ریال مەدرید خۆی بۆ نوێكردنەوەی گرێبەستەكەی ئەسینسیۆ ئامادە كردووە

:: AM:10:54:26/09/2017 ‌

یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی ئامادەكاری تەواوی كردووە بۆ راگەیاندنی نوێكردنەوەی گرێبەستی ئەستێرە لاوەكەی ماركۆ ئەسینسیۆ بۆ ئەوەی مانەوەی لە ریزی یانەكەدا بۆ ماوەیەكی درێژ مسۆگەر بكات.

رۆژنامەی (ئاس)ی ئیسپانی بڵاوی كردەوە: یانەی ریال مەدرید لەسەر سەرجەم خاڵەكانی نوێكردنەوەی گرێبەستەكەی ئەسینسیۆ رێككەوتووە و راگەیاندنەكەش دوای یارییەكەی ئەمڕۆ بەرامبەر یانەی بڕووسیا دۆرتمۆندی ئەڵمانی لە خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا دەبێت.

رۆژنامەكە زانیاری لەسەر گرێبەستە نوێیەكەی ئەسینسیۆ بڵاو كردەوە كە لە 2020 وە بۆ 2023 درێژ كراوەتەوە لەگەڵ بەرزكردنەوەی بەهای هەڵوەشاندنەوەكەی بۆ 700 ملیۆن یۆرۆ، ئەمەش بۆ ئەوەیە پارێزگاری لێ بكات بەرامبەر سەرجەم یانە گەورەكانی ئەوروپا.

بەمەش ئەسینسیۆ دەچێتە ریزی ئەو یاریزانانەی كە یانەی ریال مەدرید بەم دواییە گرێبەستەكانی لەگەڵیاندا نوێ كردووەتەوە كە ئەوانیش برێتین لە كەریم بەنزیما، لۆرێنتی، مارسێلۆ و كارڤاخال.

ئەسینسیۆ ئێستا گۆڵكاری یانەی ریال مەدریدە لە وەرزی نوێی خولەكاندا بە تۆماركردنی 4 گۆڵ كە 2 گۆڵیان لە خولی ئیسپانیا بووە و 2 گۆڵەكەی تریش لە جامی سوپەری ئیسپانیا بووە.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م