رۆیتەرز: ئەژماردنی دەنگەكان لە كوردستان بەردەوامە

:: PM:09:29:25/09/2017 ‌

ئاژانسی رۆیتەرز بڵاوی كردەوە دوای ئەوەی سەعاتێك پرۆسەی دەنگدان لە هەرێمی كوردسستان درێژ كرایەوە، ژماردنی دەنگەكان لە بنكەكانی دەنگدان دەستی پێ كردووە .

بەگوێرەی سەرچاوەكە دوای ٧٢ سەعات لە كۆتاهاتنی پرۆسەی هەڵبژاردن ئەنجامەكانی لە لایەن كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی بڵاو دەكرێتەوە.

سەرچاوەكە باسی لە دوایین هەڵویستی وڵاتان لەبارەی پرسی ریفراندۆم و لەوانەش توركیا كردووە و هاوكات كۆمەڵێك گریمانەی خستووەتە ڕوو ئەگەر پێوەندیی بازرگانی نێوان هەرێمی كوردستان و توركیا نەمێنێت چ شتێك روو دەدات. مەعرووف ئاری كە یەكێك لە شوفێرەكانی بارهەڵگرە ٢٠ ساڵە خەریكی گواستنەوەی بازرگانییە لە نێوان هەرێمی كوردستان و توركیا و دەڵێت، لەم كارە من مانگانە ٢٨٥ دۆلارم دەست دەكەوێت و ئەگەر هەر كێشەیەك بێتە كایەوە، ئەوا ئێمە بە برسیەتی دەمێنینەوە.

هەرچەندە ئەمەریكا و وڵاتانی تر هەوڵیان دا كورد لە ئەنجامدانی ئەم راپرسییە پاشگەز بكەنەوە، بەڵام هەوڵەكان سوودیان نەبوو و كورد ریفراندۆمەكەی بەڕێوە برد.

هاوكات رۆیتەرز باسی لەوە كردووە ئەمڕۆ پشكەكانی هێڵی ئاسمانی توركیش ئەیرلاین كە كۆمەڵێك فڕینی بۆ هەرێمی كورستان هەیە ٤% دابەزی و بەهای لیرەی توركیاش دابەزینی تۆمار كرد.

سەرچاوەكە باسی لەوەش كردووە كە توركیا بە سەدان هەزار بەرمیل نەوتی هەرێمی كوردستان هەناردەی بازاڕەكانی دنیا دەكات، بۆیە سزادانی هەرێمی كوردستان پێ ناچێت لە لایەن توركیاوە شتێكی پراكتیكی بێت.







وشە - سلێمان تاشان