پێشمەرگەیەكی خەڵكی گوندی تەپەڕێزینەی سەر بە شارەدێی خورماڵ، دوای ئەوەی دوێنێ دووشەم لە ڕۆژی بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان، منداڵێكی لە دایك بوو، بۆ مانەوەی ئەو ڕۆژە پیرۆزە بە زیندوویەتی، باوكی ناوی نا "دەوڵەت".
سورێن محەمەد باوكی ئەو منداڵە تازە لەدایكبووە كە دوێنێ لە كاتی بەڕێوەچوونی پرۆسەی ڕیفراندۆم لە شاری كەركووك لە ئەركدا بووە، بۆ هەر ئەگەرێكی نەخوازراو لە شارەكە ڕوو بدات، بەڵام لە گوندەكەی خۆیان هاوسەرەكەی لەم ڕۆژەدا منداڵێكی بووە، ئەمەیش بە تەواوی خۆشحاڵی كردووە كە لەم ڕۆژە هەموو خەڵكی كوردستان شادی و كەیفخۆشی دەردەبڕن، ئەو جیا لەوە منداڵێكیشی بووە.
سورێن بە "وشە"ی ڕاگەیاند، بەهۆی لە دایكبوونی لەو ڕۆژە پیرۆزەدا ناوم لە منداڵەكەم نا "دەوڵەت" تا نەوەی داهاتوومان پیرۆزی و گەورەیی ئەو ڕۆژە مێژوویییە لە یاد نەكەن.
هەروەها گوتی، ئەو هەنگاوەی دوێنێ گەلی كوردستان گرتییە بەر زۆر پیرۆز و گرنگە، بە هیوام لە داهاتوویەكی نزیك دەوڵەتی سەربەخۆیی كوردستان ڕابگەیەنرێ و هەموومان پێی شاد بین و بگەین بە ئامانجی مەزنی گەلەكەمان، هەر لەو سۆنگەیەوەش ناوی منداڵەكەم كردووە بە "دەوڵەت".
ئەو پێشمەرگەیە كە یەكێكە لە پێشمەرگەكانی سكرتێری حزبی سۆسیال دیموكراتی كوردستان لە درێژەی قسەكانی بۆ "وشە" گوتی، دوای دەنگدان بەرەو كەركووك لەگەڵ محەمەدی حاجی مەحموود بەڕێ كەوتین، بۆ بەرگری لە شاری كەركووك و ئامادەبوون بۆ هەر ئەگەر و مەترسییەك كە دوژمن وەك كاردانەوە دژی كوردستان بیگرێتە بەر، بەڵام خۆشبەختانە هیچ ڕووی نەدا و پرۆسەكە بە تەواوی سەركەوتوو بوو.
خورمال/شەفیق بانیشاری.