حەسنا مەتەر: هەر كارێكم كردبێ‌ لەسەر گیرفانی خۆم بووە

:: AM:09:40:06/11/2016 ‌

حەسنا مەتەر كە خاتوونە گۆرانیبێژێكی لبنانییە و تا ئێستە چەند بەرهەمێكی بۆ كوردستان و پێشمەرگە تۆمار كردووە، چەند ڕۆژێك پێش ئێستە كلیپێكی نوێی بەناوی "پێشمەرگە" بڵاو كردەوە و دەنگدانەوەیەكی باشی لە میدیا ناوخۆ و جیهانییەكاندا هەبوو، تێكستی ئەو گۆرانییە شاعیری بەناوبانگی عێراقی (كەریم عێراقی) نووسیویەتی و هونەرمەند هەڵكەوت زاهیر ئاوازەكەی بۆ داناوە، لەم دیمانەیەی "وشە"دا رووبەڕووی چەندان پرسیاری تایبەتی و هونەریمان كردووەتەوە.

تازەترین بەرهەمت لەسەر پێشمەرگەیە و دەگوترێ‌ تەنیا بۆ بەدەستهێنانی چەند ئیمتیازێك ئەم گۆرانییەت گوتووە، تۆ چی دەڵێیت؟
هەموو كات گوتوومە پێشمەرگە سەری ڕمێكە و لە پێناو هەموو دنیا دەجەنگێ‌، شانازییە بۆ من گۆرانی لەسەر هێزێك بڵێم كە بە باشترین و چاونەترسترین هێز ناوزەدی دەكەن لە ناوچەكەدا. بۆ زانیاریتان ئەو كلیپەی لەسەر پێشمەرگە كراوە، هەموو تێچووەكەی لەسەر گیرفانی خۆم بووە و حكوومەت و هیچ كۆمپانیایەك سپۆنسەرم نەبووە، تەنانەت پارەی كۆنگرە ڕۆژنامەوانییەكەش كە بۆ ئەو ئەم گۆرانییە كردم لە هوتێلێكی هەولێر، خۆم داومە، بۆیە پێم سەیرە تا ئێستەش هونەرمەندی كوردتان هەیە گۆرانی لەسەر پێشمەرگە ناڵێن و بڕوایان بە پێشمەرگە نییە، ناڕۆن لێپێچینەوە لەگەڵ ئەو بكەن، كەچی دەڵێن من پارەم وەرگرتووە لەسەر گۆرانیگوتن بۆ پێشمەرگە؟!
 
ئەی بۆ ئەو بەرهەمە كێ‌ هاوكاری كردی؟
بەڕاستی پێویستە سوپاسی ناوەندی مەدا و بەڕێز فەخری كەریم بكەم كە كاری تۆماركردنیان گرتە ئەستۆ و هاوكاریی تەواوم بوون لەوبارەیەوە، لە بیرمان نەچێت گوندی لبنانی و دەزگەی ڕۆژنامەوانی "وشە"ش هاوكاریی چاكیان كردم، سوپاسیش بۆ دیزاینەری بە ناوبانگی كوردستان هەڵمەت خەیات كە تەواوی جلە كوردییەكانمی گرتە ئەستۆ، هەروەها وەزارەتی پێشمەرگە و یەكە سەربازییەكان كە هاوكاری تەواوم بوون، بێگومان كەناڵەكانی ڕاگەیاندنیش بۆ بڵاوكردنەوەی كلیپەكە و هاوكات پاچی لووچی و كۆمپانیای 77 بۆ سكوێرتی و جی ئی جی بۆ ڕێكلام. هەموو ئەمانە هاوكارم بوون.

تۆ چۆن كوردت ناسی تا گۆرانی بە زمانەكەی بڵێیتەوە؟
 نەهامەتییەكان و مێژووی داگیركارییەكان و جینۆسایدەكانمان وەك و یەكن، ئێوە میللەتێكی زۆر گەورەن، لەسەر ئەو هەموو ناخۆشییانە، ئێوە جەنگی مانەوەی بوون و پاراستنی كولتوور و هونەر و زانست دەكەن، بەڵام بەداخەوە ئەوە بەڕوونی دەبینرێ‌ ئێوەش وەك ئێمە لە ناو یەكتر یەكڕیز نین، تا ئاستێك بۆ لبنان كێشە نییە چونكە وڵاتە، بەڵام ئەوەی مەترسییە، ئەوەیە كە ئێوە هەنگاو بەرەو دەوڵەت دەنێن و لەناو یەكتریش یەكتر دەخۆن، ئەمە زۆر مەترسیدارە. 

پێوەندیت لەگەڵ هەڵكەوت زاهیر چۆنە و چۆن لێی دەڕوانی؟
بەردەوام گوتوومە هەڵكەوت زاهیر یەكێكە لەو پیاوانەی كە ترسی لە ناو ناخی ئافرەتی كورد نەهێشتووە، وای لێ كردن هەموویان چاونەترسانە هونەر بكەن، پێوەندییەكی هونەری و هاوڕێیانە و برایانەیە و خانەوادەكەمان تێكەڵی یەكترن، پیاوێكی باش و خۆشەویستە.

هەندێك لە ڕاگەیاندنەكانی شاری سلێمانی دەڵێن تۆیش بوویتە پارتی و بە یەكێك لە هاوكارەكانی بارزانی حیسابت بۆ دەكەن؟
من تێناگەم ئەگەر هەرچییەك بم، گرنگ ئەوەیە من كوردم خۆش دەوێ‌، نازانم ئێوە لە ناو یەكتر بۆ ئەوەندە یەكترتان خۆش ناوێ‌، زۆر جار تووشی ئەو كێشەیە بوومەتەوە لەگەڵ ڕۆژنامەنووسانی شاری سلێمانی، بەڵام من لە ناو هەموو حزبەكان هاوڕێم هەیە و بۆ من جیاوازییان نییە، ئەوەی بەلامەوە جێی سەرنجە، ڕۆژنامەنووسەكانتان زیاتر ئازاری هونەرمەند دەدەن نەك بە ئەكادیمی هاوكاریان بن.

هونەرمەندی كۆمیدیای كوردی حەمكۆ ماوەیەك لەمەوبەر لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان هێرشی كردە سەرت، تۆ وەڵامت هەبوو؟
من سەرەتا نەمدەناسی كێیە! خۆیان چەندان جار بۆ ئەوەی بەشداری لە پڕۆگرامی (حەمكۆ شۆ) بكەم، پێوەندی زۆریان كرد و تكایەكی زۆریان كرد، دواتریش كە بووینە هاوڕێ‌، زۆریش هەوڵم دا لە ڕووی هونەرییەوە هاوكاری بكەم، بۆیە ئەوەی ڕووی دا پێم سەیر نەبوو، چونكە پێشتر پێیان گوتبووم كە حەمكۆ وەفای بۆ كەس نییە تا ئەو كاتەی هاوڕێتە و ئیشی پێتە، من تەنیا ئەوەندەی پێ دەڵێم ئەگەر تۆ كوردی و خۆت بە كورد دەزانی، لە پشتی كۆمپیوتەرەوە مەڵێ‌ "بژی پێشمەرگە"، لە بەریتانیاوە بگەڕێوە كوردستان و شانبەشنی براكانت چەك هەڵبگرە و بجەنگێ‌، هەروەها ئەگەر كوردی ڕەسەنی، لەبری نەخشاندنی ئاڵای وڵاتێكی تر لەسەر قۆڵت، تاتۆی كوردستانت دەنەخشاند.

دەگوترێ‌ پێوەندی باشت لەگەڵ بەرپرسە كوردەكان هەیە و سوودی باشیان بۆت هەبووە؟
من نایشارمەوە وەك ڕێزێك بۆ كارەكانم، بۆ دەستخۆشی بانگێشتیان كردووم، پێوەندیم لەگەڵ هەندێك بەرپرسە كوردییەكان زۆر باشە بێ‌ جیاوازی دەیانناسم و لەگەڵ خانەوادەكانیان تێكەڵم، مافێكی سەرەتاییی خۆشمە كێ‌ بناسم و كێ‌ نەناسم، ئەو كاتە جێی سەرنج دەبم كە بێمە كوردستان و بە ملیۆن دۆلار پارە ببەم و لەم وڵاتە بڕۆم، منیش تا ئێستە هەر كارێكم كردبێ‌ لەسەر گیرفانی خۆم بووە.
وەك كاری هونەری ئێستە چی دەكەی؟
ئەمە یەكەم جارمە لە ڕێگەی ئێوەوە ئاشكرای دەكەم، بەن نزیكانە گۆرانییەك لەسەر شاری كەركووك و كوردستان دەڵێم، بەڵام ئێستە سەرقاڵی تێكستەكەین كە ئەوەی دەینووسێ، هونەرمەندێكی گەورەی ئەو شارەیە و ماوەیەكە بێ دەنگ بووە، بۆیە لە ماوەیەكی كورتدا ئەو سوپڕایزەش بڵاو دەكەینەوە.

وشە/ محەمەد میران 












وشە - تایبه‌ت