عێراقی، كارتی نیشتمانی).

پێنجوێن/ رێبین پێنجوێنی



















وشە - ڕێبین فه‌تاح