كوێستان له‌تیف ژنه چالاكى كۆمه‌ڵى مه‌ده‌نى، راى ده‌گه‌یه‌نێت، ته‌نگژه‌كانى سیاسى و ئابوورى حاڵه‌ته‌كانى توندوتیژى زیاتر ده‌كات. ئه‌و له دیدارێكى "وشه"دا باس له‌وه ده‌كات كه رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى توندوتیژى پرۆسه‌یه‌كى درێژخایه‌نه و كاتى ده‌وێت، به‌ڵام ئه‌وه ناشارێته‌وه كه ئاین و داونه‌ریت هۆى توندوتیژین به‌رامبه‌ر ژنان.
* توندوتیژی چییه و چۆن مرۆڤێك ده‌بێت به كه‌سێكى توندوتیژ و شه‌ڕانگێز؟
هه‌ر هه‌ڵسوكه‌وتێك به‌رامبه‌ر به ره‌گه‌زى به‌رامبه‌ر بكرێت (ڕه‌گه‌زى نێر بێت یان مێ) و كاریگه‌رى خراپ له‌ڕووى ده‌روونى یان جه‌سته‌ى به‌جێ بهێڵێ له هه‌ر بوارێك له بواره‌كانى ژیان، پێناسه ده‌كرێت به‌توندوتیژى. توندوتیژى زۆر جۆرى هه‌یه، توندوتیژى جه‌سته‌یى و ده‌روونى و كولتوورى و توندوتیژیى سێكسى و توندوتیژى یاسایی و سیاسی و ئابوورى و ئاینى.
بێگومان مرۆڤ به‌بێ هۆ نابێت به كه‌سێكی توندوتیژ، به‌ڵكو زۆر هۆ هه‌ن مرۆڤى توندوتیژ به‌رهه‌م دێنن، له‌وانه هۆى ئابوورى، كولتووری، كۆمه‌ڵایه‌تى، سیاسی، ناڕۆشنبیرى، نه‌خوێنده‌وارى زۆر هۆى تر كه ده‌بنه به‌رهه‌مهێنه‌ری توندوتیژى. مرۆڤ له سه‌ره‌تاى دروستبوونییه‌وه بوونه‌وه‌رێكی كۆمه‌ڵایه‌تییه، كاتێك به‌هۆیه‌ك له هۆكاره‌كان به‌ریه‌ككه‌وتنى بۆ دروست ده‌بێت له‌گه‌ڵ تاك یان كۆمه‌ڵگه و تواناى مامه‌ڵه‌كردنێكى دروستى نابێت له‌گه‌ڵ ڕووداوه‌كان، زۆر كات ده‌بێته هۆى دروستبوونى توندوتیژیى.
* ئێمه ده‌زانین له‌گه‌ڵ دروستبوونی مرۆڤایه‌تیدا توندوتیژی سه‌ری هه‌ڵداوه. به‌ڵام ئایا به‌پێی گۆڕانی سیستمی سیاسی، ده‌سه‌ڵات له ناوچه‌یه‌كه‌وه بۆ ناوچه‌یه‌كی تر جیاوازى هه‌یه، ئه‌گه‌ر وایه له كوردستاندا چۆنی ده‌بینی؟
هه‌ر كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك نائارام بوو، واتا جه‌نگ و شه‌ڕ و ته‌نگژه‌ى ئابوورى ڕووی تێكردبێت، ژینگه‌یه‌كى له‌بارتره بۆ توندوتیژى و ئه‌و حاڵه‌ته به هه‌موو جۆره‌كانیه‌وه زیاتر ده‌بێت، واتا توندوتیژی به‌ڕێژه‌یه‌كى زیاتر له‌و كۆمه‌ڵگه‌یانه گه‌شه ده‌كات كه ناجێگیرن له‌ڕووى ئابوورى و سیاسی، توندوتیژى دیارده‌یه‌كه له سه‌رتاسه‌رى دنیادا بوونى هه‌یه، به‌ڵام به فۆڕمى جیاجیاوه به‌پێی كۆمه‌ڵگه‌كان ده‌گۆڕێ.
كۆمه‌ڵگه‌ى كوردى وه‌ك كۆمه‌ڵگه‌كانی تر‌ى دنیا به‌ده‌ر نییه له بوونى توندوتیژیى، له كۆمه‌ڵگه‌ى كوردیدا زۆر شێوازى توندوتیژى سه‌ری هه‌ڵداوه، به‌ڵام هه‌ندى له‌و توندوتیژییانه بۆ نموونه وه‌ك ژنكوشتن به ناوى شه‌ره‌فه‌وه، ئه‌مه له كولتوورى كۆنى كوردیدا نه‌بووه، ئه‌مه له میله‌تانى دراوسێوه هاتووه‌ته ناو كورد، ئێسته كۆمه‌ڵگه‌ى كوردى كرانه‌وه‌یه‌كى به خۆیه‌وه بینیوه، ئه‌گه‌ر له ئاستى پێویستیشدا نه‌بێ، به‌ڵام تیشكێك هه‌ر خراوه‌ته سه‌ر ئه‌و بابه‌تانه و په‌رده له‌سه‌ر زۆر توندوتیژى لادراوه و هه‌وڵیش دراوه له‌لایه‌ن ڕێكخراوه‌كانمانه‌وه توندوتیژى كه‌م بكرێته‌وه، به‌ڵام تا ئێسته هه‌ر بوونى هه‌یه و بنبڕ نه‌كراوه، چونكه چاره‌سه‌ركردنى توندوتیژى پرۆسه‌یه‌كى درێژخایه‌نه‌وه و كاتێ ده‌وێت.
*ئایا ئاین رێگه‌خۆشكه‌ره بۆ ئه‌وه‌ی ژن له‌سه‌ر نامووس و شه‌ره‌ف بێته كوشتن؟
ئاین بۆ ڕێكخستنى ژیانى تاكه‌كانه، به‌ڵام كاتێك ئاین به‌شێوه‌یه‌كى نه‌رێنی شی ده‌كرێته‌وه كاریگه‌رى خراپ دروست ده‌كات، زۆر به‌داخه‌وه شیكردنه‌وه‌ی خراپ بۆ ئاین یه‌كێكه له هۆكاره‌كانى توندتیژى یان ڕێگه‌خوشكه‌ره بۆ دروستبوونى توندوتیژى، له‌م ساڵانه‌ى دواییدا بینیمان به ناوى ئاینه‌وه داعش چی به ژنانى ئێزیدى كرد، چونكه له ئایندا هاتووه: له كاتى داگیركردن واتا (غزو) شوێنێك كه هى مسوڵمان نه‌بێت، ئه‌وا ده‌كرێت ژنه‌كان وه‌ك كه‌نیزه‌ك ببردرێن.
به‌ڵام دیارده‌ى كوشتنى ژن به ناوى نامووس و شه‌ره‌فه‌وه دیارده‌یه‌كه له كۆمه‌ڵگه‌كانى تره‌وه هاتووه‌ته ناو كۆمه‌ڵگه‌ى كوردى، له كولتوورى عه‌ره‌ب و دوورگه‌ى عه‌ره‌بییه‌وه به‌هۆى سه‌پاندنى ئاینه‌وه هاتووه.
* پێت وایه داونه‌ریت، یا ئاین كامیان به‌رپرسیارن له بوونى توندوتیژى به‌رامبه‌ر ژنان؟
ئاین و هه‌ندێ له داونه‌ریتی خراپ، هه‌ردووكیان به هێڵێكى هاوته‌ریب به‌رپرسن له توندوتیژى به‌رامبه‌ر ژن، هه‌ردووكیان هاوشانى یه‌ك ده‌ڕۆن، زۆربه‌ى داونه‌ریته‌كان له ئاینه‌كانه‌وه وه‌رگیراون.
وشه/ سلێمانى- سه‌ركه‌وت نه‌جات