ئەمەریكا: پێوەندییە مێژوویییەكانمان لەگەڵ كوردستان وەك خۆیانن

:: AM:09:00:26/09/2017 ‌

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا لە ڕاگەیەنراوێكدا دووپاتی كردەوە، سەرەڕای ئەوەی لەو باوەڕەداین ڕیفراندۆم ئاڵۆزی زیاتر لە ناوچەكە دروست دەكات، بەڵام ئەمە بە هیچ شێوەیەك كاریگەری لەسەر پێوەندییە مێژوویییەكانی گەلی كوردستان و ئەمەریكا نابێ.

لە ڕاگەیەنراوێكی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا هاتووە، ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا هەست بە بێهیوایی دەكات بەرامبەر بە بڕیاری كوردستان و ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی كوردستان، بە تایبەت لە ناوچە كێشە لە سەرەكان، بەڵام ئەوانە نابنە هۆی گۆڕانكاری لە پێوەندییە مێژوویییەكانی گەلی كوردستان و ئەمەریكا، ڕیفراندۆم كاریگەری لەسەر ئەوە پێوەندییە مێژوویییانە دانانێ، بەڵام لەو بڕوایەداین ئەو هەنگاوە دەبێتە هۆی ئاڵۆزی و نەمانی ئارامی لە ناوچەكە و گرفت بۆ گەلی كوردستان دروست دەكات.

ئاماژەی داوە، ئێمە باوەڕمان بەوەیە كە هەموو لایەنەكان پێویستە بەشداری گفتوگۆیەكی تەواو بكەن، لە پێناوی گەیشتن بە چارەسەر و داهاتوویەكی باشتر بۆ تەواوی عێراق، ئەمەریكا دووپات لەوە دەكاتەوە كە بە توندی دژی توندوتیژی و گرتنەبەری ڕێوشوێنی تاكلایەنەیە لەلایەن هەر لایەنێكی عێراقییەكان.

بەگوێرەی بۆچوونی شارەزایانی سیاسەتی ئەمەریكا، ئەو پەیامەی واشنتن هۆشدارییەكی توندە بۆ وڵاتانی ناوچەكە و بەغدا كە بە هیچ شێوەیەك ئەمەریكا دەسبەرداری پاراستنی كوردستان نابێ، بە توندیش دژی بەكارهێنانی هێز و توندوتیژییە دژی هەرلایەك، ئەمەیش گرەنتی ئەوە دەكات كە هەموو ئەو لێدوان و قسانەی بەرپرسانی بەغدا و وڵاتانی دراوسێ دژی كوردستان دەیدەن، تەنیا قسەی میدیایین و ناتوانن هەنگاوی كردەیی بەدوادا بێنن.

دوێنێ دووشەم گەلی كوردستان لە پارێزگاكانی هەرێم و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان چوونە سەر سندووقەكانی دەنگدان و بڕیاریان بۆ دیاریكردنی مافی چارەی خۆنووسینی خۆیان دا، بەگوێرەی دوا زانیاریی كۆمسیۆن ڕێژەی بەشداری دەنگدەران لە ڕیفراندۆمی دوێنێ 72.16% بووە و چاوەڕوان دەكرێ، ئەمڕۆ سێشەم ئەنجامە بەرایییەكان ڕابگەیەنرێن.

تا ئێستە وڵاتی كەنەدا بە فەرمی ڕێزی لە ریفراندۆم و ئەنجامی ڕیفراندۆمەكە گرتووە، دوای ئەوەی شەوی ڕابردوو جەستن ترۆدۆی سەرۆك وەزیرانی كەنەدا ئاشكرای كرد، كەنەدا ڕێز لەو پرۆسەیە دەگرێ كە كوردەكان لە عێراق دەستیان پێ كردووە.

سەرچاوە/سپۆتنیك.



وشە - باز ئه‌حمه‌د