حكوومەت ڕێوشوێنی توندی تەناهی گرتووەتەبەر
بەهۆی ڕیفراندۆم خەڵكی ڕۆژهەڵات ئاگری نەورۆز دەكەنەوە

:: PM:06:20:25/09/2017 ‌

ئەمڕۆ لەگەڵ دەستپێكردنی ریفراندۆمی سەربەخۆیی لە باشوری كوردستان، لە رۆژهەڵاتی كورستان خەڵك بە لەبەركردنی جلكی كوردی، دابەشكردنی شیرینی و لە ئێوارەكەشی هاوشێوەی نەورۆز بە كردنەوەی ئاگر و سەما و هەڵپەڕكێ خۆشی و شادی خۆیان دەردەبڕن.

لە لایەكی ترەوە حكوومەتیش لە زۆربەی شارەكانی كوردستان رێوشوێنی توندی تەناهی و سەربازی گرتووەتە بەر و دەیەوێت رێ لە هەر جۆرە جووڵەیەكی جەماوەری بگرێت.

پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەمیش  فڕۆكە جەنگییەكانی ئێران لە ئاسمانی شارەكانی خانێ، سەردەشت و بانە سووڕانەوە.

بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی بە "وشە" گەیشتوون، هێزێكی زۆری رژێمی ئێران لە شارەكانی ترەوە بەرەو رۆژهەڵاتی كوردستان رەوانە كراون.

ئەوەی جێی خۆشحاڵییە، ئەوەیە هیچ كام لەم هەنگاوانە نەیانتوانیوە پێش بە شادی خەڵك بگرن و خەڵكی رۆژهەڵاتی كوردستان بۆ بەرزراگرتنی ئەم رۆژە مێژوویییە، بە جۆش و خرۆشەوە هەستەكانی خۆیان دەربڕی و بە كۆبوونەوە، لەبەركردنی جلوبەرگی كوردی و هەڵپەڕكێ، پێشوازییان لە ریفراندۆم كرد.

ئێستەش كە دنیا بەرەو تاریكبوون دەچێت، لە گوندەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان گەنجان ئاگری سەربەخۆیی دەكەنەوە و ئاڵای كوردستان بەرز رادەگرن.















وشە - سلێمان تاشان