مانگانه‌ نۆ هه‌زار ئاژه‌ڵ له‌ هه‌رێمى كوردستان ده‌خورێت


مانگانه‌ ژماره‌یه‌كى زۆر ئاژه‌ڵ بۆ هه‌رێمى كوردستان ده‌هێنرێن و به‌شێكى گۆشتى سوور بۆ هاووڵاتییانى هه‌رێمى كوردستان پڕ ده‌كاته‌وه‌، به‌رپرسانى هه‌رێمى كوردستانیش ئاشكراى ده‌كه‌ن كه‌ رێژه‌ى 70%ی به‌رهه‌مى گۆشتى سوور له‌ ناوخۆى كوردستان دابین ده‌كرێت.

شێخ كاوه‌ سابیر یه‌كێك له‌ گۆشتفرۆشه‌كانى شارى هه‌ولێر، ڕۆژانه‌ له‌ به‌ره‌به‌یاندا دوو ئاژه‌ڵى بچووك و سێ كه‌لاشى ڕه‌شه‌وڵاخ له‌ دووكانه‌كه‌ى هه‌ڵده‌واسێت بۆ فرۆشتن. ئاشكراى ده‌كات كه‌ گۆشتى ڕه‌شه‌وڵاخى ده‌ره‌وه‌ باشتر ده‌فرۆشێت و سه‌رنجڕاكێشتره‌ بۆ كڕیارانى.
ئه‌و گۆشتفرۆشه‌ بۆ "وشه‌" ده‌ڵێ، "ڕه‌شه‌وڵاخى چیك كه‌ گۆشتێكى زۆرى هه‌یه‌ و ئێسك و چه‌ورى كه‌مى هه‌یه‌، باشترین گۆشتى بازاڕه‌، زۆرێك له‌ هاووڵاتییان ئێسته‌ به‌دواى گۆشتى سوور بۆ تكه‌ و كه‌باب ده‌گه‌ڕێن و گۆشتى ره‌شه‌وڵاخى چیك بۆ ئه‌وه‌ خواستى زۆرى له‌سه‌ره‌".

زیاتر ده‌ڵێ، "ئاژه‌ڵى خۆماڵى زۆر لاوازه‌ و هه‌ندێك جار به‌ كه‌ڵكى سه‌ربڕین نایه‌ت، چونكه‌ ئێسكێكى زۆر و گۆشتێكى كه‌مى هه‌یه‌، زۆرجاریش به‌هۆى زۆرى ته‌مه‌نییه‌وه‌ كێشه‌ له‌ كاتى كوڵاندنیدا دروست ده‌كات".

دكتۆر كاروان سه‌مه‌د پزیشكى ڤێتێرنه‌رى ئاژه‌ڵى ئاشكراى ده‌كات هه‌رێمى كوردستان ساڵانه‌ پێویستى به‌ 120 هه‌زار ئاژه‌ڵ هه‌یه‌، تا پێداویستى گۆشتى سوور دابین بكات و جگه‌ له‌ سه‌ربڕینى نافه‌رمى كه‌ پێشبینى ده‌كرێت ساڵانه‌ نزیكه‌ى 20 هه‌زار ئاژه‌ڵیش به‌بێ چاودێرى حكوومه‌ت بێنه‌ سه‌ربڕین.

ئه‌و بۆ "وشه‌" ده‌ڵێ، "ئه‌و گۆشته‌ى له‌ بازاڕه‌كانه‌ چه‌ند جۆرێكن، به‌شێكیان ئاژه‌ڵى خۆماڵین و به‌شێكى ئاژه‌ڵى وڵاتانى بیانین، هاووڵاتییان له‌كاتى كڕین هه‌ستى پێ ناكه‌ن، به‌ڵام له‌كاتى لێنانى به‌ئاسانى هه‌ست به‌ بۆن و تامى ده‌كرێت كه‌ جیاوازه‌ و وه‌ك گۆشتى خۆمان و ناوچه‌كه‌ تامى نییه‌".

زیاتر ده‌ڵێ، "خه‌ڵكى كوردستان هێنده‌ گۆشتى ئاژه‌ڵى به‌ڕازیلى و چیكى و ئۆكڕانى خواردووه‌، تامى گۆشتى لێ تێكچووه‌ و جگه‌ له‌ زیانه‌كانى ئه‌و ئاژه‌ڵانه‌ كه‌ نازانرێت چۆن په‌روه‌رده‌ى خواردن كراوه‌ كه‌ زۆرجار كێشه‌ى هه‌یه‌".

دكتۆر جه‌مال شوكر به‌ڕێوه‌به‌رى گشتیى كه‌ره‌نتینى ئاژه‌ڵان له‌ وه‌زاره‌تى كشتوكاڵ ئاشكراى ده‌كات، به‌شێكى زۆرى به‌رهه‌مى گۆشت له‌ڕێى ئاژه‌ڵى ناوخۆ دابین ده‌كرێت به‌ جۆرێك له‌ 70%ى پێویستى بازاڕى ناوخۆ بۆ گۆشتى سوور، له‌ ئاژه‌ڵى خۆماڵییه‌وه‌ دابین ده‌كرێت، ئه‌وه‌ى ده‌مێنێته‌وه‌ له‌ وڵاتانى تر بۆ هه‌رێمى كوردستان هاورده‌ ده‌كرێت.

به‌ڕێوه‌به‌رى گشتیى كه‌ره‌نتینى ئاژه‌ڵان له‌ وه‌زاره‌تى كشتوكاڵ بۆ "وشه‌"ده‌ڵێ، "مانگانه‌ به‌ته‌واوى شار و شارۆكه‌كانى هه‌رێمى كوردستان، نزیكه‌ى شه‌ش هه‌زار و 500 ئاژه‌ڵى گه‌وره‌ له‌ جۆرى ڕه‌شه‌وڵاخ و دوو هه‌زار و 500 ئاژه‌ڵى بچووك بۆ گۆشتى سوور سه‌ر ده‌بڕێن، بۆیه‌ به‌تێكڕاى مانگانه‌ نۆ هه‌زار ئاژه‌ڵ له‌ سه‌ربڕخانه‌كان بۆ خواردن ئاماده‌ ده‌كرێن".

زیاتر ده‌ڵێ، "هاتنى ئاژه‌ڵى ده‌ره‌كى بۆ هه‌رێمى كوردستان نایه‌ته‌ شاردنه‌وه‌ كه‌ پێویستییه‌كانى بازاڕى ئێمه‌ بۆ گۆشتى سوور، %30ـى به‌رهه‌مى ده‌ره‌كى پڕى ده‌كاته‌وه‌ كه‌ پێك هاتووه‌ له‌ ئاژه‌ڵى هاورده‌كراو له‌ وڵاتانى به‌ڕازیل و ئۆكرانیا و چیك و چه‌ند وڵاتێكى تر، ئه‌وه‌ش نایه‌ته‌ شاردنه‌وه‌ كه‌ به‌نهێنیش هه‌ندێك ئاژه‌ڵ دێنه‌ سه‌ربڕین".

غه‌ریب پێنجوێنى جێگرى سه‌رۆكى لیژنه‌ى كشتوكاڵ و ئاودێرى له‌ په‌رله‌مان كوردستان چۆڵبوونى گونده‌كان به‌ هۆكارى یه‌كه‌مى كه‌مبوونه‌وه‌ى سامانى ئاژه‌ڵ له‌ هه‌رێمى كوردستان داده‌نێت.

پێنجوێنى به‌ "وشه‌" ده‌ڵێ، "كێشه‌ى ئاژه‌ڵدارى له‌ هه‌رێمى كوردستان به‌هۆى چۆڵبوونى گونده‌كانه‌وه‌یه‌، پێویسته‌ كارى زۆرى تێدا بكرێت بۆ ئه‌وه‌ى سامانى ئاژه‌ڵ په‌ره‌ى پێ بدرێت و بوارى ئاژه‌ڵدارى به‌رفره‌وان بكرێت".


وشە - رامیار جەواد


AM:10:40:26/09/2017




ئه‌م بابه‌ته 1439 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌