دوو توێژەری ئەمەریكی: ڕۆژئاوا ناتوانێ بەر بە ئیرادەی ملیۆنان خەڵك بگرێ

:: AM:09:12:26/09/2017 ‌
دوو توێژەری ئەمەریكی لە بابەتێكی ڕۆژنامەی "واشنتن پۆست"ی ئەمەریكی دووپات لەوە دەكەنەوە، كە وڵاتان لە كۆتادا ناچارن مامەڵە لەگەڵ واقیعەكە بكەن و وڵاتانی ڕۆژئاواییش بە هیچ شێوەیەك ناتوانن ڕووبەڕووی دەنگی ملیۆنان خەڵك ببنەوە كە دەنگیان بۆ سەربەخۆیی داوە، بەڵام ئەوان نایانەوێ ببن بە ئەندازیاری سەرەكی لەتبوونی عێراق.

دیڤید پۆلۆك توێژەر لە پەیمانگەی واشنتن بۆ سیاسەتەكانی ڕۆژهەڵاتی نزیك ئاشكرای كرد، دراوسێكانی هەرێمی كوردستان لەمەودوا ڕۆژ دوای ڕۆژ بۆچوونەكانیان میانڕەوتر و ئاساییتر دەبێتەوە، دوای ئەنجامدانی ڕیفراندۆم، چونكە ئەوان هیچ بژاردەیەكی تریان لە بەردەمدا نییە بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ بابەتەكە، جیا لە داننان بە واقیعەكە.

لەلایەكی ترەوە مایكل ستیڤنس توێژەر لە پەیمانگەی توێژینەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست "ڕووسی قەتەر"ی بە ڕۆژنامەكەی ڕاگەیاندووە، وڵاتانی ڕۆژئاوا سەرجەمیان وڵاتی دیموكراتین، بە هیچ شێوەیەك ناتوانن دژی ئیرادە و دەنگی ملیۆنان كەس بوەستنەوە كە دەنگیان بۆ سەربەخۆیی و جیابوونەوە لە عێراق داوە، بەڵام ئەوان وریان و نایانەوێ كەس لە خۆیان بتۆرێنن و وەك ئەندازیاری سەرەكی دابەشبوونی عێراق مامەڵە بكەن.

دوێنێ دووشەم گەلی كوردستان لە پارێزگاكانی هەرێم و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان چوونە سەر سندووقەكانی دەنگدان و بڕیاریان بۆ دیاریكردنی مافی چارەی خۆنووسینی خۆیان دا، بەگوێرەی دوا زانیاریی كۆمسیۆن ڕێژەی بەشداری دەنگدەران لە ڕیفراندۆمی دوێنێ 72.16% بووە و چاوەڕوان دەكرێ، ئەمڕۆ سێشەم ئەنجامە بەرایییەكان ڕابگەیەنرێن.

تا ئێستە وڵاتی كەنەدا بە فەرمی ڕێزی لە ریفراندۆم و ئەنجامی ڕیفراندۆمەكە گرتووە، دوای ئەوەی شەوی ڕابردوو جەستن ترۆدۆی سەرۆك وەزیرانی كەنەدا ئاشكرای كرد، كەنەدا ڕێز لەو پرۆسەیە دەگرێ كە كوردەكان لە عێراق دەستیان پێ كردووە.



وشە - باز ئه‌حمه‌د